حکومەتی هەرێم لەبارەی سزادراوانی ناوچەی بادینان وەڵامی راپۆرتێكی (CPJ) دەداتەوە

نوسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت" ئومێد حاجی پەرۆشکی کە 22ی ئەم مانگە دادگای دهۆک بە ساڵێک زیندانیکردن بەتۆمەتی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن سزایدا، ئەندامی سەندیکانی رۆژنامەنوسان نەبوە و لەکاتی دادگاییکردنیشدا هەموو مافەکانی لەبینینی پارێزەر و کەسوکارەکەی بۆ دەستبەرکراوە".

نوسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم لەراگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکی دەست (سپی) کەوتووە وەڵامی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنوسان (CPJ)ی دایەوە و رایگەیاند" دادگای کەتنی دهۆک لە 22ی حوزەیرانی 2021دا سزای ساڵێک زیندانی و پێبژاردنی 240,000 دیناری عێراقی بەسەر ئومێد حاجی سەپاند و کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەوانان (CPJ) چەند تێبینیەکی لەم بارەیەوە خستۆتەڕو".

ئەوەش هاتووە، سەبارەت بە حوکمی زیندانیکردنەکە ئومێد حاجی، هاوتەریب لەگەڵ دو دادنوسی جیاواز، لەسەر بنەمای پێشێلکردنی ماددەی 2 لە یاسای ژمارە ( 6 ) ساڵی 2008ی (خراپ بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان) دادگایی کراوە. هەروەها، لەسەر بنەمای داوایەکی یاسایی تر، بەپێی ماددەی 240 لە یاسای سزادانی عێراق هەموارکراو بە پێبژاردن سزادرا. 

نوسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم ئەوەشی خستوەتەڕوو، لەڕوی یاساییەوە، پێشێلکارییەکانی کەسی ناوبراو هیچ پەیوەندی بە کاری ڕۆژنامەوانییەوە نیە. ئومێد حاجی لە سەندیکای ڕۆژنامەنوسان تۆمارنەکراوە، و خۆشی لە کاتی لێکۆڵینەوە و لە دانیشتنی دادگا ئاماژەی بەوەنەەداوە کە ڕۆژنامەنوسە.

باس لەوەشکراوە، ئومێد بە درێژایی ڕێکاری یاسایی و لە دادگادا لە لایەن پارێزەرەکانی خۆیەوە نوێنەرایەتی کراوە. لە کاتی ڕاگرتنیدا، هەفتانە پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ خێزانەکەیدا هەبوە، هەروەها دەستیگەیشتوە بە ڕاوێژی یاسایی، بەدەر لەوەی سەردانەکان سنوردارکراوە بەهۆی پەتای کۆڕۆناوە. بە گوێرەی راپۆرتەکان پارێزەرانی کەسی ناوبراو تانە لە بڕیارەکەی دادگا دەدەن، بۆیە ئەو دۆسیەیە دەبردریتە دادگای پێداچونەوە.

دەشڵێت" حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواو پابەندە بە حوکمی یاسا و بە پرۆسەی یاسایی دادپەروەرانە و بێلایەن . حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە کە دابەشبونێکی یاسایی لەنێوان دەسەڵاتی دادوەری و دەسەڵاتی جێبەجێکردندا هەیەو ڕێز لە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری دەگرن، پابەندیش دەبن بە سیستەمی دابەشکردنی دەسەڵاتەکان، و حکومەت ناتوانێت دەست وەربدات لە پرۆسەی دادوەریدا". 


PM:04:43:28/06/2021