حەشدی شەعبی هێز بەرەو سەرگەڕانی دوبز دەجوڵێنێت



حەشدی شەعبی ھێزەکانی بەرەو ئاراستەی ناحیەی سەرگەڕانی سەر بە قەزای دوبز لە کرکوک جووڵە پێ کردووەو، بەرپرسێکی پارتییش لە مەخموور ھەبوونی ئەو ھێزانە لە دەڤەرەکە بە مەترسی دەزانێت بۆ سەر خەڵکی ناوچەکە. 

 
کرمانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی ٢٣ی قەرەچۆغ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاندووە "جووڵەیەکی سەربازی لە ناوچەی پەلکانەی سەر بە ناحیەی سەرگەڕان ھەیە، کێشە و ئاڵۆزییەکانی دەڤەری سەرگەڕان ھەروەک خۆی ماوە و چارەسەر نەکراوە، بەتایبەتی زانیاریمان بۆ ھاتووە ھێزێکی حەشدی شەعبی گەیشتووەتە ناوچەکە."


بەرپرسەکەی پارتی دەشڵێت "بەردەوام ھێزەکانی حەشد و سوپای عێراق دێنە ناوچەکە، بێگومان ھەر ھاتنی ئەو ھێزانە بۆ سنووری سەرگەڕان ناسرووشتییە و کاریگەریی لەسەر دانیشتووانی کوردی ئەو سنوورە دەبێت."


کرمانج عەبدوڵڵا ڕوونی کردەوە: "ئەگەر بۆیان بچێتە سەر حەشد و ھێزە عێراقییەکان ھەموو گوندەکانی سنوورەکە تەعریب دەکەن، ھەر دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر ناوچەکە لەژێر مەترسیدایە و بەردەوام ئاڵۆزی بە خۆیەوە دەبینێت".

 


PM:09:19:31/01/2021