دوو کەس بەتۆمەتی پلان دانان بۆ دزینی بانکی جیهان دەستگیرکران

وتەبێژی ڕاگەیاندنی پۆلیسی گەرمیان رایده‌گه‌یه‌نێت" دوو کەسیان بەتۆمەتی پلان دانان بۆ دزینی بانکی جیهان دەستگیرکردووە، کەویستبوویان لە رۆژانی جەژندا بانکەکە بدزن". 

عەلی جەمال قدوری وتەبێژی راگەیاندنی پۆلیسی گەرمیان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە" دوای وەرگرتنی زانیاری و چاودێری ورد لەسەر تۆمەتبارێک کە پاسەوانی بانکی جیهانە لە کەلارو ماوەی دوو مانگە پلانی دزینی بانکەکەی داڕشتووە و بەرنامەی دانابوو لە رۆژانی پشووی جەژنی قوربان بانکەکە ببڕێت".

باسی لەوەشكردووە، شەوی رابردوو بەشی پۆلیسی نەهێشتی تاوانی گەرمیان توانیان پلانی برینی بانکی جیهان پوچەڵ بکەنەوەو دوو تۆمەتبار دەستگیربکەن کە یەکێکیان پاسەوانی بانکەکەیە و ئەوەی تریان ئاگاداری پلانەکەبووە. 

بەوتەی عەلی جەمال، دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا لەپێش دادوەری لێکۆلینەوەی کەلار دانی نا بەتاوانەکەیدا لە ئێستادا بەبریاری دادوەرو بەپێی مادەی ٤٤٤ بەندکراوە و لێکۆلینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.


PM:03:07:19/07/2021