لەساڵیادی دامەزراندنیدا یەکێتی مامۆستایان داوای نەمانی لێبڕینی مووچە دەکات

یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لە ساڵیادی دامەزراندنیدا، داوای کۆتاییھێنان بە لێبڕینی مووچە و گەڕانەوەی مووچە پاشەکەوتکراوەکان دەکەن. 

یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لە یادی ٥٩ ساڵەی دامەزراندنیدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا داوا لە حکومەتی ھەرێم دەکات کۆتایی بە لێبڕینی نایاسایی مووچە بھێنێت و ژمارەی بانکی بۆ سەرجەم مامۆستایان بکاتەوە و مووچەی ئەو مانگانەیان بۆ بگەڕێنێتەوە کە نەدراون یان پاشەکەوت کراون.

داواش دەکات مامۆستایانی وانەبێژ کە لە ئێستادا بۆشایی دانەمەزراندنی مامۆستایانیان پڕکردووەتەوە، خزمەتیان لە بەرچاو بگیرێت و بە بەردەوامی شایستە داراییەکانیان پێبدرێت و بە گرێبەست یان ھەمیشەیی دایان بمەزرێنن. یەکێتی مامۆستایان داواش دەکات پلە و مووچە بەرزکردنەوە کە لە ساڵی ٢٠١٥ەوە ڕاگیراوە، دەستپێبکاتەوە.

جەختیش دەکاتەوە، لە جێبەجێکردنی ڕەشنوسی پارێزبەندی مامۆستایان کە ٣ ساڵ زیاترە ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان کراوەو هەروەها لە یاسای چاکسازی دەست بۆ دەرماڵەی مامۆستایان بە گشتی و مامۆستایانی زانکۆ بە تایبەتی نەبرێت، لە یەکخستنی یاسای خانەنشینیش دادپەروەری لەبەرچاو بگیرێت.


PM:03:08:15/05/2021