هەپەگە وردەکاری دیارنەمانى ژمارەیەک گەریلای لە خەلیفان بڵاوکردەوە

هەپەگە ڕایدەگەیەنێت" پارتی بێ هیچ هۆشیارکردنەوەیەک، لەسەر ئاوی زاپ لە چوار لاوە ژمارەیەک گەریلای گولـلەرباران کردووە، لە ئەنجامدا پێنج گەریلا شەهیدبوون، گەریلایەک بەبرینداریی بەدیل گیراوە و گەریلایەکیش خۆی ڕزگار کردووە". 

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە، لە ڕاگەیەندراوێکدا وردەکاریی دیارنەمانى ژمارەیەک گەریلای لە خەلیفان بڵاوکردەوە و رایگەیاند" شەوی ٢٨ی ئاب، گروپێک گەریلا، کە لە حەوت کەس پێکدەهاتن، دەیانویست لە قەندیلەوە بچنە بادینان، دەوروبەری کاتژمێر ٢:٣٠ خولەکی نیوەشەو، کاتێک گەریلاکان ویستوویانە ئاوی زاپ تێپەڕێنن، ڕووبەرووی هێرشی هیزەکانی پارتی بوونەوە". 

هەپەگە ڕوونیشیکردەوە: بێ ئەوەی چەکدارەکانی پارتی، هیچ هۆشیارییەک بدەن، یان گولـلەی هۆشداریی بتەقێنن، ڕاستەوخۆ لە چوار لاوە گولـلەبارانیان کردوین، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا بە زانیاریی ڕوون، پێنج هەڤاڵمان شەهیدبوون، ئەگەری زۆر هەیە، هەڤاڵێکمان بە برینداریی دەستگیر کرابێت، هەروەها هەڤاڵ حەقی، کە یەکێک لە ئەندامانی گروپەکە بووە و شاهیدی ئەو ڕووداوەیە، توانیویەتی بە زەحمەتییەکی زۆر لەو هێرشە ڕزگاری ببێت و دوای ئەوەی گەیشتەوە لای هیزەکانمان، ڕووداوەکە لەزۆر ڕووەوە ڕوون بووەوە. 

لە ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگەدا ئەوەش هاتووە" پێشتریش بە گەلی کور د و رای گشتییمان وتووە، ئەو ڕووداوە بۆ دادوەریی و ویژدانی پارتی جێدەهێڵین، ئەوە راستیی دۆخەکەیە، دەبێت بۆ گەلەکەمان ڕوون بێت، ئەو ڕووداوە بەبێ هیچ هۆشدارییدانێک بە گەریلا و لەسەر بنەمای لەناوبردن پێکهاتووە". 

ئەوەشی خستەڕوو: ئاشکرایە کە بە ئامانجی دەرخستنی شەڕ لەناو کوردادندا ئەنجام دراوە، لەگەڵ ئەوەی دەزانن، کە ئێستا شەڕێک لەناو کورداندا دروستببێ، لە زیانی هەموو گەلی کورد دەبێت.


PM:02:04:03/10/2021