حیزبی خۆم

د. سه‌ردار عه‌زیز

بواری حیزبناسی بوارێکی بەرفراوانی زانستە سیاسییەکانە. پۆلێنکردنی حیزب، تایپۆلۆجی، دیاریکردنی خێزانەکانی حیزب، هەموو بواری تایبەتن و لێکۆڵینەوەی ئێجگار زۆری تیادا ئەنجامدراوە. حیزبی کوردی بە گشتی وەها پۆلێن دەکرێت کە حیزبی نەتەوەیی، ناسیونالیستین، یان حیزبی خێڵەکین. بە گشتی ئەم جۆرە پۆلێنکارییانە وەک جۆرێک لە تانەو تەشەر بەکاردەبرێن لە بڕی پۆلێنکاری زانستی. لەم دواییانەدا چەمکی تر هێنراون وەک سوڵتانیی یان کلیپتۆکراسی، دیسانەوە ئەم پۆلێنکارییانە زیاتر دەچنە خانەی ڕەخنە یان ناڕەزایی دەربڕین. دەکرێت ڕژێمێک سوڵتانی بێت، کە بە پێی ماکس ڤیبەر یانی ڕژێمێکی تەواو شەخسی زیاتر لە کاریزمی و پاترۆمۆنیالیزم، بەڵام حیزبی سوڵتانی ناوازەیە. 

 لە میانەی کنە و پشکنینەکانم لە یەک دوو ساڵی رابوردودا، ئەوەم بۆ دەرکەوت کە سیستەمی حیزبی کوردستان و هەروەها عێراق، بە گشتی سێ جۆرن، شەخسی، خێزانی لە گەڵ بنەماڵەیی. ئەمڕۆ زیاتر باس لە حیزبی شەخسی دەکەم، وەک مۆدێلێک بۆ حیزب. یەکێک لە ئەو وڵاتانەی کە زۆرترین و باشترین کاری لێکۆڵینەوەی لە بواری حیزبدا تیادا ئەنجامدراوە، ئیتالیایە. ماورۆ کالیس چەمکی حیزبی شەخسی، بە کارکردن لە سەر مۆدێلی بێرلیسکۆنی پەرە پێدا. هەرچەندە لێکۆڵەران بڕوایان وەهایە کە حیزبی شەخسی پێشینەی هەیە لە زۆر جێگای دونیا بە شێوازی جیاواز، بۆ نمونە هەندێک حیزبەکەی چارلس دی گۆل بە شەخسی دادەنێن، بەڵام مۆدێلی ئەم سەردەمی حیزبی شەخسی جیاوازە. 

بۆ مەبەستی ئێمە لێرەدا هەوڵدەدەین پێناسەیەکی تایبەت دابڕێژین لە سەر بنەمای حیزبەکانی کوردستان. دەکرێت بڵێین کە حیزبی شەخسی ئەو ڕێکخراوە سیاسییەیە کە کەسێک دایدەمەزرێنێت، خۆی دەبێت بە کەسی سەرەکی و هەتا خاوەن. ئامانجی حیزبەکە خزمەتکردنی بەرژەوەندییە سیاسی و دەرونی و ئابورییەکانی کەسەکەیە. گەرچی هەمیشە خیتابی ئەم جۆرە یەکە سیاسیانە بە ناوی کۆمەڵگا و بەرژەوەندی گشتی و هەموانەوەیە بەڵام کەسایەتی خاوەن حیزب بە سەر هەموویدا زاڵە و هەموو ئەوانی تر ئامرازن نەک ئامانج. 
حیزبی شەخسی پێچەوانەی مۆدێلە باوەکەی حیزبی سیاسییە کە ڕێکخراوێکی کۆمەڵایەتی سیاسییە، لە سەر بنەمای دید و بەرژەوەندی کۆدەبنەوە لە پێناو گەیشتن بە دەسەڵات یان کاریگەری دانان لە سەر ئاراستەی حوکمڕانی. حیزبی شەخسی لە کەسێکدا بەرجەستە دەبێت. ئەو کەسە ئایا خاوەن کاریزمایە، یان توانایەکی باوکانەی هەیە، یان خاوەن توانا و ئامرازە. دەکرێت لێرەدا پۆلنکارییەکی خێرا بکەین: مۆدێلی کۆنی  کاریزما و کەسایەتی تایبەت لە گەڵ مۆدێلی نوێی سەردەمی تەکنەلۆجیا. مۆدێلی کۆنی کەسایەتی کاریزمی و تایبەت ڕەگی لە باوەڕە باوەکانی ناوچەکەی ئێمەدا هەیە کە خەڵکانێکی زۆر هەتا ئەمڕۆش بڕوایان وەهایە کە کەسێک دەکرێت خاوەن توانا و کەرامەتێکی وەها بێت کە جودای بکاتەوە لە خەڵکە ئاساییەکە، لە ئەنجامدا خاوەن توانایەکی بان مرۆییشە. خەڵکی بڕوایان وەهایە کە هەندێک کار بە ئەو کەسە دەکرێت ناتوانڕت بە زۆرینەی خەڵکی بکرێت. مۆدێلی نوێی کاریزما دەرئەنجامی تەکنەلۆجیا و ئەفسانەسازی مۆدێرنە. کەسە خاوەن داهات و ئامرازەکان دەتوانن وێنا و ئیمیجی تایبەت بە خۆیان لە خەیاڵی جەماوەرێکی زۆردا دروست بکەن کە گوایە تایبەتن، بوێرن یان ئازان. ئەمە لە ڕێگای زمان و هەڵسوکەوت و نمایش و وێنا و زۆر بواری ترەوە دەکرێت. ئەم جۆرە نوێیە کارئاسانی زۆری بۆ کراوە لە بەر بڵاوی تەکنەلۆجیای وێنە و خێرایی پەیام و هەرزان بونی.

بۆیە دەکرێت بڵێین حیزبی شەخس بە مۆدێلە نوێیەکەی بەرهەمی تەلەفزیون و فەیسبوک و ئامرازەکانی ترە. حیزبی شەخس کرۆک و ناوەڕۆکی نیە، هەموو شتێک هەیەتی نمایشە. لە ڕوی زمانەوە زمانێکی سادە و شەعبی بەکار دەبات. حیزبەکەی بێرلسکۆنی بە ناو و زمانی وەرزشەوە قسەی دەکرد، بە تایبەت زمانی دوو گۆڵی ئیتالی و جەماوەرەکەی. کاتێک نمایش دەبێتە کرۆک ئەوا ئەوەی حیزب هەیەتی باوەڕدار و خاوەن ئایدەلۆژیا و هەڵگری بەها و پرس و خەمخۆری نیە، بەڵکو چۆنێتی ڕاگرتنی و ڕاکشانی سەرنجی تەماشاکەرانە. بۆیە ئەگەر حیزبی تەقلیدی بە مانا باڵاکەی وەک قوتابخانەیەک بوو بۆ ڕاهێنانی کادیر و ئامادەکردنی کەسەکان بۆ گەیشتن بە دەسەڵات لە پێناو بەڕێوبردنی کۆمەڵگا لە سەر بنەمای دید و ئایدەلۆژیا و ڕوانگەوە، ئەوا حیزبی شەخس بە پێچەوانەوە کاری ڕاهێنان ناکات بۆ باڵابونی کادیر و کەسایەتییەکانی بەڵکو بە زۆری کەسانێکی دەوێت کە نزمتربن لە ئاستی گشتی و ئەو نەوتراو و بڤانە بڵێن کە زۆرینەی خەڵک بە گونجاوی نازانن بیڵێن.

حیزبی شەخس هەمیشە ناسەقامگیرە چونکە لە باشترین دۆخیدا ڕەنگدانەوەی ئیگۆ و باری دەرونی خاوەنەکەیەتی. خاوەن حیزبە شەخسییەکان خۆیان لە لا مەبەستترە لە پێش هەموو شتێکی ترەوە، بۆیە هەمیشە خاوەن دۆخێکی ئیگۆیی و دەرونی ناسەقامگیرن. لە ڕوانگەیەکی ترەوە حیزبی شەخس ناسەقامگیرە چونکە ڕێگە بە ئەوە نادات کە دەزگا و پرۆسەی دەزگایی دروست بێت چ لە ناو حیزبدا و چ لە دەرەوە، چونکە دروستبونی دەزگا وەها دەکات هەتا سنوری دەسەڵاتی ڕەهای کەسی خاوەن حیزب سنوردار بکات چ لە ڕەهەندی کاتەوە، یان لە ڕەهەندی دابەشکردنی ڕۆڵەکان. بۆیە حیزبی شەخس، تەمەنی لە گەڵ تەمەنی شەخسەکەدا، مەگەر ببێت بە خێزانی یان بنەماڵەیی. حیزبی خێزانی جیاوازە لە حیزبی شەخسی. 

لە عێراق و کوردستاندا مۆدێلکی ستالینی حیزب بونی هەبوو، بەڵام ئەوە تەواو بە سەرچوە. هەرچەندە ستالینیەت نمونەی باڵای دەسەڵاتی شەخسە، بەڵام بە مۆدێلکی جیاواز. حیزبی شەخسی ناتوانێت بە ئاسانی ڕێکبکەوێت لە گەڵ هێزەکانی تردا، چونکە ڕێککەوتن و پێکەوەبون ڕەنگە لە پێگە و درەشانەوەی کابرای شەخس کەمبکاتەوە. ئەمەش کرۆکی ناسەقامگیرییەکی درێژخایەنە لە ناوچەکەدا. ئەگەر حیزبی شەخس هەنگاو نەنێت بەرەو خێزانی ئەوا تەمەنی کورت دەبێت و خێرا دەپوکێتەوە. لە داهاتودا دروستبونی حیزب و گروپ بە خێرایی و پوکانەوەیان بە خێرایی دەبێتە دیاردەیەکی باو. پەیوەستبون بە حیزبی شەخس و جیابونەوەی لێی کارێکی زێدە ئاسانە. هەندێک حیزبی شەخسی وەها بەهانە دەهێننەوە کە شەخسی بون تەنها قۆناغێکە هەتا تیادا بتوانن دەزگاکانیان بونیادبنێن، بەڵام کاتێک هێزێک لە سەرەتادا شەخسیە و هەموو بونیادەکانی لە پێناو شەخسدا دروستبوە، ئەستەمە لە سایەی شەخسدا بتوانرێت خۆی دەزگایی بکات، کاتێک کە دەزگاییش نابێت، ئەوا لە گەڵ مردنی شەخسەکەدا لە بڕی ئەوەی ببێت بە دەزگایی ناوەندەکەی توانای بەرگەگرتنی نامێنێت و دەپوکێتەوە. 
حیزبی شەخس ڕەنگە ئەهوەنییەکی دەرونی و دەنگدانەوەی خواستی کەسەکان و غەڵبەغەڵبێکی زۆر دروست بکات بە تایبەتی کاتێک لە دەرەوەی دەسەڵات بێت، بەڵام هەرگیز ناتوانێت هیچ باشەیەکی بەرچاو پێشکەش بە کۆمەڵگا بکات. حیزبی شەخس لەو مۆدێلە حکومڕانیەیە کە پێی دەوترێت پریدەتۆری؛ بەو مانایە سیستەمێکی سیاسی کە بۆ خۆی دەبات. ئەم سیستەمە ئامانجی بردنی سامان و دەوڵەمەندبونە لە میانەی سیاسەتکردندا. بۆیە هاتنی بۆ ناو سیاسەت بۆ بردن و خزمەتکردنی کەسەکەیە، نەک کۆمەڵگا. کۆمەڵگا تەنها ئامرازێکە وەک فشار سودی لێدەبینرێت. 

بۆ مرۆڤی کورد کە ئاشنا نیە بە سیاسەتی سەردەم و دەزگا و حوکمداریی و مێژوی دەسەڵات ئاسانە بە نمایشەکانی شەخس فریو بخوات، نەتوانێت هەموو وێنەکە ببینێت. کەسێک لە قسەیەک یان قیڕەیەکدا کۆ بکاتەوە. شەخس بە دڵی خەڵکە چونکە بە خەڵکی دەڵێت ئەرکی ئێوە تەنها ئەوەیە کە پشتیوانی من بکەن، ئیتر پاش ئەوە دونیا دەبێتە شامی شەریف. حیزبی شەخس داوای ئەرک و ڕۆڵ و کار و زەحمەت لە ئەوانیتر ناکات، چونکە ئامانجی سەرەکی بەکاربردنی ئەوانیترە.

08/04/2022



وتارەکانی تری نوسەر