سەبارەت بە پاشەکەوتی مووچه‌ی فەرمانبەرانی هەرێم داوایەك ئاراستەی حكومەت دەكرێت

سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دھۆک ڕایدەگەیەنێت" بڕیارە جارێکی دیکە بە نووسراوی فەرمیی داوای جێ بەجێکردنی پێشنیاری ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکەین". 

فەھیم عەبدوڵڵا، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک لە لێدوانێکدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاند" پێشتر ھەرسێ ئەنجوومەنی پارێزگا لە ھەرێمی کوردستان، پێشنیارێکیان دابووە حکوومەت بۆ ئەوەی ئەو پارەیەی وەک کرێ و بەرانبەر ھەندێ خزمەتگوزاری لە ھاووڵاتیان وەردەگرێت، وەک پارەی ئاو و کارەبا و ھەندێ خزمەتگوزاری دیکە، لە پاشەکەوتی مووچە بگێڕنەوە، بەڵام دیارە ئەوکات رەوشی دارایی حکوومەت گونجاو نەبوو تا پێشنیارەکەی ئێمە جێبەجێبکرێت، رەتکرایەوە". 

سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دھۆک وتیشی" ئێمە وەک ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەست بەرداری داواکاریەکەمان نەبووینە و، بڕیارە دووبارە بە نووسراوی فەرمیی داوا لە ئەنجوومەنی وەزیران بکەین ئەو پێشنیارە پەسەند بکات".

فەھیم عەبدوڵڵا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ئەگەر حکوومەت بەو پێشنیارەی ئێمە رازی بێت، ئەوە ھاوکارییەکی باشی ھاووڵاتیان و فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستانە، چونکە پارەیەکی زۆری ھاووڵاتیان وەک پاشەکەوت لای حکوومەتە و، دەکرێ بەو پێشنیارە، ھەم پاشەکەوت بدرێتەوە، ھەمیش لە بەرژەوەندی ھاووڵاتیان و فەرمانبەران بۆ ئەوە بە پارەی پاشەکەوت کرێی ھەندێ خزمەتگوزاری بدەنە حکوومەت. 


AM:11:01:25/07/2021