کوردی ڕۆژهەڵات و حوکمداریی

د. سه‌ردار عه‌زیز
ساڵانێکی زۆرە دونیا کوردستانی ڕۆژهەڵاتی خستوەتە خانەی لەبیرچونەوە. هۆکاری ئەمە زۆرن. بەڵام ئێستا خەریکە دەبنە جێگای سەرنج و بۆنی دەسەڵات دەکەن. لە گەڵ ئەم سەرنج و گرنگی پێدانەدا عەیب و عاری ئەوانیش زیاتر دەردەکەوێت. ئەوەی دەیبینین و دەیبیستین وەک کوردانی جێگاکانی تر، بێتواناییە لە زاڵبون بە سەر گرێ شەخسی و گروپی و مێژوییەکاندا.

ئێستا شەڕ لە سەر دروشم و سیمبولە. بیهێنە پێش چاوی خۆت سبەین کە دەسەڵات و پۆست و پلە و پایە و چێژ و خۆشی تری زۆر دێنە مەیدان دەبێت شەڕەکە بگاتە چی؟ هەر لە ئێستاوە باس لە ناوچەی کام گروپ و حیزب دەکرێت کە سەرەتایەکە بۆ پێشاندانی خێلەکێتی  و فیودالیزمی سیاسی لە بڕی تێگەیشتن لە چەمکی تیرەتۆری کە بنەمای حوکمڕانی مۆدێرنە.

پاشخانی زۆرێک لەم گروپانە چەپە. دیارە چەپ مۆدێل و شێوازی زۆرە، بەڵام بە گشتی کۆمەڵێک خەسڵەتیان هەیە، سازش نەکردن، مەسیانزیم، یانی بڕوابون بەوەی کە داهاتوو بۆ ئەوانە، ئەمە لە گەڵ مەسیانیزمی مەهدی شیعەدا تەبایە لە ئاستی میتۆدا، گیرۆدەبون بە بونی زمانی لە بڕی واقیع، لێرە مەبەستم ڤیگنیشتاینە.

ئەوەی هێزە ڕۆژهەڵاتییەکان دەبێت ئەزمونی لێ وەربگرن باشور و کۆماری ئیسلامییە. باشور هێشتا نەیتوانیوە بە سەر کۆدەردی شەڕی ناوخۆدا سەربکەوێت. شەڕی ناوخۆ لە باشور هێندە ڕۆچوە کە نەک خەڵکی هەستی پێناکات، وەک چۆن هەست ناکەن بە هەڵمژینی هەوا، بەڵکو بەبێ ئەوە ناتوانن بژین. ئەمە ئەزمونێکی زێرینە نەک چۆن دوبارەی بکەیتەوە بەڵکو چۆن خۆتی لێ بپارێزیت. ئەزمونی دووەم، کۆماری ئیسلامییە.

کۆماری ئیسلامی لە سەر قەیرانێکی قوڵی نوێنەرایەتی دروستبوە. کرۆکی تێزی خومەینی دروستکردنی نوێنەرێکە بۆ پێغەمبەر لە سەروەریی هەیە بە سەر حکومەتێکی سەردەمیانە. ئەم نوێنەری پێغەمبەرە کە فەقیهە، حاکمی مرۆڤەکانە بە دابراو لێیان. ئەم مۆدێلە دیسانەوە کێڵگەیەکی بە پیتە بۆ بیرکردنەوە لە چۆنێتی بونیادنانی سیستەمێکی نوێنەرایەتی جیاواز. دونیای سیاسەتی کوردی هێشتا فێرنەبوە کە چەمکی نوێنەرایەتی چییە. کارێکی ووردم لەمبارەوە بۆ خانەی بیری هۆڵەندی کلینگەدێل کردوە بەڵام لە بەر ئاڵۆزی هەر درێژە دەکێشێت.

23/10/2022



وتارەکانی تری نوسەر