پەروەردە وگیانی بەرپرسیارێتی

رەووف محەمەد ئالانی

(لە ڕاستیدا زۆربەی خەڵک ئازادییان ناوێت، چونکە ئازادی بەرپرسیارێتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت و خەڵکیش لە بەرپرسیارێتی دەترسن- فرۆید)

بەرپرسیارێتی بەواتای لەئەستۆگرتنی ئەرک بەدڵسۆزی و ئەنجامدانی وگەیشتن بەمەبەست وئاکامێکی بەرهەمدار. لە ژێر ڕۆشنایی ئەو پێشکەوتنە گەورەیەی کە جیهان پێی شادبووە وهەموو دەرگاکان لەسەرپشتن بۆگەیشتن وبینینی ئەوانەی مرۆڤەکان دەیخوازن ومەبەستیانە بەدەستی بێنن، پەروەردە بووەتە سەکۆی گەیشتن بەوخواستانەی مرۆڤایەتی لە بوارەکانی (ئاشتی، ئارامی، ئازادیەکان، خۆشنوودی، خۆشەویستی، ڕێزگرتن ....هتد)ئەمانە هەروا ئاسان وساکاربەدەست نایەن، بەڵكوهەوڵوماندوبون وپلانی زانستی گەرەکە، کە کارلەسەر فەلسەفەی پەروەردە بکرێت وبەشێوازێکی نوێ وهاوچەرخانە وسرەدەمیانە دابڕێژرێت، ئەم کاروپلانە گەورەیە خۆی لەخۆیدا گەورەترین بەرپرسیارێتیە، بەداخەوە کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتیەکان لەم بەرپرسیارێتیە گرنگ وپڕبایەخە بێبەشکراوون، بەهۆی وابەستە بوون وگرفتە کارگێڕی وڕامیاری وئابوورییەکان، کەئەمانەش لەژێردەسەڵات وچنگی لایەن وگروپ ودەستەوتاقمە خۆخوازە پاوانکارەکاندان، ناهێڵن هیچ پلانێک بچێتە سەرسکەی ڕاستی خۆی تائامانج ومەبەستی ئاوان لەبەرچاونەگیرێت.

هەرکۆمەڵگەیەک پەروەردەی باشی نەبێت، وەک جەستەیەکی نەخۆش وایە بێ دەرمان، کەدیارە نەخۆش چارەسەرنەکرێت دەمرێت یان لاوازوبێتین وتاودەبێت وهیچ کارێکی پێناکرێت، بەڵام ئەگەر جەستە تەندروست بێت، پێویستی بە دەرمان وچارەسەرنیە، هەربۆیە هەموونەتەوەیەک لە ڕێگەی پەروەردەی باش وهاوچەرخ نەتەوەیەکی تەندروست وئازادی لیدەردەچێت.

بەرپرسیارێتی لە کاروکردەوەی تاکدا لە چەند لایەنێکدا دەردەکەوێت، بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی تاک لە چاودێریکردنی دایک و باوک و منداڵ و ئەو کەسانەدا دەردەکەوێت کە پێویستیان بە پاڵپشتی هەیە لە ناو کۆمەڵگەی خۆیدا، وەک منداڵی بێ باوک و هەژار و بەساڵاچوو ونەخۆش و ئەوانی تر.

 لە کاتێکدا بەرپرسیارێتی تاک  بەرپرسیارێتی پیشەییە لە پابەندبوونی بەو ئەرکەی پێی سپێردراوە یان خۆی هەڵیبژاردوە، وەک ئەنجامدانی دڵسۆزی وخەمخۆری بەمەبەستی گەیشتن بەو ئامانجانەی کە پێویستن، ئەوەش بە پەرۆشی و بەڕێوەبردنی کارەکان بە شێوەیەک کە پێشکەوتن و گەشەسەندنیان مسۆگەر بکات، بەرپرسیارێتی دوولایەنی هەیە، یان خودی کە دەگەڕێنەوە بۆتاک، یان گشتی ئەوانیش ئەرکی تاکە بەرامبەرهەمووان یان بۆخزمەتی کایەی گشتی دەبێت.جۆرەکانی بەرپرسیارێتی کە تاکەکان پێی هەڵدەستن بەڵام لەئاکامدا، هەمووان سوودی لێدەبینن، کە دەکرێت لەم خاڵانەدا کورتبکرێنەوە:

١-ڕێکوپێکردنی کەل وپەل جل و بەرگ(پاکوخاوێنی وڕێکپۆشی)
٢-ڕێزگرتن لە گەورەکان ویارمەتیدانی بچووکەکان 
٣-پارستن و پاک ڕاگرتنی ژینگە
٤-خۆشەویستی وهەست وسۆز بۆمرۆڤ وگیانەوەرانی تر
٥-گرنگیدان بەپاراستنی کەلوپەل وپێویستیەکان، لەماڵ وشوێنەگشتیەکاندا

لە کۆندا چەمکی پەروەردە وبەرپرسیارێتی بەهەڵە شیکردنەوەی بۆکرابوو، وابەستەی لێدان وسزادان وفەرمان کردن بوو، بەڵام ئەوە لە لایەن پەروەردەکاران و شارەزایانی بواری دەروونی بووبەمێژوویەکی تاڵ وکۆتایی پێهات.

پرسیار لە حەکیمێک کرا دەربارەی پەروەردەکردن و ئامادەکردنی منداڵ لە کۆمەڵگەو چۆنیەتی پەروەردەکردنی منداڵ
حەکیم لەووڵامدا وتی: (من کوڕەکەم لە پێناو گەلەکەمدا پەروەردە دەکەم، پەروەردەکردنی کوڕەکەشم لە ئەستۆی هەمووانە) ئەمە ئەگەر شتێک هەبێت، تەنها ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کە چەمکی پەروەردە، گەورە و گشتگیرە.

بۆیە بەرپرسیارێتی پەروەردە لە ئەستۆی هەموو ئەندامانی کۆمەڵگەیە، لە گەورەترینەوە تا نزمترین، چ بچووک و گەورە، بەرپرسیارێتی دایکە لە ماڵەوە، باوک لە ناوخێزان، مامۆستا لە قوتابخانەکەی، هاوڵاتی لە کارەکانی، پیاوانی هێزی چەکدار لە پۆستەکەیاندا، ڕۆژنامەنووس لە ڕۆژنامەکەیدا، بانگخواز لە مینبەرەکەیدا، نووسەر لە نوسینەکانیدا، بازرگان لە کڕین و فرۆشتنیدا، پزیشک لە نەخۆشخانەکەی و مامۆستا لە قوتابخانەکەیدا.

بۆئەم هەستە گەورەیەی بەرپرسیارێتی (نیتچە) وتوێتی:(ئازادی ئەو خواستەیە کە بەرپرسیاربین بەرامبەر بە خۆمان).

 قوتابخانەکان وخوێندنگەکان بەزیندان دەناسرێن، دەبێ بزانرێت ئەم هەستە لەکوێوە سەرچاوەی گرتوە؟ کە هەوای پەروەردەی تێدا نیە، بۆچی؟ چونکە ترس ونائارامی بەها و ڕەوشتی بەرزوون دەکات، بەڵام جیاوازی ئەمە کە پەروەردەی باشە بینایەکی بەرزە کە ڕۆحەکان پڕ دەکات لە متمانە و سەربەخۆیی، توانای دروستکردن و بنیاتنانی نەوەی سەرکردایەتی هۆشیاری هەیە کە توانای هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی هەبێت، وەک هەمووتاکێک بڕی پێویست پەروەردە وەردەگرێت، بە تیۆری و پراکتیکیشەوە، بۆیە دەبێت مامۆستا ئاگاداری ڕۆڵی خۆی بێت، نەک پەروەردە، بەڵکو پەروەردەکردن پێش پەروەردە دێت، هەرلەبەر ئەوەیە، زانست و فێربوون هیچ سوودێکی نییە بەبێ پەروەردە.
جوانترین شتەکان کە باس لە وەرگرتنی بەرپرسیارێتی کراوە بریتین لە دەستەواژە و وشەی نووسراو و وێنە، بەرپرسیارێتی شتێکە کە پێویستە فێری ببێت و لە ڕۆحی منداڵەکاندا بچێنرێت بۆ ئەوەی بتوانن پەروەردەیەکی دروستیان هەبێت، هەموومان بتوانین بۆ سوڕاندنی چەرخی پێشکەوتن لە وڵاتی خۆمان و دامەزراندن وگۆڕانکاری لەسەر ئاستی کەسی و کۆمەڵایەتی بۆ ئەوەی بتوانین بە خەونەکانمان بگەین و بەرپرسیارێتی بەرزکردنەوەی پێگەی نیشتمانمان هەڵبگرین و بەرپرسیاربین.

وتارەکەم بەوتەیەکی (ئاندریە مۆرۆ)کۆتایی دەهێنم کە دەڵێت:( ئازادی و بەرپرسیارێتی دوانەن، ئەگەر یەکێکیان لە یەکێکی تر جیا بکرایەتەوە، هەموویان دەمرن).

12/10/2023



وتارەکانی تری نوسەر