ئاسایشی سلێمانی: هەشت کەس بەتۆمەتی دزینی بڕە پارەیەکی زۆر دەستگیرکران

ئاسایشی سلێمانی رایدەگەیەنێت" دوو کاسبکاری ئاڵوگۆڕی دراو دەیان هەزار دۆلاریان لێدزراوە، لەسەر ئەو روداوەش هەشت کەس دەستگیکراون". 

 

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ هەینی، لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەبڕیاری دادوەرو لە چەند چالاکییەکی جیاوازدا لە نێوان ڕۆژانی (٢٠٢١/٢/٧ بۆ ٢٠٢١/٢/٢٢)، لەناو شاری سلێمانی، ھێزەکانیان باندێکی (٨) کەسیان دەستگیركردون کە سەرجەمیان بە ڕەچەڵەک کوردن و ھەستاون بە ئەنجامدانی دو تاوانی جیاواز لە دو کات و شوێنی جیاوازدا.

بەپێی راگەیەندراوەكە، تاوانەکانی ئەو باندە بریتی بون لە دزینی پارە لە دو کاسبکاری نوسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو لەناو شاری سلێمانی، کە لە تاوانی یەکەمدا بڕی ٦٠ هەزار دۆلاری ئەمریكی و لە تاوانی دوەمدا ٤٧ ملیۆن دیناری عێراقیان لەو کاسبکارانە سەندوە.

ئاسایشی سلێمانی ئاماژەی بەوەداوە كە ئەندامانی ئەو باندە، پاش ئەنجامدانی تاوانەکانیان و خۆحەشاردانیان، دەستگیركراون.

ئەوەشی خستۆتەڕوو، كە لە ئێستادا بەفەرمانی دادوەر تۆمەتبارەكان ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لەکەیسەکەیان بەردەوامە.

بەپێی راگەیەندراوەكە تۆمەتبارەكان پێكهاتون لە:

(م ، أ ، س/ لەدایکبوی ساڵی ١٩٩١)
(ع ، ع ، ع / لەدایکبوی ساڵی ١٩٨٦)
(ڕ ، م ، ل/ لەدایکبوی ساڵی ١٩٨٧)
(ب ، ح ، ع/ لەدایکبوی ساڵی ١٩٨٩)
(ی ، أ ، س/ لەدایکبوی ساڵی ١٩٧٩)
(ب ، ح ، ع/ لەدایکبوی ساڵی ١٩٩٧) 
(س ، أ ، أ/ لەدایکبوی ساڵی ١٩٩٨) 
(خ ، ح ، ع/ لەدایکبوی ساڵی ١٩٨٦) 



PM:01:11:26/02/2021