پەرلەمانتارێک گەندەڵیەکى گەورەى دۆسیەى پێوەرى زیرەکی کارەبا ئاشکرا دەکات

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت" پێش پێدانی كارەبای هەرێم بە كەرتی تایبەت، بەبەهای دەیان ملیۆن دۆلار پێوەری كارەبا لە كۆگاكانی وەزارەتی كارەبا و بەڕێوەبەرایەتیەكانی سلێمانی، ھەولێر و دھۆك دا ھەبووە". 

دابان محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە هەژماری خۆی لەفەیسبوک ڕایگەیاند" پێشتر و بەپێی گرێبەستێکی وەزارەتی کارەبا لەگەڵ  کۆمپانیایەک بەناوی DMC، بەبەھای دەیان ملیۆن دۆلار پێوەری لەسەر بودجەی گشتی کڕیوە، دواتر ھەر خودی وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاندوە ئەو پێوەرانە بە کەڵکی سیستیمی تازە نایەت واتە شکستی خواردوە و داوای کۆکردنەوەیان لە بەڕێوەبەرایەتیەکان و فرۆشتنیان دەکات".

ئاماژەی بەوەشکردوە، بەھای ئەو پێوەرانەی لە بەڕێوەبەراتی گشتی کارەبای سلێمانیدا ھەبوە 4 ملیار و 600 ملیۆن دینارە (تەنیا بەدواداچون بۆ سلێمانی کراوە)، لەکاتێکدا دیوانی چاودێری دەڵێت دابینکەری پێوەری کارەبا بۆ ھەر سێ پارێزگاکە کۆمپانیا DMCە و ئەوتێبینیانەی لەسەر سلێمانی ھەیانە،  ھەمان ئەو تێبینیانەش لەسەر ھەولێر و دھۆک ھەیە، بۆیە پێویستە لێکۆڵینەوە و بەدواداچون بۆ ھەر سێ پارێزگاکە بکرێت، تا بزانرێت بڕی چەند تەرخانکراوە بۆ ئەم پرۆژەیە و چەند پێوەر لە کۆگاندا ھەیە، چونکە وەزارەتی کارەبا لە نوسراوێکدا پێی ڕاگەیاندون ئەو پێوەرانە بۆ سیستمی تازە نابێت،  واتە شکستی خوادوە و داوای فرۆشتنەوەیان دەکات! کە ئەوەش بەھەدەردانی سامانی گشتییە. 

دابان محەمەد دەشڵێت" ئێستا پرۆژەی پێوەری زیرەک لە پارێزگاکانی ھەرێم، لە ڕێگەی کەرتی تایبەتەوە جیێبەجێ دەکرێت، ناڕەزایی و خۆپیشاندان و ڕێگریی لە ھەندێک ناوچەش دەستیپێکردوە. واتە پێش دانانی پێوەری زیرەک لە ڕێگەی کەرتی تایبەت، بەبەھای دەیان ملیۆن دۆلار پێوەر لە کۆگانی وەزارەتی کارەبادا ھەبوە، بێ ئەوەی بزانرێت ھۆکاری شکستی پرۆژەی پێشوی وەزارەت چی بوە، بۆچی بەبەھای دەیان ملیۆن دۆلار پێوەر کڕدرا و لە گەنجینەکانی وەزارەتی کارەبا خۆڵی لەسەر نیشتوە، کێ بەرپرسە و بۆچی لەسەر ئەم بەھەدەردان و تاڵانیە، کەسێک لێپرسینەوەی لەگەڵ نەکرا و نەدرا بە دادگا". 


PM:03:02:11/08/2021