پەروەردەوگرنگیدان بە مافەکانی منداڵان

رەووف محەمەد ئالانی
دانانی بەردی بناغەی هەمووکایەکانی ژیان پەروەردەیە، هەرکات ئەو بناغەوبنچینەیە بەباشی دانرا، بێگومان ئەگەر دیوارەکەشی چەند بەردێکی ناڕێک بوون ئەوەندە کەریگەری نەرێنی نابێت، دەتوانرێت بەئاسانی چاکبکرێت وڕێکبکرێتەوە، پەروەردەش بۆژیانی کۆمەڵگە بەوجۆرەیە، وەک بناغەکە وەهایە، جا ئەگەربناغەکە باش چەسپاوبوو، وەستای کارامەش دیوارەکەی دانا بوو، ئەوە هیچ مەترسیەکی نابێ ولەهەموو ڕویەکەوە، جێی دڵنیایی دەبێت، لەم نموونەیەدا مەبەستمە دیوارەکە بە فەلسەفە وپرۆسەی پەروەردە بچوێنم ووەستاکەش مامۆستایە، دەکرێ بەردوچیمەنتۆوئەوانی تر بەهۆکارەکانی ناو پرۆسەی پەروەردە دیاری بکەین، وەک کتێب وپێنووس وتیانووس وئەوانی تر.
هەر یەکیک لە هۆکارەکانی دروستکردنی خانوویان بینا بایەخی تایبەت بەخۆی هەیە، بەڵام وەستای باش ئەوە دیاریدەکات کە کام کەرەستەیە باش وگونجاوە بۆ کارەکەی ئەو، وشەی مامۆستاش هەر لەهەمان رۆڵ وپێگەکەیەوە، ئەو ناوەی بەباڵا بڕاوە، هەم مام بێت بۆ مناڵان وهەم ئەو وەستایەش بێت کە باسمکرد.
کەواتە ئەو مرۆڤە مەزنەی دەبێتە نەخشەکێش ودروستکاری ئاییندەی نەوەکانی داهاتوو، مامۆستای باشە.
ماف بۆ مرۆڤ بەگشتی دابینکردن ودەستەبەرکردنی پیویستەکانی مادی ومەعنەویە، بەشێوەیەکی گشتی.
دابینکردنی ماف بۆ مناڵان هەر بەشێوەیەکی سەرزارەکی نابێت، پێویستە زۆربەوردی هەنگاوی بۆ بنرێت و کاری لەسەر بکرێت، چونکە گەورە خۆی هەوڵی بەدەستهێنانی مافەکانی دەدات، تا ئەوکاتەی دەتوانێت، بەڵام مناڵ دەبێ ئەو مافانەی بۆ بەدیبێت وڕابهێنرێت لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ خۆی ودەوروبەر، ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ پرۆسەی پەروەردە، چونکە مناڵان بەپێی تەمەنیان خواستەکانیان جیاوازە، مناڵی بچووک وساوا، هەرچی بەرچاوی بکەوێت داوای دەکات وبەهی خۆی دەزانێت، زۆرجار ووڕک دەگرێت لە ناومارکیت وبازاڕداوای زۆرلەوکەلوپەلانە دەکات کە بەرچاوی دەکەون.
لەناوپرۆسەی پەروەردەدا پێویستە ماف بۆ مناڵان دیاری بکرێت، جگە لەمانە پێویستە مامۆستا ماماڵەی مرۆڤدۆستانە بەهەست وسۆزوخۆشەویستیەوە لەگەڵیان بکات، مناڵان کاتێ لەناوقوتابخانەوخوێندنگەن، هەست بەئارامی بکەن، جگە لەو پلانەی کەناوی فێربوونە بەشێوازی هاوچەرخ وسەردەمیانە بۆیان دابنرێت.
ئەو مافانەش بریتین لە دابینکردنی هەموو پێویستیەکانی خوێندن لە قوتابخانەوخوێندنگە ومامۆستا وپڕۆگرام.
 بەڕوونی  لەسەرمافی مناڵان ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، ئاماژەی بەمافەکانی مناڵانداوەودەڵێت: (مناڵان تەمەنیان هەرچەندێک بێت، هەموویان وەک مرۆڤی گەورەوئاسایی مافیان هەیە، ئەوەش مافی دەربڕینی بیروڕاوبۆچوون ومافی یەکسانی ومافی تەندروستی و پەروەردە، دەگرێتەوە).
کاتێ ماف بۆ مناڵان دیاری دەکرێت واتە بینینی ئایندەو ژیانێکی باشتربۆ نەوەکانی داهاتوو بنیاتبنرێت.
(نیکۆلاس سپارکس) دەڵێت:( هیچ شتێک ناتوانێت شێوازی ژیان بگۆڕێت تەنها لە بوونی گۆڕانکاری لەمنداڵدا نەبێت).
لای زۆربەی گەلانی پێشکەوتووی جیهان لەرێگەی پێدانی ماف بەمنداڵان، ژیانی کۆمەڵگەکەیان گۆڕیوە بەرەوئاقاری خۆشبەختی وکامەرانی ودادوەری، فەیلەسوفی ناودار، فرێدریک نیتچە (١٨٤٤-۱۹۰۰)لەم بارەوە وتوێتی(بۆ ژن، پیاو ئامرازە، بەڵام کۆتایی ئامانج هەمیشە منداڵە).
ڕۆژی جیهانی منداڵان لە ساڵی 1954 وەک بۆنەیەکی جیهانی ڕاگەیەندرا کە هەموو ساڵێک لە 20ی تشرینی دووەمدا بەڕێوەدەچێت بۆ بەرەوپێشبردنی وابەستەیی نێودەوڵەتی و هۆشیارکردنەوە لەسەرئەوبڕیاروڕاسپاردانەی تایبەت بەمافەکانی مناڵان پەسەندکراون.
هەروەها پاش ئەوە واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی مافی منداڵان لە ٢٠ی تشرینی دووەمی ساڵی١٩٨٩ لەلایەن ١٩٢ وڵاتەوە، بە ڕۆژی جیهانی منداڵان ناسرا.
لەدوای ئەوواژۆکردنە ساڵانە ئەوڕۆژە بەرزڕادەگیرێت وئاهەنگوبۆنەی بۆڕێکدەخەن.
لەوانەیە تۆی خوێنەری ئەم وتارە لەدڵی خۆتدا بڵێی  تۆی نوسەر لەگوێی گادا نوستووی بۆ لێرە گەورەکان مافیان هەیە تا بۆمناڵان ماف دابین بکرێت؟
بەڵێ دەزانم گەورەکان مافەکانیان پێشێلکراوەوخراوەتە ‌قوڕگی شێرونەهەنگەوە، بەڵام ناکرێ مناڵانیش وەک ئێستای ئێمە بژین ودواڕۆژیان بە تونێلێکی تاریک ونادیاری وەک توونی بابا بسپێرین.
مرۆڤ خەون وخەیاڵ وخولیای بۆ دەرباز بوون وگەیشتنە بە ئارامی وژیانی شایستە، ئەگەربۆ ئەوئامانجە خەبات بکەین وبناغەکە دەابنێین بێگومان پێی دەگەین، ئەویش بەو وەستا کاراماییەی پێشتر ئاماژەمان بۆکرد دێتەدی کە مامۆستایانی دڵسۆزوخەمخۆروخاوەن پلانی جوانی ژیانی دواڕۆژن.
کاتێ مناڵان مافیان پێدراوڕاهێنران لەسەرداکۆکیکردن وبەرگریکردن لەمافەکانیان، لەداهاتووشدا مرۆڤی خاوەن ڕێزوشکۆمەند دەردەچن بۆ مافی ئەوانی تر، ئەوکات مافەکان پۆلێن دەکەن بۆمافی کۆمەڵایەتی ومافی ئابوری وڕۆشنبیری، بەدڵنیایی کاتێک تاک ئەو وشیاریەی هەبوو لەسەرمافەکان، رەنگدانەوەی لەسەر خودوکۆمەڵ دەبێت.
دەکرێ مافەکان پۆڵێن بکەین بۆمافە سەرەکیەکان، مافی پاراستنی کەسی وئازادیەکان ومافە کۆمەڵایەتی ومافە ئابووریەکان.
ئەوەی ماوەوجێی بایەخ پێدانە وزۆرگرنگە لە ئاکام وئامانجدا دەبێتە ئاسۆی بینینی هەموومان، ئەویش مافی ژیانی شایستەیە، کە ئەمانە دەگرێتەوە:
( مافی ئازادی، مافی یەکسانی، مافی دادپەروەری، مافی تاک بۆ دادگاییکردنی دادپەروەرانە، مافی پاراستن لە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات، مافی پاراستن لە ئەشکەنجەدان، مافی تاک بۆ پاراستنی پێگەوناوبانگ).
بەهیوام وەزارەتی پەروەردە گرنگی بەمافەکانی منداڵان بدات و بیکاتە خاڵی وەرچەرخان لە ناوپرۆسەی فێربووندا.

02/05/2023



وتارەکانی تری نوسەر