پەرلەمانتارێک: نەوت و زەوی و خاڵی سنوری دەرگای گەورەی گەندەڵی و ستەمکارین لە کوردستان

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، ئێستا بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو دۆخە دەیانەوێت، قەبارەی قاچاخی بەوشێوە نیەو بەڵگە کوا؟، دەیانەوێت بردنی سەدان ملیۆن دۆلاریش بەناوی کۆمپانیاکاریەوە دابپۆشن، دەشڵێت" نەوت و زەوی و خاڵی سنوری دەرگای گەورەی گەندەڵی و ستەمکارین لە کوردستان".

عەلی حەمە ساڵح ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان لە نوسینێکدا بەناونیشانی (وەڵامێک بۆ بەرپرسانی حکومەت) بڵاویکردەوە، دوو ساڵە بە بەردەوامی لە ململانێدام لەگەڵ قاچاخچی و میدیای قاچاخچی و لایەنگرانی قاچاخچیەکان، بەبێ چاوپۆشی لە ھیچ کەس و سنورێک ئەوەی توانیومە کردومە، لەم دۆسیەدا فشاری گەورەو عەرزی گەورە ھەبوەو ھاوڕێکانم ئاگاداری زۆریانن، بەڵام کۆڵمان نەدا تاوەکو ھەمو بەرپرسانی حکومەت و حیزب بە ئاشکرا دانیان بەوەدا ناوە ھێزە حوکمڕانەکان قاچاخچێتی بەسەر میللەتی خۆیانەوە دەکەن.

ئاماژەی بەوەشکردوە" ئێستاش، بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو دۆخە دەیانەوێت، قەبارەی قاچاخی بەوشێوە نیەو بەڵگە کوا؟ دەیانەوێت بردنی سەدان ملیۆن دۆلاریش بەناوی کۆمپانیاکاریەوە دابپۆشن".

عەلی حەمە ساڵح ئامارێکی خستوەتەڕوو و دەڵێت" ساڵی 2018 قاچاخی جگەرە کەمبو بە بەھای (360 ملیار و 710 ملیۆن دینار) بوە جگەرە بەفەرمی داخڵبوە، کە قاچاخی دەستپێدەکات، تەنیا 4%‏ جگەرە بە گومرگ دێت، کە لە ساڵی 2020دا تەنیا بە بەھای (17 ملیارو 100 ملیۆن) دینار جگەرە بە فەرمی داخڵبوە". 

رونیشیکردەوە، 96%‏ جگەرە کێشیەکانی کوردستان جگەرەی تەرک نکردوە، ھۆکارەکەی ئەوەیە بارھەڵگرێکی جگەرە گومرگی (40 ھەزار دۆلار) بێت بەرپرسە قاچاغچیەکان بە (20 ھەزار دۆلار) داخڵی دەکەن، لە بازاڕی جگەرەکە نوسینگەیان ھەیەو بارھەڵگرەکەت بە ھەمو بازگەکان بۆ داخڵ دەکەن. 

باسی لەوەشکردووە، 100% ھێلکەو 100% خورماو مریشکی بەستو، جۆی سوری و چەندین کاڵای دیکە بەقاچاخ داخڵ دەبێ، لەم دۆسیەش ھەر قسەمان نەبوە، بەھاوکاری چەندین دڵسۆز، چەندین مەواد ڕاگیراوەو یان کەمیکردوە وەک دەرمان و ھەنگوین و ئاژەڵ ماوەیەک ڕاگیراو ئێستا کەم بوە، ئۆتۆمبیلی خوار مۆدێل کەمبوە، نەوت و زەوی و خاڵی سنوری دەرگای گەورەی گەندەڵی و ستەمکارین لە کوردستان. 


PM:01:34:12/06/2021