شاسوار عەبدولواحید: نەوەی نوێ کەپرو ئامێری فێنککەرەوەی بۆ خانەنشینان دابینکرد

شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی نەوەی نوێ لە پەیامێکدا دەڵێت " ئەمرۆ هەستاین بەدابینکردنی کەپر و ئامێری فێنککەرەوە بۆ بەشێک لەو بانکانەی کە موچەی خانەنشینانی تێدا دەدرێ، ئەم کارە لە هەموو پارێزگاکانی سلێمانی،هەولێر،دهۆک، کەرکوک، هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەرین و زاخۆ و سۆران بەردەوام دەبێت".

لەو پەیامەدا کە ئەمشەو بڵاوکرایەوە بەناوی "ناوی دەنێن بانگەشە یاخود موزایەدە یان هەرچی!! سەرۆکی نەوەی نوێ دەڵێت " نەوەی نوێ خەریکی خزەمت و پرۆژە و بیرکردنەوە لە چارەسەرکردنی کێشەی خەڵکە، حیزبەکانی دەسەڵاتیش خەریکی مەشغولکردنی خەلک و دروستکردنی کێشەن بۆ خەڵک".

ئەو دەڵێت "دەزانین کە پێویستە چارەسەری ئەمە پێدانی موچە بێت لەڕێی کارتی بانکییەوە، بەڵام ئەمە دەکەین تا هەموو خەڵک بزانن ئەم دەسەڵاتە چەندە شکستخواردوون.ئەمانە ناتوانن بچوکترین کێشە چارەسەر بکەن، ئیتر چۆن خەڵک هیوایان لەسەر هەڵدەچنن؟
مانگ نییە چەند کەسێک گیان لە دەست نەدات یاخود توشی کێشەی تەندروستی نەبێت!! باشە نەدەکرا هاوشێوەی نەوەی نوێ، دەسەڵات ئاوها کەپر و ئامێری فێنک کەرەوەی دابین بکردایە؟".

شاسوار عەبدلواحید لە کۆتاییدا دەڵێت " کام حیزبیش دەڵێت ئەمە بانگەشەیە، ئەوا با برۆن خۆیان دەیان بانگەشەی وا جوان بکەن و خزمەتی خەڵک بکەن.وە ئێمە بە درێژایی چوار ساڵی رابردوو بەردەوام بوین لە تەحەدا و جێبەجێکردنی پرۆژە. وە ئێستا و دوای هەڵبژاردنیش هەر بەردەوام دەبین".



PM:11:36:02/08/2021