ئەرک وماف، لەتەرازووی ناڕەزایی و بایکۆتکردندا

رەووف محەمەد ئالانی
(دەسەڵات مافەکان نادات وناسەلماینێت، بەبێ ئەوەی داوای لێبکرێت و فشاری لێبکەیت، وەک چۆن ئەم کارەی نەکردووە و هەرگیز نایکات - فرێدریک دۆگلاس)

هەموومرۆڤێک کاتێک ئەرکێکی پێدەسپێردرێت لەبەرامبەرئەوئەرکە مافی بۆدیاریدەکریت، بەپێی ئەرکەکە مافەکەشی گۆڕانی بەسەردادێت.
لەم هەرێمی کوردستانەی کەتەمەنی حوکمڕانیەکەی سیودووساڵە، زۆرقۆناغی سەخت وناخۆش وئاستەنگی جۆراوجۆری سیاسی وئابووری وکۆمەڵایەتی وئەمنی هاتوونەتە بەردەم حکومەت و خەڵکەکەی، هەندێکیان دەرەکی بوون، کە لەدەرەوەی هەرێم کاریان بۆکراوە، ئەتوانم بڵێم تەڵەوداوی ڕاوچی ئاساییانە کەبکەرەکانی دوژمنانی کورد پێی هەستاوون، ئەنجامەکەشی زیانی گەورەی بۆ خەڵک وسوودەکەشی بۆ بکەرەکان بووە، بەشێکیشیان ناوخۆیی و بەهۆی نەزانی وبێپلانی ودەستوەردان وبەرژەوەندپەرستی کەس و لایەنە دەسەڵاتدارو حیزبە حومڕانەکانەوە کراوەوڕوویانداوە.
شێوازی حوکمڕانی نادادپەروەروقۆرخکاری هەمووجومگەسەرەکیەکانی ژیان وبەکارهێنانی پۆست وپلە بۆ بەرژەوەندی کەسی لەم هەرێمەدا وایکردوە، هیچ تاکێکی ئاسایی هەست بە ئارامی دەروونی خۆی نەکات، بگرە ئەو هەستەی بەرامبەرخاک ونیشتمان هەیان بووە لە پێشوودا بگۆڕێت بۆڕق وبێمەیلی ونەمانی خۆشەویستی وسۆز.
لەدوای ڕاگەیاندنی ئابووری سەربەخۆوفرۆشتنی نەوت وسامانی سرووشتی ئەم هەرێمە وپەیدابوونی داعش وپەلاماردانی ئەوهێزە توندڕەووتیرۆریستە بۆ سەرهەرێمی کوردستان، قەیرانی دارایی سەریهەڵداوخەڵک ماندووکرابەهۆی بێپلانی ونەزانینی حوکمڕانی وئیدارەدان، لەوسەروبەندەدا چین وتوێژەکانی کۆمەڵگەی کوردی کەوتنە ناڕەزایی دەربڕین بەگشتی وتوێژی مامۆستانیان بەتایبەتی خۆپیشاندانیان بردە سەرشەقام وپاشان بایکۆتکردنی هۆڵەکانی خوێندن، چونکە لەبەرامبەرئەرکەکانیان مافەکانیان نەدەدرایەوپێشێلدەکرا.
 دوابەدوای ئەوهەمووکارەساتە ڤایرۆسی کۆڕۆناش یەخەی جیهان وئەم هەرێمەشی گرت، لەوکات وساتانەدا حکومەت دەستیکرد بەلێبڕین وپاشەکەوتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و بارگرانی وژیانی سەخت وکولەمەرگی پێشکەشی خەڵکەکەی خۆیکرد.
لەمسەروبەندەی ئێستاشدا کە بەبڕیاری دادگای پاریس لەسەر سکاڵای حکومەتی ناوەندی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بەسەربەخۆو بێڕەزامەندی ناوەند قەدەغە کراوڕاگیرا، حکومەتی هەرێم ناچاربەڕێکەوتن کرا لەگەڵ ناوەند، بەهۆی جێبەجێنەکردنی ڕێکەوتنەکەودەنگنەدان لەسەریاسای بودجە ویەکترتۆمەتبارکردن لەلایەن هەرێم وناوەندەوە، وەک پێویست بڕی داهاتی دیاریکراوی هەرێم نەنێردراوە، لەم کاتەشدا ئەوەی زیانی زۆری بەردەکەوێت خەڵکی هەرێم بەگشتی وموچەخۆرانن بەتایبەتی.
چەندڕۆژیکی کەمی ماوە بۆ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ لەئێستاشدا حکومەتی هەرێم مووچەی مانگەکانی ٧و٨ ی دابەشنەکردووە، دەنگۆی بەربڵاوی ناڕەزایەتی وبایکۆتی دەوامی مامۆستان هەیە کە تاکاتی کردنەوەی دەوام مووچەنەدرێت، ئەوانێش  هەڵوێست وەردەگرن.
ئەوەی بۆتە مایەی خەم وبێزاری خەڵک لەم دەسەڵێ‌تەی هەرێم، بێمنەتی ونەخوێندنەوەی ئەوهەموو داواوڕەخنەوناڕەزایەتیەیە، بەڵام خۆیان ومناڵەکانیان وکۆمپانیاکانیان مێش میوانیان نیە وڕٶژ لەدوای ڕۆژ دەوڵەمەندتر ئەبن لەسەرحسابی خەڵک، دڵنیام بەمکارانەشیان جامی ڕقی خەڵک زیاترپڕدەکەن ،کەڕژا لافاو خۆیان دەبات، بەوهیوایەم نەگاتە ئەوڕۆژەوبەخۆیاندا بچنەوە.
ستەمکردن لەخەڵک بەگشتی ومووچەخۆران بەتایبەتی دەرخەری نادادی دەسەڵاتی خۆسەپێنە، بۆیە دەڵێم خۆسەپێن لەم هەرێمە هیچ مانایەک بۆ ئازادی ودیمۆکراسی وهەڵبژاردن نەماوەتەوە، چونکەهەمووئەوانە تەنها ووشەن وناچنە ناوخانەوڕەفەکانی خۆیانەوە، ئەم چەندگوتاروناڕێکی وناتەباییەی هێزە دەسەڵاتدارەکان درزوکەلەبەروتەنانەت دەلاقەی گەورەی دروستکردوە، لەبەردەم نەیارانی کورددا، بۆیە ئەوانیش هیچ مافێک بەم هەرێمە بەڕەوانابینن کەپێی بدەن، دڵنیام ئەوانەی جاران دۆستی کوردبوون ئەوانیش پشتیان تێکردووین ولەگەڵمان نین، بەهۆی سیاسەتەهەڵەوپڕخەوشەکانی بنەماڵەدەسەڵاتدارەکانی هەرێم، لە داهاتوودا ئەوانە باشتربۆهەموومان ڕوون دەبنەوە.
لەمسەروبەندەی بێڕێزیکردن بە مووچەخۆران وپێنەدانی مافەکانیان، ناکرێت هەموو کاروکردەوەیەک بەدڵی ئەوان بێت، بۆیە دەکرێ هەڵوێستەیەک بکەین وئەوناهەقی وستەمە بوەستێنین، بەوانەی ئەم هەرێمەیان گەیاند بەمڕۆژەڕەشە بڵێین: ئاغاکانی ناودیواخانە کۆشک بلووریەکان، فەرموون ئێوەش کەمێ قوربانی بە سامانەکانتان بدەن وبیدەن بەخەڵک، وەکچۆن خەڵک زیاد لەسێ دەیەیە، بە هەموو جۆرێک قوربانی بۆ ئێوە دەدات، بۆ ئەم داوایەشم ئەزانم مێش میوانتان نیە، ببینن زۆر لەستەمکارەکانی دەوروبەرمان بەرشاڵاوی تووڕەیی خەڵک کەوتن وهیچ فریایان نەکەوت، ووتوویانە هەق ئەسەنرێ ونادرێ، زووئەوانەی ژیرانەترمامەڵەیان لەگەڵ ئەزموونەکان وڕووداوەکانی سەردەمی خۆیان کردبوو، ووتیان دوای سەدامیش خراپتررووئەدات، هەموومان گەیشتینە ئەوبڕوایە، هەربۆیە ووتارەکەم بە ووتەیەکی (ڕۆبێرت فرۆست) کۆتایی پێدەهێنم  کە دەڵێت: (پێم وایە مافی سروشتی مرۆڤە کە بە شێوازی  ئاسایی خۆی بژی کەئەویش وەک دۆزەخە).

08/09/2023



وتارەکانی تری نوسەر