دادوەرانی کوردستان پڕۆژەی چاکسازی بواری دادوەری رادەگەیەنن

٨٥ دادوەر و داواکاری گشتی لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان پرۆژەیەک وەک نەخشە رێگایەک بۆ چاکسازی لە بواری دادوەری لە هەرێمی کوردستاندا رادەگەیەنن.

لەو پرۆژەیەدا کە دانەیەکی دەست ماڵپەڕی " سپی " کەوتووەو ئەو ٨٥ ئاراستەی ئەنجومەنی دادوەری و  پەرلەمانی كوردستان، سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەتی هەرێمی كوردستانیان كردوە، داوا دەکەن " سیستمی لێكۆڵینەوە گۆڕانكاری بەسەردا بكرێت و ناكرێت لەساڵی 2021 بژین و بەهەمان سیستمی لێكۆڵینەوەی ساڵانی حەفتاكان و هەشتاكان لێكۆڵینەوە لە تاوانەكان ئەنجام بدرێت".

هەروەها هاتووە " رەشنوسی یاسای سەرپەرشتیاری دادوەری لەلایەن ئەنجومەنی دادوەرییەوە ئامادە بكرێت و رەوانەی پەرلەمانی كوردستان بكرێت بەمەبەستی دەرچواندنی و ئەندامیەتی ئەنجومەنی دادوەریش تەواو بكرێت بە ئەندامبونی سەرۆكی سەرپەرشتیاری دادوەری."

هەروەك پێشنیاریان كردوە "دەزگای داواكاری گشتی یاسایەكی تۆكمەی باشی بۆ دەرچوێندرێت و سەربەخۆیی دارایی و كارگێڕی ئەم دەزگایە فەراهەم بكرێت."

داواشیان کردووە  بۆ زامنكردنی زیاتری سەربەخۆبونی دەسەڵاتی دادوەری پێویست دەكات ئەم دەسەڵاتە بودجەی تایبەت بەخۆی هەبێت.

هەروەها داواشیان كردوە، پەیمانگای دادوەری لە هەرێم لە وەزارەتی داد جیابكرێتەوەو بخرێتە سەر ئەنجومەنی دادوەری.

دەربارەی رێگاگرتن لە قاچاخچێتی، لە نەخشەڕێگاكەی ئەو دادوەرانەدا هاتووە " بەمەبەستی كۆنترۆڵكردن و رێگەگرتن لە قاچاخچییەتی لە دەروازە سنورییەكان پێویستە گرنگی تایبەت بدرێت بە دادگاكانی گومرگی لە پارێزگاكانی هەرێم ئەوەش بە دابینكردنی شوێنی گونجاو و دادوەرو لێكۆڵەری بەتواناو پێشخستنی شێوازەكانی لێكۆڵینەوەو باشتر وایە ئەم دادگایانە لەنێو دەروازە سنورییەكان بكرێتەوە".

باسیان لەوەش کردووە" لەبەرئەوەی سەرچاوەی هەر سێ دەسەڵاتەكە گەل و خەڵكە بۆیە پێویستە دەسەڵاتی دادوەری هاوشێوەی هەردو دەسەڵاتەكەی تر لە پڕۆسەی دیموكراسی و ئاڵوگۆڕكردنی پۆستی باڵای ئەم دەسەڵاتە بەدور نەبێت. داواكارین پۆستەكانی سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری و سەرۆكی دادگاكانی تێهەڵچونەوەو سەرۆكی داواكاری گشتی و سەرۆكی سەرپەرشتیاری دادوەری بەپێی سیستەمێكی تایبەتی هەڵبژاردن یەكلایی بكرێنەوەو دیاری بكرێن و تەنها بۆ دو خولی لەدوای یەك بێت."



PM:07:12:17/05/2021