حکومەتی هەرێم ڕاپۆرتی چاکسازی لە بواری باج ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان دەکات

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێم ئاشکرایکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان راپۆرتی چاکسازی لە بواری باج رەوانەی پەرلەمانی کوردستان کرد. 

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویکردەوە، چوارچێوەی هێڵە گشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری چاکسازی کە پێداگرى لەسەر چاکسازیی سیستەمی باج بەشێویەکی دادپەروەرانە دەکاتەوە لە وەرگرتنی باج و گرتنەبەری هەمو ڕێکارێکی یاسایی و کارگێڕی بۆ ڕێگەگرتن لە خۆدزینەوە لە باج و میکانیزم و پێوەری تازە بۆ ڕێکخستنی باج."

ئەوەشی خستۆتەڕوو، لەو پێناوەشدا حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک ڕێکاری گرتۆتەبەر کە بریتین لە:

یەکەم: بە فەرمانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە وەرگرتنی باجی دەرامەت لەسەر بەرهەمە نەوتی و سوتەمەنییەکان و مەوادی کیمیایی تایبەت بە سوتەمەنییەکان و پاشەڕۆی سوتەمەنییەکان، باج بەم شێوەیە وەربگیردرێت کە لە ڕێکەوتى ٢٠٢١/٣/٥ چوەتە بواری جێبەجێکردنەوە:

ـ ٧% باج لە بەها لە کاتی هاوردەکردن

ـ ٤% باج لە بەها لە کاتی هەناردەکردن

دووەم: مامەڵەی هیچ کۆمپانیایەکی نەوت و گاز ڕایی ناکرێت تا پاکانەی باجی لەگەڵدا نەبێت.

سێیەم: وردبینیی بڕی باجی خەمڵێنراو لە لایەن وەزارەتى سامانە سروشتییەکان ئەنجام دەدرێت.

چوارەم: دەبێ سەرجەم کۆمپانیاکانی دابینکار (Suppliers) خۆیان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، تۆمار بکەن.

پێنجەم: وەرگرتنی باج لە کارمەندی بیانیی بواری نەوت و گاز کە لە ڕێکەوتى ٢٠٢١/١/١٧ چوەتە بواری جێبەجێکردنەوە.


PM:08:01:10/05/2021