کەنەکە: دادگاییکردنی چالاکوانان و رۆژنامەنوسانی بادینان سەرکۆنە و مەحکوم دەکەین

کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ کۆنگرەی نەتەوەی کورد رایدەگەیەنێت" دادگاییکردنی چالاکوانان و رۆژنامەنووسانی بادینان بە نایاسایی و نا دادپەروەری دەزانین، داوا لە دادگای تەمیز دەکەین کە ئەو بڕیارە هەڵبوەشێنرێتەوە".

 

لە بەیاننامەیەکدا کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ (کەنەکە) ئاماژەی بەوە کردووە" تێپەڕاندن و قەبوڵکردنی ئەم جۆرە بڕیارانەی دادگاکانی هەرێمی کوردستان، سەروەربوونی یاسا و ئازادی را و را دەربڕین و دیموکراسیی بەرەو ئاراستەیەکی ترسناک و ماڵوێرانکەر دەبات و زەرەر بە هەموو پرۆسەکە دەگەیێنێت".

 

ئەوەش هاتووە" دەنگمان دەخەینە پاڵ دەنگی هەموو ئەو دڵسۆز و مافخواز و رێکخراوەکانی بواری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان و ئەم بڕیارەی دادگاییکردنی چالاکوان و رۆژنامەنووسانی دەڤەری باددینان سەرکۆنە و مەحکوم دەکەین، بۆیە داوا لە دادگای تەمیز دەکەین کە بە زووترین کات بریارەکە هەڵوەشێنێتەوە و ئەو کەسانە ئازادبکرێن". 

 

راگەیەندراوی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ (کەنەکە): 

 
دادگاییکردنی چالاکوانان و رۆژنامەنووسانی بەهدینان بە نایاسایی و نا دادپەروەری دەزانین!

داوا لە دادگای تەمیز دەکەین کە ئەو بڕیارە هەڵبوەشێنرێتەوە.

رۆژی سێشەممە 16 ی شوباتی 2021 دادگای دووی هەولێر 5 – پێنج لە چالاکوان و رۆژنامەنووسانی دەڤەری بەهدینان هەر یەک لە ( شێروان شێروانی، گوهدار زێباری، هاریوان عیسا مامۆستا شڤان سەعید و ئەیاد کەرەم ) بە شەش ساڵ زیندانی دادگایی کرد. بەگوێرەی ئاگاداری و زانیاریەکانمان لە چۆنیەتی بەڕێوچوونی دانیشتنی دادگاییکردندا، بە گشتی نادادپەروەرانە و  نایاساییانە بوو. سەد لە سەد سیاسی و تاک لایەنانە بوو. 

 

لەلایەکەوە ئەوا بۆ یەکەم جارە لە ماوەی 30 ساڵی حوکمڕانی  لە باشووری کوردستان دا دەبینرێت و هەستدەکرێت کە دادگە و دادوەر هەیە و خەڵک دادگا دەکات. هەڵبەت سیستەمی بەڕێوەبەرایەتیی هەر حوکمڕانیەک بە دەستوور و یاساوە جوان و شارستانییە و سەرکەوتوو دەبێت، بەڵام دەبێ  یاسا و دادگەیەکەی دادپەروەرانە و تا سەر ئێسقان سەربەخۆ بێت. هەروەها بە رەهایی لەژێر فەرمانی لایەن و حیزبەکانەوە نەبێت و ئازادانە و عادیلانە لە سەرووی دەسەڵاتەوە بڕیار بدات، واتە سەروەری هەموو دەسەڵاتەکانەوە بێت. نەک رق و کینەی حیزبی ببێتە بڕیاری دادگا و بە ناحەق هاوڵاتیان دادگابکرێن. ئەوەی دوێنی لە ناو هۆڵی دادگا دا بەڕێوەچوو و ئەو حوکمەی لێکەوتەوە، رێک ویست و بڕیاری سیاسیی حیزبی بوو و چەند رۆژێک پێشتر خەڵکی ئەو تۆمەتانەیان لە زاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمەوە بیست و رێک هەر ئەو قسانەیشی بوونە بڕیاری دادگایی کردنەکە. لەلایەکی ترەوە ئەو تاوانانەی کە لە سەری دادگایی کران بێ بەڵگەو بێ بنەمای یاسایی بوون و لە هەندێک کەیسیشدا دەبوو بە دواداچوونی زیاتری بۆ بکرایا، ئەوجا بڕیاری لەسەر بدرایە. 

 

تێپەڕاندن و قەبوڵکردنی ئەم جۆرە بڕیارانەی دادگاکانی هەرێمی کوردستان، سەروەربوونی یاسا و ئازادی را و را دەربڕین و دیموکراسیی بەرەو ئاراستەیەکی ترسناک و ماڵوێرانکەر دەبات و زەرەر بە هەموو پرۆسەکە دەگەیێنێت. 

 

- بۆیە ئێمە لە کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان دەنگمان دەخەینە پاڵ دەنگی هەموو ئەو دڵسۆز و مافخواز و رێکخراوەکانی بواری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان و ئەم بڕیارەی دادگاییکردنی چالاکوان و رۆژنامەنووسانی دەڤەری بەهدینان سەرکۆنە و مەحکوم دەکەین.

 

- داوا لە دادگای تەمیز دەکەین کە بە زووترین کات بریارەکە هەڵوەشێنێتەوە و ئەو بەڕێزانە ئازادبکرێن. 

کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ ـی ک ن ک ـه
17 ی شوبات 2021



PM:06:30:18/02/2021