بایکۆتی خوێندن، ڕووەونەمانی متمانە

رەووف محەمەد ئالانی
وابۆسێ مانگ دەچێت لەدوای وادەی کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان وخوێندنگەکان، بۆدەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندنی ساڵی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ بەڵام لەبەردواکەوتنی موچە ی مامۆستایان.

لەسنوری پارێزگاکانی سلێمانی وهەڵەبجەوئیدارەکانی گەرمیان وڕاپەڕین، بەدەرلەبایکۆتی خوێندن ناوە ناوە، ممۆستایان خۆپیشاندان وناڕەزایی دەکەن، بۆ گەیشتن بەمافەکانیان.

لەم ماوەیەدا بەرپەرسانی پەروەردە بەچەندین جۆرڕاستەوخووناڕاستەوخۆداواکاریان ئاراستەی توێژی مامۆستایان کردوە، بۆکۆتایی هێنان بەبایکۆت ودەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن وگەڕانەوە بۆ هۆڵەکانی خوێندن، ئەوداواکاریانە بەهەردووجۆربووە، یان وەک هاندان یان وەک هەڕەشەوفشاربەکارهێنراون، بەهیچکام لەمانە مامۆستایان ڕەزامەند نەبوون، بگرە توندترومکۆمتروەڵامی لایەنە پەیوەندیدارەکانیان داوەتەوە.

ئەوەی جێی سەرنج وتێبینی ومایەی سەرسوڕمانی هەمووانە، لەم هەرێمەی کە تائێستا لەبەشێکی زۆری بایکۆتی پرۆسەی خوێندن تێیدا کراوە، هیچ بەرپرسێکی حکومی وحیزبی نەهاتوون بەمەبەستی چارەسەرکردن وگوێگرتن لەمامۆستایان هەنگاوبنێن تاوەک خەمخۆروهەستکردن بەبەرپرسیارێتی نوێنەرانی مامۆستایان ببینن، یان بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکانیان بدەن.

ئەوەی تائێستاباسمان لێوەکردوە، تەنها ڕووکەش وڕووکاری بابەتەکەیە، دەمەوێ خاڵ بخەمە سەرپیت وئاماژەکانم ئاراستەی لایەنێکی گرنگ وپڕبایەخی بایکۆت بکەم کەئەویش نەمانی متمانەیە، لەنیوان حکومەت ومامۆستایان ونەوەکانی داهاتوومان.

جارێ پێویستە بزانین متمانە چیە وبۆ گرنگە؟ ئەگەرمتمانە نەمێمنێ چی ڕوودەدات؟ 

متمانە بریتیە لە حاڵەتی دڵنیابوون لە خوودوبەرامبەروئەوانیتر،کاتێک دڵنیا بوون بەدیدێت هەستێکی بەرزی ژیاندۆستی ودڵسۆزی دروست دەبێت.

بەڵام ئەگەرمتمانە نەماودیواری دڵنیابوون درزی تێکەوت، بەرگەی مانەوەناگرێت وبێ چەندوچوون ئەودیوارەی سەقفێکی لەسەردانراوە، لەگەڵ ڕووخانی دیوارەکە ئەویش دەڕوخێت، ئیترهەرکەس وشتێک لەناوئەوچوارچێوەیەدابێت کەناوی دیوارەکەیە لەناودەچێت، جامرۆڤ بێت یان گیانەوەریان کەلوپەل بێت.

بەڕای زۆربەی نوسەران وپسپۆڕانی بواری کۆماڵناسی، متمانە ووزەوبەخش وداهێنان ودڵسۆزی ودڵنیابوونە.

بەتایبەت لەناوپرۆسەی پەروەردەدا متمانە بەپلان کاری بۆدەکرێت، بەڵام لەودەوڵەت وووڵات وشوێنانەی ژیان وئایندەبنیات دەنێن، نەک ئەوشوێنانەی پرۆسەی پەروەردەیان خستۆتە پەراوێزی هەموو کایەوسێکتەرەکانیترەوە.

کارکردن وچاندنی تۆوی متمانە لەگەڵ ئەوەی بە پلان وبەرنامە دەکرێت، بەڵام لەپەروەردەدا پێویستە بەپڕاکتیکی ڕەنگبداتەوە ولەناوفەلسەفەی پەروەردەی هەرووڵاتێک بەجوانترین شێوە بەئامانج بگیرێت.

ئەوەش گەورەیی ئەوسیستمە دەخاتەڕوو، دیارە کێ دەبێتە هەوێنی داهێنانی ئەوسیستمە گونجاوەی پەروەردە، ئەویش کەسانی گەورەوبەئەزموونی بواری پەروەردەن، کە دەبنە مەشخەڵی ڕوناککەرەوەی ژیان بۆکۆمەڵگەکەیان، بەتایبەت دروستکردنی متمانە بەخوودوبەئەوانیتر، بەتایبەتترلای مناڵان ونەوەی ئایندە، لەخۆڕانیە، پیرەمێردی گەورەوبیرفراوانی کورد ووتوێتی:

گەورە ئەوەیە، شێوەی شەمعی بێ
بۆخۆی بسوتێ ونەفعی جەمعی بێ

بەڵام لەم دۆخە ئاڵۆزەی هەرێمی کوردستان، کە حکومەتی هەرێم نەیتوانیوە بەباشی ئاوڕلەپرۆسەی پەروەردە بداتەوەولەبەرخراپی ژیانی مامۆستایان ونەدانی موچەومافەکانیان،  بایکۆتی پرۆسەی خوێندن لەوناوچانەی ئاماژەمان بۆکرد بەتەواوی پەکی کەوتووە، لەگەڵ پەککەوتنی پرۆسەکە خەریکە لایەنەکانی پەروەردەومامۆستایان وقوتابیان وخوێندکاران بەتەواوەتی متمانەیان بەیەکترلاوازدەبێت ونامێنێت.
کاتێ متمانەش نەما، بڕوابوون ودڵسۆزی وداهێنان وخۆشەویستی وژیاندۆستی بەرەوئاقارێکی نادیارملی ڕێدەگرن ونازانرێت، بەرەوکام تونێلی تاریک وڕێگەی وێڵی هەزاربەهەزاردەڕۆین.

لەسەرحکومەتی هەرێمە لەبەرخاتری هێشتنەوەی متمانە لەناونەوەکانی داهاتوومان وبڕواکردنی تەواوەتی بەدڵسۆزی مامۆستایان، بەپەلە هەنگاوبنێت بۆچارەسەرکردنی کێشەوگرفتی مامۆستایان بەوەی مافەکانیان بدات.

هیچ بیانوویەک نەهێنێتەوە، گوایە پارەی فەرمانبەران لای حکومەتی فیدڕاڵە، چونکە ئەوە جێی بڕوانیە لای مامۆستایان وخەڵکی کوردستان، ئەی ئەوساڵانەی نەدانی موچەولێبڕین وپاشەکەوتی موچەدەکرا، کێ کردی؟ ئایا دروشمی ئابووری سەربەخۆیان بەرزنەکردەوە؟
بەم ببێباکی وبێخەمی وبێمنەتی وبێدەنگیەی حکومەتی هەرێم گومان دەخرێتەسەرهەستکردن بەبەرپرسیارێتی ئەوسەبارەت بەپرسێکی گرنگی ژیانی وژیاری کەپرۆسەی پەروەردەیە، چونکە ئەم شێوازومامەڵە نادروستە دەبێتە هەرەسهێنانی کایە گەورەکەی ژیان وهەستە جوانەکەی ژیان لەناوکۆمەڵگەدا کەئەویش متمانەیە.

11/12/2023



وتارەکانی تری نوسەر