"بەپێی یاسای چاکسازی ئەوەی زیاتر لە یەک مووچەی هەبێت مووچەکەی ڕادەگیرێت"

بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" ھەرکەسێک بەپێی یاسای چاکسازی زیاتر لە مووچەیەکی ھەبێت، مووچەکەی ڕادەگیرێت و نابێت لە یەک مووچەی زیاتر ھەبێت". 

زەکیە محەمەد ساڵح، بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕاگەیاند" پێداچوونەوەی دۆسیەی فەرمانبەرانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی تەواو بووە و ئێستا جارێکی دیکە پێداچوونەوەی بۆ دەکەین، ئەگەر کێشەیەک ھەبێت چارەسەری دەکەین، ئەگەرنا ھەمووی تەواو بووە، بەتایبەت ئەو کەسانەی کە پلەیان ھەیە". 

بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی ھەرێم ڕوونیشی کردەوە، بەپێی ڕێنمایییەکانی یاسای چاکسازی مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین کە لە ڕێنمایییەکاندا ھاتووە، ئەوەی زیاتر لە مووچەیەکی ھەبێت ڕادەگیرێت و پێویستە یەک مووچەی ھەبێت، جگە لەوانەی مینحەیان ھەیە، وەکوو شەھیدان و کەمئەندامان کە وەکوو ھاوکارییە و هی زیندانیانی سیاسی مینحەیە، بەڵام ئەوەی نایاسایی بێت، دەبڕدرێت بەپێی ڕێنماییەکانی یاسای چاکسازی کە وەزارەتی دارایی جێبەجێی دەکات.

زەکیە محەمەد ساڵح وتیشی" مووچەی کەمئەندامانمان نەبڕیوە، بەڵام ئەگەر مووچەی نایاسایییان ھەبێت، دەیبڕین، بەڵام ئەوانەی دیکە مینحەکەیان دەخرێتە سەر مووچەکەیان بۆ ئەوەی یەک مووچەیان ھەبێت". 


PM:12:40:16/07/2021