" چەند دەروازەکانی ناوچەی سەوز لەلایەن حەشدی شەعبیەوە کۆنترۆڵکراوە "

لە بەرامبەر دەستگیرکردنی فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە بە درێژایی ئەمڕۆ بارگرژی لە نێوان هێزە ئەمنییەکانی عێراق و حەشدی شەعبی دروستبوو، لە دوا هەنگاویشدا حەشدی شەعبی گەمارۆی هەموو ناوچەی سەوزیان داوەو دەروازەکانیان تەنیووە.

حەشدی شەعبی داوای ئازادکردنی فەرماندەکەیان" قاسم مەحمود " دەکەن کە ئەمڕۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ئەنبار دەستگیرکرا بەپێی " یاسای تیرۆر " و، حکومەتی عێراق جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ناوبراو دەستی هەیە لە تیرۆرکردنی چالاکوانانی خۆپیشاندانەکانی نەجەف و هەروەها بۆردومانکردنی بنکە سەربازییەکانی عێراق کە سووپای عێراق و ئەمەریکییەکانی تێدا بووە.

ئەم ئێوارەیە، شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە بڵآوکراوەیەکدا ڕایگەیاند " قاسم مەحمود کەریم، فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لەپارێزگای ئەنبار  بەگوێرەی یاداشتێکی فەرمیی داداگا و ماددەی چواری تیرۆر دەستگیر کرا".  

هەروەها هاتووە " لەسەر ڕۆشنایی یاداشتێکی داداگا کە لە ٢١ ی ئایاری ٢٠٢١ دا دەرچووە و پەپێی ماددەی چواری تیرۆر، هێزێکی ئەمنیی بەرەبەیانی ئەمڕۆ تاوانبار قاسم مەحمود کەریم موسلیح، فەرماندەی ئۆپڕاسیۆنەکانیی حەشدی شەعبی لە پارێزگای ئەنبار دەستگیرکردووە".  

ئاماژە بەوەشکراوە "لە ئێستادا لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی هاوبەش  لێکۆڵینەوە لەو تۆمەتانە دەکات کە ئاراستەی تاوانبارەکە کراوە".  

شانەکە جەختیی لەوەشکردووەتەوە "هەموو دەزگا ئەمنییەکان لەژێر رکێف و کۆنتڕۆڵی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکاندایە، ئۆپڕاسۆنەکەش لەدژی هیچ لایەنێک و کەسێدا ئەنجام نەدراوە و هێزە ئەمنییەکان نییەتی ئەوەیان نییە هیچ لایەنێک بکەن بە ئامانج". 

هەر ئەمشەو ژمارەیەک سەرکردەی هێزە عێراقییەکان لەگەڵ کازمی لە کۆبوونەوەدان بۆ خاوکردنەوەی کێشەکان، هەرچی حەشدی شەعبییە داوای ئازادکردنی " قاسم موسلێح " دەکەن، کازمیش تا ئێستا ئازادی نەکردووە.
  



PM:08:38:26/05/2021