لە قەزای ئاکرێ دژی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین خۆپیشاندان ئەنجامدرا

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە لە قەزای ئاکرێ لە سنووری پارێزگای دهۆک شۆفێرانی تەکسی خۆپیشاندانیان ئەنجام دا و شەقامێکی سەرەکییان داخست.

بەپێی زانیارییەکانی (سپی)، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بەشێک لە شۆفێرانی تاکسی لە قەزای ئاکرێ لە سنووری پارێزگای دهۆک بۆ دەربڕینی ناڕەزایی دژی گرانبوونی نرخی بەنزین خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

هاوکات لە خۆپیشاندانەکەدا شۆفێران بۆ ماوەیەک شەقامێکی سەرەکییان داخست و داوایانکرد هەرچی زووە حکومەت کار بکات بۆ کەمکردنەوەی نرخەکان، چونکە کاریگەری خراپی لەسەر بژێوی ژیانی هاوڵاتییان و شۆفێران دروستکردووە.

ماوەی چەند ڕۆژێکە نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان ڕووی لە بەرزبوونەوە کردووە، بەجۆرێک نرخی یەك لیتر بەنزینی نۆرماڵ گەیشتوەتە ٧٠٠ دینار و کە ئەوەش شۆفێران و هاوڵاتیانی نیگەران كرد.


PM:03:01:12/06/2021