بایک: بۆ لەناوبردنی پیلانەکان پێویستە لە هەڵبژاردندا پشتیوانی یەکێتی بکرێت

هاوسەرۆكی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) رایدەگەیەنێت" دوژمنانی كورد دەیانەوێت یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان و كورد لاواز بكەن بۆ ئەوەی ئامانجەكانی خۆیان بە ئاسانی پێكبهێنن". 

جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆماجڤاکێن کوردستان (کەجەکە) له‌ دیدارێكی كه‌ناڵی ئاسمانی ستێرک تیڤی ڕایگەیاند" بەرخۆدانێکی مێژوویی لەئارادایە و لە مێژووی تێکۆشانیاندا بەرخۆدانێکی بەو شێوەیە نەبووە، دەوڵەتی تورکیا پێش ئەو هێرشانە، هەڕەشەی ئەوەی کردووه‌ لە ماوەی ١٥ رۆژدا هێزی گەریلا تێکبشکێنێت و هەموو هەرێمەکانی گەریلا داگیر بکات، بەڵام ئێستا تەنیا چەند گردێکی بەدەست خستووە کە ناشتوانێت لەو گردانەدا بجوڵێتەوە، ئامانجی دەوڵەتی تورک داگیرکردنی تەنیا زاپ، مەتینا و ئاڤاشین نەبوو، ویستی هەموو گۆڕەپانی گەریلا بگرێت و هێزی گەریلا لەناو ببات، دەیویست هەموو کوردستان داگیر بکات و پاشان بەسەر هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زاڵبێت، بەڵام ئەو ستراتیژیە بە بەرخۆدانی گیانفیداییانەی گەریلا پوچەڵ کرایەوە".

جەمیل بایک، باسی له‌وه‌شكرد: دەوڵەتی تورک پاش تێکچوونی سوپاکەی لە بەرامبەر بەرخۆدانی هێزی گەریلادا، پارتی خستە گەڕ، بەڵام ئەو سیاسەتەش سەرنەکەوت و دواجار پەنای بۆ هێرشی کیمیاوی هێناوە، تەنیا لە ماوەی یەک مانگدا ١٥٧ جار چەکی کیمیایی بەکارهێناوە، ئاکەپە و پارتی چی لە دەستیان دێت با بیکەن، ئەم تێکۆشانە هەر سەردەکەوێت. 

هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆماجڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بۆسەدانانی پارتی بۆ دوو گروپی گەریلا و ئاشکرا نەبوونی چارەنووسی ئەو گەریلایانە ئاماژەی بەوەکرد: بۆسەکان ئاستی هاوکاریی پارتی بۆ دەوڵەتی تورکیا دەردەخات. 

وتیشی" پارتی رێگای گەریلا دادەخات، گەمارۆی خستووتە سەر هێزی گەریلا و لە بەردەم رێگای هاتوچوونیاندا بۆسە دادەنێت، ئەمە خواستی دەوڵەتی تورکە کە پارتی جێبەجێی دەکات، سەرەڕای ئەوەی کە گەلەکەمان داوا لە پارتی دەکەن، ئامانجی ئەو بۆسانە ئاشکرا بکات و چارەنووسی ئەو گەریلایانەی کە کەوتوونەتە بۆسەکەوە ڕوون بکاتەوە، بەڵام پارتی هیچ راگەیەندراوێک بڵاو ناکاتەوە، هیچ بایەخێک بە رای گشتیی کورد نادات و تەنیا دەیەوێت دەوڵەتی تورکیا رازیی بکات".

بایک سەبارەت بە هەڵوێستی ناتۆ و ئەمریکا لە بەرامبەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە رایگەیاند" بێدەنگی ئەو لایەنانە لە بەرامبەر بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی، بەواتای هەڵکردنی گڵۆپی سەوز بۆ دەوڵەتی تورکیایه‌ و پێویستە گەلەکەمان لێپرسینەوە لەم هەڵوێستە بکەن".

جەمیل بایک لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر تیرۆرە سیاسییەکانی رۆژانی رابردووی باشووری کوردستان و بەتایبەت سەبارەت بە تیرۆرکردنی شوکری سەرحەد دەڵێت" بە درێژایی مێژوو، هەرکاتێک پارت و رێکخستنە سیاسییەکانی کورد تووشی ناکۆکی بوون، دوژمنان هەوڵیانداوە ناکۆکییەکە گەورەتر بکەنەوە و ئێستا کە هەندێک کێشەی ناوخۆیی لە ناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان دروست بووە، دوژمن دەیەوێت ئەو کێشانە گەورەتر بکاتەوە تا یەكێتی لاواز بکات و بە ئامانجەکانی بگات، هەم ئەندامانی یەكێتی و هەم گەلەکەمان بەتایبەت خەڵکی سلێمانی پێویستە ئاگاداری ئەو یارییە بن و رێگەی پێنەدەن".

به‌ وته‌ی جەمیل بایک" دوژمنان بەتایبەت لە سەروبەندی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا کۆمەڵکوژییە سیاسییەکانیان زیاد کردووەتەوە، ئەم هەڵبژاردنە هەڵبژاردنێکی ئاسایی نییە، لەم بارودۆخەدا دوژمن دەیەوێت بە زیادکردنی هێرشەکانی، بە قووڵکردنەوەی ئاڵۆزی و گەورەکردنەوەی کێشەکانی ناو یەكێتی، خەڵک لە یەکتر دوور بخاتەوە و بەمشێوەیە یەكێتی ئەنجامێکی بەهێز لەو هەڵبژاردنە وەرنەگرێت تا لە ناوچەکانی یەكێتی هەندێک پیلانی خۆی جێبەجێ بکات، ئەمە ئاشکرایە و یەكێتی و خەڵکی سلێمانیش پێدەچێت ئاگاداری بن، لایەنگرانی یەكێتی و دەرەوەی یەكێتی سەرەڕای هەموو جیاوازییەکی بیرکردنەوەییان پێویستە هەوڵبدەن یەكێتی لەم هەڵبژاردنەدا سەربکەوێت و دەستکەوتێکی بەهێزی هەبێت".

ئەوەشی خستەڕوو: تیرۆری شوکری سەرحەد تەنیا تیرۆری ئەندامێکی پەکەکە نییە، ئەو هێرشە لە کەسایەتیی ئەندامێکی پەکەکەدا هەموو گەلی کوردی کردووەتە ئامانج، ئەو کۆمەڵکوژییە بۆ تێکشکاندنی ئیرادەی گەلی کورد ئەنجامدراوە، دەوڵەتی تورک دوژمنی هەموو گەلی کوردە، دەوڵەتی تورک دەیەوێت هەموو کەسێک بترسێنێت و چۆکدا بدات، دەوڵەتی تورک ئامادەکاری ئەوە دەکات تا لە دەرفەتی گونجاودا هەموو کوردستان داگیر بکات، بەم ئامانجەش کار لەگەڵ تورکمانەکان دەکات، دەیەوێت لە باشوور ئاڵۆزی دروست بکات و بە بیانوی پاراستنی تورکمانەکان ناوچەکە داگیر بکات، پێویستە خەڵکمان ئاگاداری ئەو پیلانە بن و کاردانەوە نیشان بدەن، ئەگەر ئەمڕۆ کاردانەوەیان نەبێت رەنگە داهاتوو درەنگ بێت. 


PM:01:30:29/09/2021