پۆلیسی ڕاپەڕین ڕایدەگەیەنێت" پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە گەنجێك بەهۆی تەقینەوەیەكەوە لە سنووری قەزای پشدەر گیانی لە دەستدا".
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئیدارەی ڕاپەڕین ڕایگەیاند" کەمێک پێش ئێستا تەرمێک بەناوی ( م . س . ح ) لەدایک بووی ساڵی 1988 دانیشتووی گوندی سەیداحمەدان لەگەڵ دوو برینداری تر گەیەندرانە نەخۆشخانەی گشتی قەڵادزێ کە لەکاتی هەڵکەندنی بیری دەستی ویستویانە TNT بەکاربێنن و دەستبەجێ پێیاندا تەقیوەتەوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە" ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە لەکاتی تەقینەوەکەدا کوڕێکی بریندار بووە کە تەمەنی هەشت ساڵە لەگەڵ مێردمنداڵێکی تر کە تەمەنی 16 ساڵە و بە ڕۆژانە ئیشی بۆ ناوبراو کردووە".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، قوربانیەکان وەستای هەڵکەندنی بیر بوون و لەکاتی کارکردن بۆ خاوەن باخێک TNTیان بەکار هێناوە، بەوتەی خاوەن باخەکەش ئەوانی بەکرێ گرتووە تا بیری دەستی بۆ هەڵکەنن، بەڵام لەناو بیرەکە گەیشتونەتە شاخ و ویستویانە بە سود وەرگرتن لە TNT شاخەکە بشکێنن، بەڵام پێیاندا تەقیوەتەوە.
هەر بەپێی بڵاوکراوەکەی پۆلیسی ئیدارەی ڕاپەڕین، باری تەندروستی بریندارەکان جێگیرە و دۆسیەی لێکۆڵینەوەش بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە.