قوباد تاڵەبانی: ناهێڵم وەک بادینان لە سلێمانی رۆژنامەنووس و چالاکوان دادگایی بکرێت

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت" تەنیا لە مانگی حوزەیراندا ٨٠٠ هەزار دۆلار بۆ پاڵپشتیکردنی سۆشیاڵمیدیا لە سلێمانی خەرجکراوە، سایت هەبووە بودجەی مانگانەی لە ئیدارەی گشتیی یەکێتی ٨٠ ملیۆن دینار بووە". 

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کەوردستان و سەرۆکی لیستی هاوپەیمانی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەنوسان لەبارەی دۆخی میدیا، هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، کێشەکانی سلێمانی و یەکێتی قسەیکرد و وتی" بە داخەوە ھێشتا دوو ئیدارەین و دوو فەرهەنگ و دوو شێوازی حوكمڕانی جیاوازمان هەیە".

جێگری سەرۆکی حکومەت سەبارەت بە ئازادی کاری میدیایش وتی" هەتا من هەبم ڕێگە نادەم دادگاییكردنی وەكوو ئەوەی بادینان لەمدیوو دێگەڵەوە بكرێت، لە كفری تا دێگەڵە شێوازێكە و لە دێگەڵە تا زاخۆیش شێوازێكی دیكەیە، خۆتان ھەڵسەنگاندنی بۆ بکەن کامیان باشترە".

لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووساندا، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە دۆخی ناوخۆی یەکێتی کردو تیشکی خستەسەر ئەوەی" ئەو ھاشوھوشەی بە پارەی زەبەلاح لە سۆشیاڵ میدیا دروستکرابو بەرەو کپبوونەوە دەڕوات". 

ڕوونیشیکردەوە: تەنھا مانگی ٦ی ئەمساڵ لە سلێمانی ٨٠٠ ھەزار دۆلار بۆ سۆشیاڵ میدیا خەرجکراوە لە سلێمانی. بە سۆشیاڵ میدیاو سیاسەتی پۆپۆلیستی ناتوانرێت سیاسەت بکرێت و لە پارتی ببەیتەوە. 

لەبارەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەڵێت" بایکۆت مەترسیدارەو پێگەی کورد لاواز دەکات لە بەغداد، پەرتکردنی دەنگەکانیش بۆ ھەندێک لایەن کە ئەزموونیان نییە مەترسییەکی گەورەیە".

لەبارەی پۆستی سەرۆک کۆماریشەوە، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند" یەکێتی نایەوێت لە بەرامبەر وەرگرتنی هیچ پۆستێکدا دەستبەرداری پۆستی سەرۆککۆمار ببێت". 


PM:07:10:25/09/2021