ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی

لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی کۆبووەو لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند" حكومەتەكەی سوورە لەجێبەجێكردنی چاكسازی و نەهێشتنی گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی". 

 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی نوسینەگەی سەرۆکایەتی حکومەت، لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی( یاسای چاکسازی لە موچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی)، لە وەزارەت و دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا. 

 

سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە ئامانج لە چاکسازی هێنانەدی دادپەوەری و پاراستنی مافی خەڵکی شایستەیە. دوپاتیشی کردەوە کە چاکسازی پرۆسەیەکی بەردەوامە و سەرجەم کەرتەکان دەگرێتەوە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش سورە لە سەر درێژەدان بە چاکسازیی کارگێڕیی و دارایی و نەهێشتنی گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی. 

ئەوەش ئاشکراکرا، لە کۆبوەنەوەکەدا عەبدولحەکیم خسرەو سکرتێری لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی خستەڕو. 

لای خۆشییەوە، وەزیرە پەیوەندیدارەکان بە پێی تایبەتمەندی، ڕاپۆرتی خۆیان سەبارەت بە بەرەوپێشچونەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، بە ژمارە و زانیاری پێویست پێشکەش کرد، کە تایبەت بو بە بابەتەکانی پەیوەندیدار بە موچە و ئیمتیازات و خانەنشینی و ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و نەهێشتنی ڕوتین لە فەرمانگە و دامودەزگاکانی حکومەتدا .

دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، بڕیاردرا ژمارەیەک ڕاسپاردە بخڕێنە بەردەم کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بەمەبەستی تەواوکردنی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی. 



PM:06:34:08/02/2021