شۆڕشی زانكۆكانو چەند سەرنجێك!

د. سەعید عەلی محمد

دوابەدوای پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەكانی قوتابیانی زانكۆكانی ئەمریكا كە داوای وەستاندنی پەلامارەكان دەكەن بۆ سەر غەززە و، داوای ڕاگرتنی یارمەتییەكانی ئەمریكا دەكەن بۆ قەوارەی جولەكە، هەروەها بایكۆت كردنی ئەو كۆمپانیانەی یارمەتی تەلئەبیب دەدەن، ئەو ناڕەزایەتییانەی کە لە زانكۆی كۆڵۆمبیا دەستیان پێكرد و (30) زانكۆی ئەمریكای گرتەوە و، دەیان زانكۆی گەورەی جیهانیی تریش لە فەڕەنسا و بەریتانیا و ئۆستۆرالیا تا ئەم لەحزە لە گەرمەی شەپۆلی ڕێپێوانەكاندان! لەسەر ئەم ڕێپێوانانە نوسەرێكی ناوداری ئەمریكی دەڵێ: ئەمریكا پارچە پارچە دەبێ، یەكێكی تر نوسیویەتی: ئەمریكا بەرەو گۆڕانكاریی دەڕوات، نوسەرێكی تر دەڵێ: ئیسرائیل بۆتە بارێكی قورس بەسەر ئەمریكاوە، ناڕەزایەتییەكانی قوتابیان لە زانكۆكانی ئەمریكا یەكێكە لە ڕووداوە هەرە گرنگ و نەوعیی و كاریگەرەكان كە لە ڕابردوو و لە ئێستاشدا ڕەنگدانەوەی بەهێز و ڕاستەوخۆی هەبووە و هەیە لەسەر سیاسەتە نێوخۆیی و دەرەكییەكانی ئەمریكا! بۆ نمونە ئەو ناڕەزایەتییانە یەكێك بوو لە پاڵنەرە سەرەكییەكانی كۆتایهێنان بە شەڕی ئەمریكا دژ بە ڤێتنام لە ساڵی 1960، هەروەها فاكتەرێكی سەرەكی دەركردنی یاسای قەدەغەكردنی جیاوازی كردن بوو لەگەڵ ڕەش پێستەكاندا، ئەو ڕێپێوانانە گڕوتینێكی زۆرتری دایە بواری بەرفراوانكردنی زیاتری ئازادییە مەدەنییەكان لە ئەمریكا لە ساڵی 1970، لەدەرەوەی ئەمریكاش هەر ڕێپێوانی قوتابیانی زانكۆكانی ئەندەنوسیا بوو (سۆكارنۆ)ی لە دەسەڵات دوورخستەوە ، ئەمە جگە لە ڕۆڵ و گرنگی زانكۆكانی وڵاتانی عەرەبی لەدروست كردنی بەهاریی عەرەبی!! 
ئەڵبەتە لەگەڵ ئەوەدا كە هێشتا زووە بڕیار لە داهاتووی شۆڕش لە زانكۆكانی ئەمریكا و ئەوروپا و وڵاتانی تری جیهان بدرێ، بەڵام  ناكرێ ئاماژە گرنگەكانی پشت ئەو ڕووداوە گرنگە لە ئاست ئەمریكا و جیهان و وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیش فەرامۆش بكرێن كە دەكرێ ئێمە لێرەدا بە كورتی ئاماژە بە هەندێكیان بكەین: 

1- ئەم ڕێپێوانانە ئاماژەن بۆ ڕوودانی گۆڕانكاریی گەورە و بەرفراوان لە پێكهاتە و میزاجی كۆمەڵایەتی و سیاسی گشتی لە ئەمریكا، ئەم ناڕەزایەتیانە دەكرێ ئاماژەی بەهێزبن بۆ دیاریكردنی جۆری بیركردنەوە و ئاڕاستەی ڕای گشتی لە ئەمریكاو ئەوروپا، پەرەسەندنی خێرای ئەو ڕێپێوانانە تەنها لە چەند ڕۆژێكی كەمداو، پشتیوانیكردنی لەلایەن ژمارەیەكی زۆری مامۆستا ناودارەكانی زانكۆكانی ئەمریكا و ئەوروپا و قوتابیەكانیان و هەندێ لە سیاسەتمەدارە گرنگە كاریگەرەكانی جیهانەوە ئەوەمان پێ دەڵێ: كە ئەمریکاو ئەوروپا لەبەردەم وەرچەرخانێكی جەماوەریی بەرفراوانی گەورەی نەوعیی دان لە پشتیوانیكردنی قەوارەی جولەكەوە بۆ ڕیسواكردنی ئەو قەوارەیە، ئەو پشتیوانیە خەیاڵییەی كە پشت ئەستوور بوو بە سوپایەك لە سیاسەتمەدارو هێزی لۆبیی و میدیا و دامەزراوەكانی توێژینەوە، ئێستا خەریكە بەرەو لاواز بوون و هەڵوەرین دەڕوات! 
2- ئەم ڕێپێوانانە بەو پێیەی لە چەندین زانكۆی گەورە و ڕەسەن و بەناوبانگی وەك (زانكۆی هارڤارد) و (زانكۆی جۆرج واشنتۆن) و (زانكۆی یێڵ) و، لە قوڵایی نێوچینی نوخبەی مەعریفی و ئەكادیمییەوە سەرچاوەیان گرتووە، كە لە ئاستێكی بەرزی هۆشیاری سیاسیدان و گومان لە مەبەست و پاڵنەرو ئامانجی هاتنیان بۆ نێو شەقامەكان ناكرێ، ئەمە دەرخەری ئەوەیە كە بەرەكانی جەنگی ئێستا وەك بەرەكانی جەنگی عەرەب – ئیسرائیل نیە لە ڕابردوودا، بەرەكانی ئەمڕۆ تەنها بەرەكانی ڕووبەڕووبونەوەی ڕاستەوخۆ نیە، بەڵكو ئەو بەرانە پەلیان بەرەو ئەكادیمییەكان و سۆشیال میدیا و نوخبە ئەكتیڤە بەهێزەكەی كۆمەڵگە هاویشتووە! واتە ئەگەر ئەمریكا و ڕۆژئاوا بە سیاسەتەكانی خۆیاندا نەچنەوە و بەدەم داواكاری ڕێپێوانەكان و ناڕەزایەتییەكانەوە نەچن، ئەوا تسۆنامیەكی ڕاستەقینە بەڕێوەیە كە زۆر مەترسیدارتر و كاریگەرترە لەسەر داهاتوو! 
3- شۆڕشی زانكۆكانی ئەمریكا ئەوەی سەلماند كە هەمیشە كۆمەڵگە هۆشیارو بەهێزو تۆكمەكان زامنكەری ڕێزگرتنی مافەكان و دەستوورەكان و یاساكانە و، قەڵایەكی بەهێزە دژ بە خۆسەپاندن و دیكتاتۆرییەت، وڵاتانی ڕۆژئاواش هەمیشە هەوڵیانداوە لە وڵاتانی ئێمەدا ئەو كۆمەڵگە بەهێزو یەكپارچە و تۆكمانە دروست نەبن و نەیەنە كایەوە و، بەردەوام پشتیوانی دیكتاتۆرەكانیان كردووە لەپێناو مانەوەیان لەسەر تەختی دەسەڵات، هەر ئەمەش بوو قەوارەی جولەكەی هەراسان كرد چونكە پرسی غەززە گەیشتە ئەو كۆمەڵگە تۆكمە و هۆشیارو بەهێزانە! دەمەوێ بڵێم: مامەڵەی توندی پۆلیس لەگەڵ قوتابیان و دەستگیركردنیان و بڵاوە پێكردنیان بە زەبری توندوتیژی نیشانەی ئەوەیە ئەگەر ئەو وڵاتانە خاوەن كۆمەڵگای یەكگرتوو و دەزگاو دامەزراوەی یاسایی بەهێز نەبوونایە ئەوا مامەڵەی دەسەڵات و سەركردەكانیان هیچی كەمتر نەبوو لە مامەڵەی دەسەڵات و سەرکردەكانی وڵاتانی جیهانی سێیەم! ئەمەش (ترامپ)ی سەرۆكی پێشووی ئەمریكا ماوەیەك بەر لە ئێستا دانیپێدانا كاتێك باسی (عبدالفتاح سیسی) سەرۆكی میسری كرد و بە (دیكتاتۆرە باشەكەی خۆم) وەسفی كرد! واتە (ترەمپ) ڕاشكاوانە گوزارشتی لە ناخ و دەروون و عەقڵیەتی ڕاستەقینەی زۆرێك لە سیاسەتوانە فەرمانڕەواكانی خۆرئاوا كرد كە لە ناخیاندا ئارەزووی خۆسەپاندن و سەركوتكردن هەیە، ئەگەر بۆشیان بچێتە سەر بێ هیچ سڵەمینەوە و گوێدانە بەهاو پێوەرێكی ئەخلاقی و سیاسی و یاسایی بە سەر گەل و نەتەوەكانیاندا جێبەجێی دەكەن. 
4- دوای ئەوەی چەندین سەدەیە لۆبی زایۆنی كۆنتڕۆڵی زانكۆكانی خۆرئاوای كردووە و، لەڕێی ئەو زانكۆیانەوە ڕەواج بە ڕیوایەت و سەردییەتی ئیسرائیلیانە دەدات لە داگیركردنی فەلەستین، بەڵام شەڕی غەززە و شۆڕشی ئێستەی ئەو زانكۆیانە ئەو پەیامەی گەیاند كە ڕیوایەت و سەردییەتی ئیسرائیلیانە مردوو كۆتایی هات، هەروەها فێڵ و تەڵەكە و خەڵەتاندنی گەلانی ڕۆژئاوا لەلایەن سیاسییەكانەوە كۆتایی هات! نەوەی زانكۆ و تازە پێگەیشتووەكان ئەوەیان بۆ ڕوون بوەوە كە زایۆنیزم تا چ ڕادەیەكی خەیاڵی و بێ سنوور لەنێو سیاسەتو ئابووری ئەمریكادا ئامادەیی قوڵ و كاریگەری هەیە ئەگەرچی لەسەر حیسابی ئەمریكا و بەرژەوەندی ئێستا و داهاتووشی بێت! بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستییەش دەكرێ ئەنجامی ڕاپرسیی ( ناوەندی ڕاپرسیی ڕای گشتی ئەمریكی  --  byu) بەبەڵگە بهێنینەوە كە ئاشكرای كرد %60 گەنج و لاوە ئەمریكییەكان كە تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 29 ساڵ دەبێت دژی قەوارەی جولەكە و پەلامارەكانینی بۆ سەر غەززە و گەلی فەلەستین! 
5- شەڕی غەززە و پەلامارەكانی جولەكە درێژكراوەی ڕووبەڕووبونەوە ئایدۆلۆژیەكانە و شەڕی دژایەتی كردنی بەها مرۆییەكانە ، كە ئەمەش هیزری بەشێكی زۆری زاناو بیرمەندەكانی جیهان و وڵاتانی ئیسلامی سەرقاڵ كردووە! ئاشكرایە پێش ڕوودانی تۆفانی ئەقسا هەموو جیهان بە پرسی ڕەواجدان بە (لادانی سێكسی) وبەرگریكردن لە (هاوڕەگەزبازی) و، بڵاوكردنەوەی ناوەڕۆكی جەندەری كۆمەڵایەتی و لێدان لە بنەما و كۆڵەكەكانی خێزان و كۆمەڵگە سەرقاڵ بوو بوو، ئەمانەش هەمووی لەپێناو دەرچوون و دەرباز بوون لە سیستەمی بەها ئایینی و مرۆیی و ئەخلاقیەكان كە سەرتاسەری جیهان هەر لە ئادەمەوە تا ئەمڕۆ ژیانی لەگەڵدا كردوون و لەگەڵیدا ڕاهاتوون، تۆفانی ئەقسا و ئاسەوارەكانی دوای خۆی (كە ڕێپێوانی زانكۆكان) بەشێكە لەوانە، جارێكی تر مشتومڕی ئەو پێشنیارو بیرۆكانەی گەرم كردەوە، شەڕی غەززە جارێكی تر ئەو پرسیارەی وروژاند كە ئایا شارستانیی خۆرئاوا بەو هەموو ئەفكارانەوە چی پێشكەش كردووە؟! ئایا ئەو بیرۆكانە تا ئەمڕۆبەكوێ گەیشتوون و چ ئاكامێكیان پێشكەش بە مرۆڤایەتی كردووە لەڕووی ڕۆڵی مرۆڤ و نرخ و بەهاكانیەوە؟! ئێستاش لە سەروبەندی سەرهەڵدانی شۆڕشی زانكۆكانی ئەمریكا و جیهان ئەركی گەورەی زاناو بیرمەندو ناوەندەكانی لێكۆڵینەوە و زانكۆكانە لە جیهانی ئیسلامی و عەرەبیدا ئەفكارو تێڕوانین و سەرنجی نوێ پێشكەش بكەن كە توانای ڕووبەڕووبونەوەی ئەو مەعرەكە گەورەیەیان ببێ ، تاوەكو خوێنی گەلی فەلەستین و شەهیدەكانی و ئەو هەموو قوربانییەی پێشكەشیان كردووە لە ڕابردوو و لەماوەی شەش مانگی ڕابردوودا بەتایبەتی بەفیڕۆ نەڕوات! 


05/05/2024



وتارەکانی تری نوسەر