كۆمەڵەی خوێندكارانی کوردستان راگەیەندراوێكی لەسەر "رفاندنی" لێپرسراوەكەی ئامێدی بڵاوكردەوە

مەكتەبی سكرتاریەتی كۆمەڵەی خوێندكارانی کوردستان لەسەر رفاندنی بەرپرسی كۆمیتەكەی  ئامێدی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" پۆلیس و ئاسایشی قەزاكە هیچ زانیارییەك نادەن كە ئەو هەڤاڵەمان لەلایەن چ هێزێكەوە رفێندراوە". 

مەکتەبی سکرتاریەتی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە بڵاوکراوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە" کاتژمێر (١١:٠٠)ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ (١٢ی ئابی ٢٠٢١) لەلایەن هێزێکی تایبەتەوە، پاش هەڵکوتانە سەر ماڵەکەی و بڵاوکردنەی ترس و تۆقاندن لەناو خێزانەکەی و تەواوی ئەو گەڕەکە، هەڤاڵ بیرهات مەهدی، لێپرسراوی کۆمیتەی ئامێدی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان دەڕفێندرێت". 

دەشڵێت" پاش پەیوەندیمان بە پۆلیس و ئاسایشی قەزای ئامێدی، بێئاگایی خۆیان لەوبارەیەوە راگەیاندو هیچ زانیارییەک نادەن کە لەلایەن چ هێزێکەوە ئەو هەڤاڵەمان رفێندراوە". 

جەختیشیکردەوە، وێڕای ئەوەی ئیدانەو مەحکومی ئەو جۆرە هەڵسوکەوتەی هێزەکانی ئەو دەڤەرە دەکەین، هاوکات رایدەگەنین کە سەلامەتی گیانی هەڤاڵ (بیرهات مەهدی) لە ئەستۆی ئەو هێزەو لایەنە پەیوەندیدارەکانی سنوورەکەیەو داوا دەکەین دەستبەجێ ئازادبکرێت.


PM:07:08:12/08/2021