لیژنەی باڵای رووبەرووبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا چەند بڕیارێکی نوێی دەرکرد

لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی نوێی دەرکرد و تیایدا بڕیاری دا رۆژانی پێنجشەممە بە هەمان شێوەی رۆژانی هەینی و شەممە لە دامودەزگاکانی حکومەت بکرێتە پشووی فەرمی.

سامان بەرزنجى وەزیرى تەندروستى حکومەتی هەرێمی کوردستان کەمێک پێش ئێستا لە كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند" تا ١٠ ى مانگى داهاتوو تەنها بۆ تاقیکردنەوە دەوامى ناوەندەکانى خوێندن دەکرێت".

وتیشی" رۆژانی پێنجشەممە بە هەمان شێوەی رۆژانی هەینی و شەممە لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێتە پشووی فەرمی".

وەزیری تەندروستی هەرێم ئاماژەی بەوەشکرد" هاتوچۆی نێوان پارێزگاکانی عێراق و هەرێم لە رۆژانی پێنجشەممە، هەینی و شەممە قەدەغە دەبێت و تەنیا بارهەڵگرەکان و چەند لایەنێکی دیکەی دیاریکراو رێگەیان پێدەدرێت لەو رۆژانەدا هاتوچۆ بکەن".

ڕاشیگەیاند" یانە و کافتریا و خزمەتگوزارییەکانی پێشکەشکردنی نێرگەلە لە کاتژمێر ٩:٠٠ی شەو تا کاتژمێر ٦:٠٠ى بەیانى دادەخرێن".

ئەوەشی خستەڕوو، بۆنە ئایینی و کۆمەڵایەتیی و دانانی پرسە و کۆڕ و کۆبوونەوەکان قەدەغەیە و هۆڵی بۆنەکان دادەخرێن، هەرکەسێک پابەندی بڕیارەکان نەبێت سزا دەدرێت. 


PM:03:37:30/03/2021