450 چەكداری بەریتانیان هەیە
لاهور شێخ جەنگی: داعش پەلاماری بریتانیاش دەدات

 لاهور شێخ جەنگی بەرپرسی دەزگای دژەتێرۆری حكومەتی هەرێمی كوردستان، پێیوایە رەنگەی چەكدارەكانی داعش پەلاماری تیرۆریستی لە بەریتانیا ئەنجام بدەن.
 
لەمیانەی چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی (SkyNews)، لاهور شێخ جەنگی بەرپرسی دەزگای دژەتێرۆری حكومەتی هەرێمی كوردستان، رایگەیاندوە: بەپێی زانیارییەكانمان نزیكەی 450 چەكداری بەرەگەز بەریتانی لەنێو ریزی چەكدارانی تۆری تێرۆریستی داعش دا هەن، ئەگەر تەنیا 10%ی ئەو چەكدارانەش رزگاریان بێت و ئەگەر من (ئەبو بەكر بەغدادی) بناسم كەسەركردەیەكی ئەو گروپەیە، دڵنیام ئەو چەكدارانە بەكاردەهێنێت بۆ پەلاماردانی بریتانیا.

لاهور راشیگەیاندوە كەئەوان هێزی هاوپەیمانییان نەبینیوەو ئاماژەشی بەوەكردوە كەهێرشی ئاسمانیی بەگرنگ دەزانن بۆ لەناوبردنی ئەو چەكدارانە بەڵام دەبێ زۆر بەخێرایی بێت.

لاهور شێخ جەنگی وتیشی: لەبەرامبەر هەموو ئەمانەشدا وڵاتانی خۆرئاوا نابێ ئەو كێشمەكێشە تەنیا بەوە بزانن كەدژی حكومەتی عێراقە، چونكە ئەوانە چەك و تەقەمەنی زۆریان هەیە و دەستیان كەوتوە، كەرووبەرووبونەوەیان سەخت دەبێ و تەنیا عێراقیش ناگرێتەوە مەترسی بۆ سەر وڵاتانی تری ئەوروپاش دەبێت.

پەیامی ئێمە بۆ كۆمەڵی نێودەوڵەتی، نابێ ئەمە بەئاسانی وەربگرن، چونكە ئەم شەرە تەنیا لەدژی حكومەتی عێراق و گەلی كورد نیە لێرە، ئەم شەڕە ئەوانیش دەگرێتەوە، دەچێتەوە بۆ ئەوروپا و ئەمریكاش، ئەوانیش دەبێ پەیوەندییان هەبێ و بێنە سەر خەت، ناڵێین هێزەكانیان بهێنن بەڵام لانی كەم دەبێ هێرشی ئاسمانی ئەنجام بدەن بۆ هاوكاری هێزەكانمان و بڕێك چەك و تەقەمەنیشمان بۆ دابین بكەن.



PM:02:21:19/06/2014