حیزبەکان وشپرزەکردنی کۆمەڵگە

رەووف محەمەد ئالانی
(پیاو هەیە تەنها لەبەر ئەو خۆشبەختییەی کە دەیەوێ بەدەستی بێنێ، ئارەزووی دەسەڵات دەکات، خۆی سەرقاڵی سیاسەت دەکات ودەچێتە ناو حیزبە سیاسیەکانەوە - فریدریش نیچە).

مێژووی حیزبایەتی لە جیهاندا ودەرکەوتنی دەگەڕێتەوە بۆشارستانێتی یۆنان،  بەتایبەت لەشاری ئەسینای پایتەخت، ناوی ئەوحیزبەش بەحیزبی ئۆلیگارشی ناسرابوو، بەپێی زانیاریەکان ئەوحیزبە بەیەکەم حیزبی سیاسی دادەنرێت لەمێژوودا، کە ئاماژەی بۆکرابێت، ئەوحیزبە سیستمی کۆنتڕۆڵکردبوو، دەستی گرتبوو بەسەرحکومەت لەئەسینای پایتەخت، لەناودەوڵەتی یۆنان.

یەکەم پارت کە لە جیهاندا پێکهێنرا پارتی لیبڕالی بەریتانیایە لە ساڵی ١٦٨٧ پێکهێنرا، یەکێکە لە پارتە سیاسیەکان، پارتێک بوو داوای حوکمڕانی گەلی دەکرد و دژایەتی حوکمڕانی شاهانەی دەکرد، ئەو حزبە بووە هۆکاری ڕووخاندنی شا جەیمسی دووەم، هەروەها ئەم حیزبە لە ساڵی ١٨٥٩ هەڵوەشایەوە.

ئەگەرچاوێکیش بەمێژووی کوردا بخشێنین، بۆدروستبوونی یەکەم حیزبی کوردی، ڕاوبۆچوونی جیاوازدەبینین، لەسەرمێژووی یەکەم حیزبی سیاسی کوردی، (یەکێتی محمدی کە لە ساڵی ١٩٠٨ دروست بووە یان ١٩٠٩) بە سەرۆکایەتی سعید نورسی یەکەم بووە، بەڵام بەپێێ بەڵگەنامەکانی ئەرمەنی (یەکێتی کورد) بە ڕابەرایەتی (شێخ عبیداللە نهری) لە ساڵی ١٨٨٠ دروست بووە، بەپێی چەند سەرچاوەیەکی تریش (کۆمەڵەی عەزم- عزم قوی جمعیتلر) لە ساڵی ١٩٠٠ دروست بووە بریتیە لە یەکەم حزب.

ئەوانە هەمووی ئەگەر یەکەم حزبی کوردیش نەبن یەکەم داڕێژەری بنەماکانی سیاسی کوردایەتی بوون، هەرچی (محەمەد ئەمین زەکی بەگ) بە دوای ئەویش زۆربەی هەرە زۆری مێژوونوسان (حزبی تەعالی و تەرەقی کوردی) بە یەکەم حیزب لە کوردستان داناوە،  ئەویش لە هەمووان کاریگەرتر بووە.

بەپێی زانستی سیاسی و کۆماڵناسی سەردەم، حیزب کۆکەرەوەی کۆمەڵە کەسانێکە لەدەوری ئایدۆلۆژییایەک کە بڕوایان پێیەتی، لەپێناوئامانجی دیاریکراو(نیشتمانی،نەتەوەیی، چینایەتی، ڕەگەزی....)هتد

لەووڵاتە پێشکەوتوەکان، حیزب کاریگەری ئەرێنی هەیە لەسەرگەشەکردنی کۆمەڵگە، چونکە وابەستەی دیمۆکراسی ودەستاودەستکردنی دەسەڵاتن، بەڵام لەو ووڵاتانەی دەرگیری عەقڵی خێڵ وهۆزن، وابەستەی نەریتە کۆنەکانن، حیزب دەبێتە ڕێگرولەمپەری گەشەکردنی کۆمەڵگەوپێشکەوتن، چونکە هەندێ کەس بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان بەکاری دەهێنن. زۆرجارقوربانی بە ئامانجەگەورەکان دەگەیەنێت بۆکەس وخێڵ وهۆزێک، لەڕۆژڵات بەگشتی وکوردستانیش بەتایبەت، هەرحیزبێک دادەمەزرێت، لەسەرەتادا بە دروشمی ڕەنگاڵەیی دێتە مەیدان، لەدواییدا کەسێک یان گروپێک، دەستی بەسەردادەگرن ودەیکەنە موڵکی خۆیان، بەمەش لەو ئامانجەی بۆی دروست بووە، دووری دەخەنەوە، 

حیزب و ڕەوتە هۆشیارەکان کە بە زەحمەت کار دەکەن، دەبێت سەرهەڵبدەن، خاوەنی دیدگا و پڕۆژەیەک بن کە بتوانن سەرکردایەتی دەوڵەت بکەن، بۆدەربازبوون لەو هەموو دروشم و ئەفسانە درۆینانە و هەڵگری نیەتی دڵسۆزانە و حەماسەتێکی نیشتمانپەروەرانە بن.
لە دوای ڕاپەڕینەکەی ١٩٩١ هەرێمی کوردستان دۆخی حیزبایەتی گۆڕدرا بەشێوازێکی ترکە حوکمڕانی وکارگێڕی بوو، لەم شێوازی حوکمڕانیە کارێکی وایانکرد، مرۆڤی کورد تووشی ئاڵۆزی وشپرزەیی دەروونی وشۆک ببێت، بەهۆی ئەوەی خەونەکان بۆ گەیشتن بە ئامانج وئاکامەکان پێچەوانە بوونەوە، لەجیاتی ئازادی مرۆڤی کوردیان دیل ویەخسیرکرد، تەنانەت حیزبی بوون لای زۆربەی خەڵک بۆتە لەکە وشوورەیی، پێش چەند ساڵێک هەرکەس بیوتایە بێلایەنم، بەپێکەنینەوە ئەیانووت بەڕاست؟ دوای ئەوە ئەیانووت جاکوا خەڵک هەیە بێلایەن بێت؟

بەهۆی خراپی کاری حیزبایەتی وقۆرخکاری لەهەموو بوارەکانی ژیان ودەوڵەمەندکردنی ئەوانەی مەبەستیانە ولەکارخستنی ووزەوتوانا جوانەکانی کۆمەڵگە وووردوخاشکردنی هەموو جوانیەکانی ژیان، حیزبەکان وەک بێزراوترین وناشیرینترین بوونەوەرلێیان دەڕوانرێت.
لێرەدا دێڕە شیعرێکی شاعیری گەورەوبیرمەندی کورد(پیرەمێرد)م دێتەوە یاد کەدەڵێ:

هەرچی هەڵئەستێ ئەڵێ من حیزبم
برا لێم لادە،  نامەوێ حیز بم

لەئێستاشدا ئەونەفرەتکردنە لەحیزبەکان، ئەوە دەردەخات لەجیاتی هێنانی خۆشبەختی وکامەرانی، بوونەتە سەرچاوەی نادادی وگرفتی دەروونی وکۆمەڵایەتی وئابووری وپەروەردەیی وکارگێڕی، تەنانەت لەسایەی عەقڵی  بچووک وتەسکی ئەوان ووڵات کراوەتە دۆزەخێکی مەترسیدار، ڕۆژبەڕۆژ دوورکەوتنەوە لەخۆشەویستی نیشتمان ونەهێشتنی ئاشتی کۆمەڵایەتی دەبێتە ئەنجام.

خۆزیا تەنیا ڕۆژێک ئەم حیزبانە وانەیەکیان وەربگرتایەولە هەڵەکان وانەی تازە فێرببونایە ودڵی ئەوخەڵکەیان بەئارامی شادبکردایە،
لەخۆڕانیە (جۆنکۆنیێرز)دەڵێت:( ڕۆژێکی ئاشتی و هاوبەشی دەتوانێت ببێتە هۆی لێکتێگەیشتن و هاوکاری زیاتر لە نێوان لایەنە سیاسییەکان و گروپە ئایینییەکان و هەموو چین وتوێژەکان بێجیاوازی). 

فێرنەبوون لە هەڵەکانی پێشوو، بەردەوامی ئەنجامدانیان دەبێتە هۆی زیادبوونی کێشە و قەیران بۆ هەمووان، بەتایبەت بۆ ئەوانەی ئەنجامیانداوە، وەک چۆن ئەو درک بە هەڵەکەی ناکات، ئەوە وانەی سەختە، هەڵەکردن لە سیاسەتدا شتێکە کە ئەگەری بەهێزی هەیە، بەڵام گۆڕەپانە سیاسییەکان بێ کەموکورتی ئەوان نین، ئایا دان بە هەڵەکەنیاندا دەنێن و پەنا بۆ ڕاستکردنەوەیان دەبەن؟ 

کێشەکە لەوەدایە کە زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، بەو پێیەی هەڵە دەکەن و ئاگاداری ئەوە نین تا دوای ئەوەی هەڵەکە دەبێتە تاوان، بەمەش خەسارەت بۆ خەڵک و خۆیان بەهەمان شێوە دەگەیەنن. 

جگە لە ناکارامەیی کەسایەتییەکانی سەرکردایەتیکردنی زۆربەی حیزبە سیاسییەکان، کێشەی دیکەش هەن کە ئەم ڕەوتە بەرکەوتوون، لەوانە، فێرنەبوون لە هەڵەکانی پێشوو، و درک پێنەکردنی ئەو هەڵانە هەندێک جار، نەبوونی تێگەیشتن و هۆشیاری سیاسی کەسایەتییە گەورەکانی ئەو حیزبانە، هەروەها دیاردەی ملکەچبوونی دەرەکی، کە وایکرد ئەو هێزانە کاربکەن بۆ قازانجی دەرەوە، نەک لە پێناو نیشتمان، ئەو دەوڵەتەی کە توانای پاراستنی هێزی حزبەکەیان لە پێشینەی خزمەتکردنە بۆ ئەوان، بڵاوبوونەوەی ڕۆحی ململانێ و پێشکەوتن لە نێوان هەمان ئەو لایەنانەدا بە یەکێک لە گرنگترین کێشەکان دادەنرێت کە ڕەنگە ڕووبەڕووی ببنەوە، باسی شکستهێنان لە پەسەندنەکردنی گوتارێکی سیاسی نوێ و درێژەدان بەخۆهەڵنان و شانازیکردن بە قارەمانێتی ڕابردووی خۆیان، کە جەماوەر لێی بێزارە وڕەفتاری، سیاسەتی فریودەر، و گرنگی نەدان بە پێداویستیەکانی کۆمەڵگا و هاونیشتیمانیان.

گومانی تێدا نییە، قەیرانی هۆشیاری و تێگەیشتن لەکارکردن وچۆنێتی ئاراستەکردنی حیزبدا، لەسەر تاک و کۆمەڵگە پەرەی سەندووە، هۆکارێکی بنەڕەتییە بۆ بەردەوامیی ئەو لایەنانە و سەرکەوتنی بەهێزی ئەم ڕەوتە ناعەقڵانیانە لە هەڵبژاردنەکاندا تەنیا بەڵگەی ڕوون و ئاشکرایە هەستی خێڵگەرا وبنەماڵەیی و حیزبسالاری، کاریگەری مانەوەو بەردەوامی ئەم هێزە درۆزنانە هەبووە، کاریگەری نەرێنشی لەسەر کەس وڕەوتە ڕاستگۆکانی کۆمەڵگە هەبووە، ئەمە کێشەی سەرەکین کە دەبنە هۆی شکستهێنان لە چارەسەرکردنی قەیرانەکانی حیزبایەتی هاوچەرخ. 

13/08/2023



وتارەکانی تری نوسەر