حكومەتی هەرێم لەسەر دابەشكردنی مووچەی سەرجەم وەزارەتەکان ڕوونکردنەوە دەدات

وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران ڕوونکردنەوە دەدات و ڕایدەگەیەنێت" دوای وەزارەتی تەندروستی وەزارەتی پێشمەرگە مووچە وەردەگرێت".

جوتیار عادل، وتەبێژی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە بە میدیاكانی پارتی راگەیاند" ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی شەشی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی کراوە، دواتریش وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌و وەزارەتەکانی تر، به‌م شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت و له‌ ماوه‌یه‌كی زۆر كورتدا موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ت و داموده‌زگاكانی حكومه‌ت به‌ ته‌مویلی ٧٩% دابه‌ش ده‌كرێ". 

ئەوەشی خستەڕوو، پێشینەی کاری حکومەت دابینکردنی موچەی فەرمانبەران بوەو لەسەر ئەو سیاسەتەش بەردەوام دەبێ.

سەبارەت بە ناردنی پارەکەی بەغداش بۆ هەرێمی کوردستان، جوتیار عادل وتی" بڕیاری ناردنی ئەو ٢٠٠ ملیار دینارە لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەرچووە و لایەنی هونەریی ناردنی پارەکە ماوە و چاوەڕوانین بنێردرێ". 


PM:01:05:26/06/2021