لەبارەی دابەشکردن و لابردنی لێبڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم زانیاریی نوێ ڕاگەیەندرا

یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" دارایی هەرێم سەرپشکە بەپێی ئەو داهاتەی بەردەستی لێبڕینی موچە دیاری بکات". 

ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دارایی و ئابوری لە چاوپێکەوتنێکدا بە میدیای فەرمی پارتی ڕاگەیاند" ٣٠ ڕۆژ جارێک و لە وادەی خۆیدا ودابەش دەکرێت، وەزارەتی داراییش سەرپشکە بەگوێرەی ئەو داهاتەی بەردەستی لێبڕینی موچە دیاری بکات، لەئێستاشدا بەردەوام لە کۆبوونەوەدان بۆ ئەوەی چارەسەری کێشەی موچە بکرێت". 

لەبارەی لابردنی لیبڕینی موچە لەم مانگەدا، یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕوونیکردەوە، ئەوە خوگونجاندنە، هەرکات ئەو بڕە پارەیەی کە پێویستە بۆ کۆی موچەی موچەخۆران لە بەردەستدا بوو ئەوا بەدڵنیاییەوە لێبڕین نامێنێت. 

ئاشکراشیکرد، وەزارەتی دارایی دەزانێت کە ئەو ٢٠٠ ملیارە بەشی ئەوە دەکات لێبڕین نەمێنێت یاخود نا، لەئێستادا تاووتوێی ئەوە دەکەن، چونکە کێشەیەک هەیە ئەویش ئەوەیە کە ٢٠ ملیار لەو پارەیە بانکی بازرگانیی عێراق داوای دەکات، چونکە مەرج کراوە لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان کە مانگانە ئەو بڕە قەرزە بداتەوە.

لەبارەی بەکارهێنانی ٢٠٠ ملیارەکە بۆ خەرجیی دیکەی بەدەر لە موچە، حەملان باسی لەوەکرد، هەر بڕە پارەیەک لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان بێت بۆ موچەی موچەخۆرانە، بەڵام لە مانگەکانی ڕابردوودا حکومەتی هەرێم خۆی موچەی دابەشکردووە و هەندێک جار بەهۆی کەمی پارەوە قەرزی کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا هەر بڕە پارەیەک بۆ دابەشکردنی موچەیە. 


PM:11:11:15/07/2021