مۆبایلە زیرەكەكان .. مەترسییە گەورەكەی سەر ژیانی منداڵان

د. سەعید عەلی محمد


ئەوەی پاڵی پێوە نام بۆ نووسینی ئەم بابەتە سەرسام بوونی دایكان و باوكان و تاكەكانی كۆمەڵگەیە بە گشتی لە چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئامێرە ئەلیكترۆنیەكان بە گشتی و مۆبایلە زیرەكەكان بە تایبەتی ، بە تایبەتی تر لەلایەن منداڵ و مێرد منداڵ و تازە پێگەشتووەكانەوە ، لای هەمووان ئاشكرایە مۆبایلە زیرەكەكان بوونەتە بەشێكی هەرە گرنگی ژیانی تاكەكان و، بوونەتە هاودەمی شەو و ڕۆژ و، دۆست و خۆشەویست و یاری نازداری گەورە و بچوك و هەموو جۆرە مرۆڤێكی ئەم سەردەمە لە هەموو كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتوو و دواكەوتووی ئەم دنیایە!

ساڵانێكە پسپۆڕان و شارەزایانی بواری تەكنەلۆژیا باس لە مەترسیەكانی مۆبایلە زیرەكەكان دەكەن لەسەر خەڵكی بە گشتی ومنداڵان بە تایبەتی ، كە دەڵێم (منداڵان) واتە قۆناغی منداڵی وەك ئەڵقەیەكی هەرە لاوازی بە ئامانج گرتنەكانی تەكنەلۆژیا!
لەم دواییانەشدا ئەو كتێبەی كە (جۆناسان هایدت) بەناونیشانی (جیل القلق : نەوەی دڵەڕاوكێ) دەری كرد ترس و لەرزێكی ئێجگار زۆری خستە دەروونی خەڵكەوە سەبارەت بەو هەڕەشە و مەترسییە گەورەیەی كە لە داهاتووییەكی نزیكدا ڕووبەڕووی مرۆڤایەتی دەبێتەوە بە تایبەت ژیانی منداڵان ، نوسەر لە كتێبەكەیدا باسی ئەو ڕێ و شوێنانە دەكات كە جیهان دەیانگرێتە بەر بۆ پاراستنی منداڵان لە هەڕەشە و مەترسییەكانی جیهانی واقیعی ، بەڵام خۆی بێ ئاگا كردووە لەو ڕێوشوێنانەی كە لە داهاتوودا پێویستە بگیرێنە بەر بۆ پاراستنی منداڵان لە مەترسییەكانی جیهانی خەیاڵی و گریمانەیی ، لە كاتێكدا ئێستا منداڵان زۆربەی زۆری كاتەكانیان بە سەرقاڵبوون بەو جیهانە خەیاڵییەوە بەسەر دەبەن بەبێ هیچ چاودێری و لێپرسینەوەیەك ، بەڕادەیەك ئەم جیهانە خەیاڵییە وەك (بێ هۆشكەرێكی تەكنۆلۆژیی) لێ هاتووە و منداڵانی بەخۆیەوە ئالوودە كردووە و ناتوانن بە ئاسانی دەستبەرداری بن و لێی دووركەونەوە!

كە هەندێ جار باوكان و دایكانیش یارمەتی دەرن بۆ ئەم حاڵەتە تەنها بۆ ڕزگاركردنی خۆیان لە بەدواداچوونی منداڵەكانیان و لە كۆڵكردنەوەی سەرئێشەی لێپرسینەوە لەگەڵیان ، بۆیە منداڵەكانیان بەم تەكنەلۆژیا كارەساتبارە دەسپێرن ، گوایە خۆیان لە بێزارییەكانی مناڵەكانیان قوتار دەكەن بێ هەست كردن بەوەی لە داهاتوویەكی نزیكدا تاكەكان و كۆمەڵگە باجی هەرە قورسی ئەم ئالوودە بوون و كەمتەرخەمی و بێ باكییە دەدەن!

ئەو ئەنجامە كارەساتبارانەی كە ئەم مۆبایلە زیرەكانە دروستیان كردووە هەموومان هەستیان پێ دەكەین ، هەڕەشەكان و مەترسییەكان ئاشكراو دیارن و پێویست بە چاوەڕێ كردن ناكات ساڵانی داهاتوو كاریگەری و ئاسەوارە كوشندەكانی ببینین ، ئەوەتا ئێمە بە چركە سات لەگەڵ ئەم ئافەت و دەردە كوشندەدا دەژین كە خۆی لە دڵەڕاوكێ و شپرزەبوونی خەیاڵ و دیاردەی لە بیرچوونەوە لەلای منداڵاندا دەبینێتەوە!

ئەم حاڵەتە لە پەرەسەندنێكی بەردەوامدایە و، خێزانەكان هاواریان لێ هەستاوە بەشێوەیەك باوكان و دایكان توشی هیستریا بوون كاتێك داوای جێبەجێكردنی ئەركێك لە مناڵەكانیان دەكەن منداڵەكانیان شپرزە دەبن و نازانن چیان لێ داواكراوە و چ شتێك ئەنجام بدەن ، ئەمەش لە ئەنجامی سەرقاڵبوونی مێشك و خەیاڵی منداڵەكان بەو دیمەنانەی كە لە شاشەكانەوە بینیویانن یان بڕیارە دوای كەمێكی تر بیانبینن!

شاشەكان و مۆبایلە زیرەكەكان كۆمەڵێ مەترسی گەورە لەسەر مرۆڤەكان بە گشتی و منداڵ و مێرد منداڵەكان بە تایبەتی دروست دەكەن ، هەر لە تێكچوونی باری دەروونی و عەقڵی و، لاواز بوونی ئارەزووی خوێندنەوە و نوسین و، ژەهراوی بوونی هزرو دەماغ و، تێكچوونی تەندروستی لاشە و، سست كردنی پەیوەندییە كۆمەڵایەتی و خێزانیەكان و، گیرۆدە بوون بە دەردی ئالوودە بوون ، تا دەگاتە بە فەوزاكردن و بێ سەروبەركردنی ژیانی ڕۆژانە بە گشتی! ئەڵبەت جگە لەم مەترسییانە یەكێك لە كاریگەرترین و مەترسیدارترین ئاسەوارەكانی بەكارهێنانی ئەم ئامێرانە و مانەوە بۆ كاتێكی دوور و درێژ لە بەردەم شاشەی مۆبایلە زیرەكەكاندا تووش بوونی منداڵانە بە حاڵەتی دڵەڕاوكێ و شپرزە بوونی خەیاڵ و دیاردەی لەبیرچوونەوە ، لەگەڵ پەرەسەندنی دیاردەی كەم خەوی ، بە تایبەت ئەگەر ئەو منداڵانە چەند وێنە و بڕگەیەكی ترسناكیان لە شاشەكانەوە بینیبێ و، لەگەڵ قۆناغ و تەمەنی ئەواندا گونجاو نەبووبێ! منداڵان لە ترسی بێ بەشكردنیان لە بەكارهێنانی مۆبایلە زیرەكەكان دایكان و باوكان لە بینینی ئەم دیمەنانە ئاگادار ناكەنەوە ، ئەمەش ڕاهاتن بە سیفەت و خووی درۆكردن بەدوای خۆیدا دەهێنێ ، تا ڕادەی ئەو دیاردەیەی كە لای گەورەكانیش پەرەی سەندووە كاتێك (تایبەتمەندی بینین) لەسەر واتساپ و هاوشێوەكانی دەسڕنەوە تا كات و ئەندازەی بەكارهێنانی ئینتەرنێت دەرنەكەوێ!

ئالوودەبوون بە مۆبایلە زیرەكەكانەوە پاشەكشەی گەورەی لە پڕۆسەی خوێندن و فێركردندا دروست كردووە ، منداڵان توانای ووردبوونەوە و سەرنجدان و بیركردنەوەیان كز و لاواز بووە و، هەروەك چۆن ئەم دیاردەیە لای گەورەكان و چینی ڕوناكبیرو ئەكادیمییەكانیش بەشێوەیەكی ترسناك پەرەی سەندووە و، لە پەرەسەندنی بەردەوامیشدایە! ڕۆژانە لە هاوڕێ و دۆستە نزیكەكانم ئەبیستم كە ئارەزوو و حەوسەڵەی خوێندنەوەی كتێبێك یان توێژینەوەیەكی سیاسی یان مێژووییان نەماوە ، بەهۆی ئەوەی هەموو پێنج خولەكێك جارێ خێرا دەگەڕێتەوە بۆ لای مۆبایلەكەی و بە دەقە كورتەكان یان بابەتە كورت و بڵاوكراوە خێراكانەوە سەرقاڵ دەبێتەوە!
دەپرسین : ئەگەر ئەمە حاڵ و بارودۆخی گەورەكان بێت لەگەڵ ئامێرەكان و شاشەكاندا ئەی دەبێ حاڵ و بارودۆخی منداڵ و تازە پێگەیشتووەكان چۆن بێ؟!!
بەدڵنیاییەوە زۆر خراپترو وێرانترو مەترسیدارترە بە تایبەت بۆ قۆناغی منداڵی و پڕۆسەی خوێندن و مەعریفە لە داهاتوودا!

پسپۆڕانی پەروەردەیی و شارەزایانی بواری تەكنەلۆژیا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكانی ئەم ئامێرانە چەند ڕێگەیەك دەست نیشان ئەكەن وەك : بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی و، ڕێكخستنی بەرنامە و ژیانی ڕۆژانە و، چاودێری كردن و بەهێزكردنی پەیوەندییە خێزانیەكان و، كات بەفێڕۆنەدان و زاڵبوون بەسەر دیاردەی بەتاڵی و تاد....، بەڵام لەگەڵ گرتنەبەری ئەم ڕێوشوێنانەشدا نوسەری كتێبی (نەوەی دڵەڕاوكێ) لە كتێبەكەیدا ئەوە تەئكید ئەكاتەوە كە دەبێت مۆبایلە زیرەكەكان لە منداڵانی خوار یازدە ساڵ دوور بخرێنەوە و، لاوانی خوار شازدە ساڵیش لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نزیك نەبنەوە.

ئەم چارەسەرەش حاڵی حازر لە ویلایەتی فلۆریدا جێبەجێ دەكرێ و پێویستە هەمووان - وەك نووسەر دەڵێ - پێوەی پابەندبن ئەگەر دەیانەوێ قۆناغی منداڵی و داهاتووی منداڵەكانیان لە كاریگەرە وێرانكەرەكانی جیهانی خەیاڵی و گریمانەیی پارێزراو بن.

(هایدت) و زۆرێك لەو پسپۆڕو كەسایەتیانەی بە بایەخەوە دەڕواننە بابەتی پاراستنی منداڵان لە مەترسییەكانی مۆبایلە زیرەكەكان پێیان وایە باشترین چارەسەر بۆ ئەم گرفتە ئەوەیە : باوكان و دایكان كاتێكی زۆرتر بە منداڵەكانیان ببەخشن و بەشێكی زۆری كاتەكانیان لەگەڵ خێزان و منداڵەكانیاندا لە سەیرانگا و باخچە و سەوزایی و شوێنە گشتیەكاندا بەسەر ببەن كە ئەمەش منداڵەكانیان لە سەرقاڵبوون  بە شاشەكانەوە دوور دەخاتەوە ، ئەمە ئەزموونێكی گرنگە و (هایدت) و هاوبیرەكانی بانگەوازی بۆ دەكەن بۆ دەربازبوون لە جیهانی خەیاڵ و گەڕانەوە بۆ جیهانی واقیعی، لەڕێی یاری كردنی گەورەكان لەگەڵ بچوكەكاندا و، بەسەربردنی كاتەكان لەگەڵ خێزانەكاندا لە سەوزایی و باخچە و شوێنە سازگارەكاندا ، واتە لێرەشەوە دەتوانین بڵێین : دانیشتوانی گوند و دەرەوەی شارەكان لە دانیشتوانی سەنتەری شارەكان كەمتر تووشی ئالوودەبوون و مەترسی ئامێرەكان و تەكنەلۆژیا دەبنەوە.

توێژینەوە ئەمریكییەكان ئاشكرایان كردووە كە منداڵان لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەهۆی زۆر بەكارهێنانی مۆبایلە زیرەكەكانەوە كەمتر هەست بەخۆشی و كامەرانی و ئارامی دەروونیی دەكەن ، كە بەداخەوە لە وڵاتانی ئێمەدا تا ئەم ساتەش ئەم جۆرە توێژینەوانە نیە تا لە بارودۆخی منداڵان و لاوەكانی جیهانی ئێمە ئاگادارمان بكەنەوە، توێژینەوە ئەمریكییەكان كە لەم دواییانەدا ئەنجام دراون ئامۆژگاری پێویستبوونی هاوكاری و هەماهەنگی نێوان مامۆستا و خێزانەكان دەكەن ، لەگەڵ گرتنەبەری ڕێگاكانی تری هۆشیاركردنەوە وەك دەزگاكانی ڕاگەیاندن ، ئەمە هەمووی لەپێناو چارەسەركردنی دیاردەی (ئالوودەبوونی ئەلیكترۆنیی) كە قۆناغی منداڵی لە هەرە قوربانییە سەرەكییەكانیەتی و، كارەسات و جەهەننەم بۆ داهاتووی منداڵان و داهاتووی ئەم جیهانەش دروست دەكات كە ئێمە و منداڵەكان پێكەوە تێیدا دەژین!


13/04/2024



وتارەکانی تری نوسەر