ئەمڕۆ چوار چالاکوانی تری بادینان دادگایی دەکرێن


بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە پرۆسەی دادگاییکردنی چالاکوانی دیکەی بادینان لەهەولێر بەڕێوەبچێت، ئەوان لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە تۆمەتی "تێکدان، ئاژاوگێڕی، ھەوڵی تیرۆر و تەقاندنەوە" دراوەتە پاڵیان و لەیەکەمین دانیشتنی دادگادا سەرجەم تۆمەتەکانیان رەتکردوەتەوە.

عەلی حەمە ساڵح لەپەیجی تایبەتی خۆی لەفەیسبوک بەدواداچونێکی لەبارەی دۆسیەی ئەو چالاکوانانە بڵاوکردوەتەوە ئاماژەی بەوەکردوە، "دوای 14 مانگ زیندانیکرن، سبەی دادگایی کردنی چوار لە چالاکوانانی بادینانە (مەسعود عەلی، شیروان تەھا ئەمین، بەندەوار رەشید و کارگەر عەباس)، پێشتر لە دادگا ئامادەبوم. بە وردی گوێم لەو تۆمەتانە گرت ئاراستەیان کرابو و تۆمەتبارکرابون بەوەی ڕێکخراوێکیان دروستکردوە بەناوی (حركە مستقبل)، ئەنجومەنی ئاسایش تۆمەتباری کردبون بەوەی ویستویانە تێکدان و ئاژاوگێڕی  بکەن و ھەوڵی تیرۆرو تەقاندنەوەو گروپی چەکدار دابنێن!،کوڕی سەرۆکی حکومەت و پارێزگار تیرۆر بکەن".

دەشڵێت، "بەڵام بچوکترین بەڵگە بۆ ئەم تۆمەتە نەبو چەکێک نەگیراوە، تەقەمەنیەک نەگیراوە، دانپێدانان و بەڵگەو شاھیدێک بونی نیە! بەشێکی دیکەی تۆمەتەکان ھەبونی پەیوەندی لەگەڵ د.بەرھەم ساڵح و مستەفا کازمی و پێدانی پرۆژە بە ئەمریکیەکان بوە !، تەنیا ھەواڵدەری نھێنی بەناوی ژمارە 33 ھەیە کەس نازانێت کێیە ڕاستە یان وەھمە، لە پێش دەستەی سەرۆکایەتی دادگای تاوان ئامادە نەبوە پرسیاری لێبکرێت".

عەلی حەمە ساڵح دەڵێت، "هیواموایە ڕێگا بدرێت ڕاستەوخۆ دانیشتنی دادگا بگوازرێتەوە وەک سەدام حسین ئەگەر بچوکترین بەڵگە ھەبو ئەم چوار کەسە تاوانێکیان کردوە، لەبری ڕەخنە دەستخۆشی لە دادگا دەکەین بەڵام دڵنیام لە بێتاوانیان، بۆیە ئەمڕۆ لەگەڵ پارێزەرە خۆبەخشەکان گفتوگۆی ئەم دۆسیەمان کرد، ھیوامان وایە سبەی دادگا بە دادپەروەرانە بڕیاری ئازادکردنیان بدات و چی دیکە کەس دەستێوەردان نەکات لە کاروباری دادگا".



AM:12:24:04/10/2021