حەشدی شەعبی ئازادکردنی قاسم موسلیحی راگەیاند

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی حه‌شدی شه‌عبی ئازادکردنی قاسم موسلیح فه‌رمانده‌ی حه‌شدی شه‌عبی راگەیاند و ئاشکرای کرد کە گه‌یشتوه‌ته‌ ماڵی فالح فه‌یاز سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی، ئەوە لە کاتێکدایە مستەفا کازمی سەرۆک رەتیدەکاتەوە ئازادکرابێت. 

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی حه‌شدی شه‌عبی  لە رایگه‌یاندراوێکدا ئاشکرای کرد کە ئاسایشی حه‌شدی شه‌عبی، قاسم موسلیحی وه‌رگرتوه‌، دوای ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن هێزه‌كانی حكومه‌ت ده‌ستگیركرابوو.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە قاسم موسلیح ئێستا له‌ ماڵی فالح فه‌یاز سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبیه‌ به‌ هاوڕێیه‌تی ژماره‌یه‌ك له‌سه‌ركرده‌ و كه‌سایه‌تیه‌ سیاسییه‌كان.

لە راگەیاندنێکدا مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران و فەرماندەی هێزە هابەشەکانی عێراق رایگەیاند" 
ئەمڕۆ هێزێکی ئەمنی یاداشتێکی یاسایی دەستگیرکردنی کەسێکی تاوانبار بەماددەی چواری تیرۆریان جێبەجێ کردووە" .  

ئاماژەی بەوەشکرد "ئەو تاوانبارە تائێستا لەلایەن فەرماندەیی ئۆپڕاسیۆنە هاوبەشەکانەوە دەستبەسەرە تا ئەوکاتەی لێکۆڵینەوەکان لەبارەی ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی ئەو کەسە کراوە کۆتاییان دێت".  

کازمی ئاماژەی بەوەشکرد "لیژنەیەکی هاوبەش لەو بارەیەوە پێکهێنراوە، نمایشی سەربازی لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە سەرپێچییەکی مەترسیدار و گەورەی  یاسا و دەستوری عێراقە، بۆیە فەرمانمان کردووە بەپەلە لێکۆڵینەوە لەو پێشێلکاریانە بکرێت".  

کازمی لەڕاگەیەندراوەکەدا دواشی کرد "پاراستنی ئاسایشی هاوڵاتیی و وڵات نەکرێت بە قوربانی سەرکێشی هیچ کەس و لایەنێک و دەبێت لەم کاتە مێژووییەدا هەموو لایەنەکان بەپرسیارێتی ئەم دۆخە بگرنە ئەستۆ و بەرژەوەندی وڵات و نیشتیمان پێش بخەن.  

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، له‌لایه‌ن هێزێكی تایبه‌ته‌وه‌ به‌پێی مادده‌ی ٤ی تیرۆر، قاسم موسلیح فه‌رمانده‌ی حه‌شدی شه‌عبی له‌ پارێزگای ئه‌نبار ده‌ستگیركرا، ئه‌مه‌ش كاردانه‌وه‌ی حه‌شدی شه‌عبی لێكه‌وته‌وه‌ و هێزێكی زۆریان ره‌وانه‌ی ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غدا كرد، له‌به‌رامبه‌ریشدا هێزه‌كانی دژه‌ تیرۆر خرانه‌ حاڵه‌تی ئه‌وپه‌ڕی ئاماده‌باشیه‌وه‌، مەترسی پێكدادان دروستبوو، ئەمشەو هێزەكانی حەشدی شەعبی كشانەوە.



PM:11:25:26/05/2021