دەربارەی ئازادکردنی فەرماندەکەی حەشد ئەنجومەنی باڵای دادوەرەی عێراق راگەیاندنێک بڵاودەکاتەوە


راگەیاندنی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق لەبارەی ئازادکردنی قاسم موسلیحەوە فەرماندەکەی حەشدەوە، راگەیاندنێکی بڵاوکردەوەو دەڵێت" هیچ بەڵگەیەک لەسەر ئەو تۆمەتبارە نەبووە کە دەستی هەبووبێت لە کوشتنی چالاکوان ئەیهاب وەزنی دا".

لەو راگەیاندنەی کە کەمێک لەمەوبەر بڵاوکرایەوە، ئەنجومەنی باڵای دادوەری دەڵێت " دوا دەستگیرکردنی قاسم موسلیح لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکاندا دەستمان بە لێکۆڵینەوە کرد لەو تۆمەتەی رووبەڕووی کراوەتەوەو لەسەر دەستگیرکراوە".

"بەپێ رێوشوێنی لێکۆڵینەوەکە ئەگەر بەڵگە هەبوو لەسەر ئەو تۆمەتەی خراوەتە پاڵی دەدرێت بە دادگا بۆ دادگاییکردنی، بە پێچەوانەشەوە ئەگەر لایەنی لێکۆڵەر بەڵگەی تەواو نەبوو دژی تۆمەتبار، ئەوا دۆسیەکە دادەخرێت و دەستگیرکراوەکە ئازاد دەکرێت".( وەک راگەیاندنی ئەنجومەنی دادوەری باڵا ئاماژەی بۆ دەکات).

ئەنجومەنی دادوەری باڵا دەڵێت " لەبارەی کووشتنی ئەیهاب وەزنیەوە و دوای روونکردنەوە لە دادوەرە تایبەتمەندی لێکۆڵەرەوە، دەرکەوت قاسم موسلح هیچ بەڵگەیەک لە دژی لە ئارادا نەبوو، دوای ئەوەی کە دوا لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا و وردبینی کردن لە پاسپۆرتەکەیدا دەرکەوت لە کاتی کووشتنی ئەیهاب وزنی ئەو لە دەرەوەی عێراق بووە".

هەروەها راگەیاندنەکەدا باس لەوەش کراوە کە قاسم موسلیح  جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە هیچ دەستێکی نییە لە کوشتنی وەزنیدا بەراستەوخۆ و ناراستەوخۆ، یان دەوری هاندانی هەبووبێت، ئەمەش دوای ١٢ رۆژ لە لێکۆڵێنەوە دێت کە هەوڵی زیاد لە پێویست درا، بەڵام هیچ بەڵگەیەک نەدۆزرایەوە لە دژی".

هەروەها هاتووشە"  خێزانی کوژراوەکە ( وەزنی ) لە کاتی وەرگرتنی قسەدا لێیان هیچ بەڵگەیەکیان نەخستەڕوو".

وەک راگەیاندنەکە ئاماژەی بۆ دەکات لەسەر ئەو بنەمایانە فەرماندەکەی حەشدی شەعبی ئازاد کراوە.



PM:06:22:09/06/2021