عومەر سەید عەلی: پەرێزمان پاکە و لە گەندەڵی تێوەنەگلاوین

رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ بەبێ ناوهێنانی لایەنەکانی تری بەشداربووی حکوم رایگەیاند" پەرێزمان پاکە و لە گەندەڵی تێوەنەگلاوین".

لەگەڵ نزیکبوونەوەی دەستکردنی بە هەڵمەتی هەڵبژاردن، ئەمڕۆ شەممە، لە مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی عومەر سەید عەلی رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان کۆبونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ تیمی بزوتنەوەکە لە حکومەتی هەرێم و فراکسیۆنەکانی بزوتنەوەی گۆڕان و تیمەکانی حکومەتە خۆجێییەکان و خانەی راپەراندن و ژوورەکانی بزوتنەوەی گۆڕان ئەنجامداو، لەو کۆبوونەوەیەدا وتی " پێویستە هەموان رۆڵی خۆیان بگێڕن لەم هەڵبژاردنەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا و بزوتنەوەکە حساب لەسەر رۆڵ و هەوڵی هەمووان دەکات".

هەروەها داواشی، لە ئەندامان و هەڵسوڕاوان و لایەنگرانی بزوتنەوەی گۆڕان دەکات هەرچیان پێدەکرێت بۆ سەرخستنی بزوتنەوەکە ئەنجامی بدەن.

رێکخەری گشتی گۆڕان پێیوایە تیمی حکومەتی گۆڕان هەمیشە لە بەرەی خەڵک بون و لە ئۆپۆزسیۆن توندتر بون بەرامبەر کەموکوڕییەکانی کابینەی حکومەت و فشاری بەردەوام بۆ چاکسازی.

هەروەک جەختی کردەوە کە تەحەدای هەموو دەزگاکانی حکومەت و دەزگاکانی چاودێری دەکەن هەر بەڵگەیەکیان هەیە لەسەر تێوەگلانی بزوتنەوەی گۆڕان لە گەندەڵی ئەوا با ئاشکرایبکەن.

لەبارەی ئەدای حکومەتی هەرێم و ئەنجامنەدانی چاکسایشەوە رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بە راشکاوانە وتی" ئێمە لە حزبی دەسەڵاتداری قبوڵ ناکەین بە خواستی خۆی کابینەکە بەڕێوەبەرێت و لەکاتی رێککەوتنی سیاسیشمان لەگەڵیان بۆ پێکهێنانی حکومەت پێمان وتوون کە ئێمە دەرفەتێکیان دەدەینێ بۆ چاکسازی و ئەگەر چاکسازی نەکرێت ئەوا رەخنەکانی خۆمان بە هاوڵاتیان دەڵێین".



PM:09:11:21/08/2021