بەرپرسێکی باڵای یەپەگە، پیلانێکی مەترسیداری نوێی رێککەوتنی هاوشێوەی عەفرین لەسەر رۆژئاوای کوردستان ئاشکرا دەکات.
نوری مەحمود وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل(یەپەگە) بە ئاژانسی ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: دەوڵەتی تورک بەتەنها لە ئازەربایجان و عێراق و لیبیا نەوەستاوە، بەڵکو دەیەوێت سنووری تورکیا تێپەڕێنێت و سەڵتەنەیەکی ئەردۆغانی بنیات بنێت.
وتەبێژی یەپەگە دەشڵێت " لە ناوخۆی تورکیا چەندین قەیران هەیە، ئۆپۆزسیۆنی تورکیا و گەلی تورکیا بە گشتیی دەیانەوێت سیستەمی فاشیست و جیهادیست بگۆڕن، بۆیە بۆ ئەوەی ئەردۆغان لەسەر پێ بمێنێتەوە تەنها سیاسەتی شەڕ پەیڕەو دەکات.
نوری مەحمود، دەشڵێت : مەترسییەک هەیە کە ئەردۆغان دۆخێکی شەڕ ڕابگەیەنێت تاوەکو دۆخێکی نائاسایی لەناوخۆی تورکیاش ڕابگەیەنێت، بۆیە لەدەرەوەی شەڕ شتێک لەدەستی دەسەڵاتی ئەردۆغان نەماوە.
لەبارەی هەڵوێستی حکومەتی سوریاش لەبەرامبەر هەڕەشەکانی ئەردۆغان و دەوڵەتی تورک، وتەبێژی یەپەگە ڕوونیکردەوە، کە حکومەتی دیمەشق لەبەرامبەر ئەم بەرپرسیارییەتەدا نییە، چونکە ناتوانێت بڕیاریکی سەربەرخۆ بدات و نایەوێت چارەسەریی بۆ دۆخی سوریا فەراهەم بێت، هاوکات حکومەتی سوریا لەژێر کاریگەری بەرژەوەندی ڕوسیا و ئێران مامەڵە دەکات.
بە وتەی نوری مەحمود، ڕوسیا هەنگاوێکی بەرچاوی بۆ دۆخی سوریا نەناوە، بەر لە بەرژەوەندیی گەلی سوریا، بەرژەوەندیی خۆی لەبەرچاو دەگرێت، مەترسیی و پێشبینی ئەوەش دەکرێت هاوشێوەی عەفرین ڕێککەوتنێک بکرێت.