زانیاری نوێ سەبارەت بە گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا لەبارەی پرۆژەیاسایی (٢٠٢١)ی گشتی عیراق

وتەبێژی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم داتاکانی سەبارەت بە کەرتی نەوت و داهاتەکانی خستووەتەڕوو و بەشێوەیەکی زۆر یاسایی گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتە کراوە".

 

د. جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی ھەرێمی كوردستان سەبارەت بە گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا لەبارەی پرۆژەبودجەی ٢٠٢١ی گشتیی عێراق بە کوردستان ٢٤ی ڕاگەیاند" ئێمە پابەندین بە هەر ئیلتزامێک کە لەچوارچێوەی دەستووردا هاتووە. حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی زۆر شەفاف لەگەڵ ئەم دۆخە و ئەم بابەتە هەڵسوکەوتی کردووە. (حکومەت) سەرجەم داتاکان سەبارەت بە کەرتی نەوت و داهاتەکانی خستووەتەڕوو و بەشێوەیەکی زۆر یاسایی گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتە کراوە. ئەو بابەتانەی حکومەتی عێراقی یان لیژنەی دارایی (ـی پەرلەمانی عێراق) پێویستی پێ هەبووە، ئێمە بۆمان باس کردوون وگفتوگۆمان لەسەر کردووە، ناڵێم سەدا سەد، بەڵام خۆشبەختانە گەیشتووینە کۆتایی ئەم گفتوگۆیە، هیوادارین ئەم یاسایە، بەپێی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ حکومەتی عێراق کراوە، لە پەرلەمان تێپەڕێت و دەنگی لەسەر بدرێت".

وتەبێژی حکومەت باسی لەوەسکرد، ئەم وردەکارییە پەیوەستە بە پابەندییەکانی هەردوولا، ئێمە کە بڕیارمان داوە پابەند بین بە ناردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بۆ بەغدا یان بەهای ئەو ٢٥٠ هەزار بەرمیلە، دەبێت حکومەتی عێراقیش پابەند بێت بە خودی ئەو وردەکاری و دەققانەی لەنێو یاساکەدا هاتوون. ئەمە بابەتێکی یەکلاکەرەوەیە بۆ ئێمە: چۆن حکومەتی هەرێم ئامادەیە پابەندییەکانی جێبەجێ بکات، دەبێت حکومەتی عیراقیش لەو چوارچێوەیە پابەند بێت، هەر شتێکی لەم حاڵەتانەش هاتووەتەپێش، پێموایە ئەمە قسەی لەسەر دەکرێت و شاندی حکومەتی هەرێم سەبارەت بەو بابەتە دەتوانێت قسەی زیاتر بکات و ئەڵتێرنەتیڤەکانی لەبەردەستە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی هاوبەش کە لە بەرژەوەندیی هەردوولا بێت. 

لەبارەی ئەگەری رێکنەکەوتینش جوتیار عادل وتی" ئێمە ئومێدەوارین ئەم یاسایە دەنگی لەسەر بدرێت و پەسەند بکرێت، بەڵام ئەگەر ئەم یاسایە تێنەپەڕی، بێگومان حکومەتی هەرێم پلانی خۆی هەیە، لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ سەرۆکی حکومەت وەزارەتی پلاندانان و دارایی راسپاردووە یاسای بودجە دابنرێت، ئێستاش پرۆسەکە بەردەوامە بەپێی؛ ئەو داهاتەی حکومەت هەیەتی بە پشتبەستن بە بەو میکانیزمانەی پەیوەستن بە بابەتی چاکسازی و کەمکردنەوەی خەرجییەکان و رێکخستنەوەی داهاتەکان، ئەگەر نەتوانرا ئەم یاسایە (یاسای بودجەی ٢٠٢١ی عێراق) تێپەڕێنرێت، بێگومان بەدیلی دیکە هەیە".



AM:11:40:01/02/2021