بریكاری وەزارەتی پەروەردە لە پشكی گۆڕان: کشانەوە لە حکومەت هەنگاوێکی پەپۆلستی شکستخواردووە

بریكاری وەزارەتی پەروەردە لە پشكی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت" گۆڕان پێویستە هەنگاوی عەقڵانی و واقعی بنێت، دەرچوون لە حكومەت بەبێ لێكدانەوە و ناوتوێكردنی هەمەلایەنە، هەنگاوێكی پەپولستی شكستخواردووە". 
 
سەیوان عەلی بریکاری وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پشکی گۆڕان لە فەیسبوكی تایبەتی خۆی لەبارەی كشانەوەی گۆڕان لە حكومەت نوسیویەتی" پاش هەڵبژاردنەكانی ٢٠١٤ بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری لە حكومەتدا كرد، پاش ماوەیەك لە حكومەت وەدەرنرا، پاش هەڵبژاردنی هەرێم دووبارە بەشداربویەوە لە حكومەت، ئێستا داوا دەكرێت لە حكومەت بكشێتەوە، پێتان وانییە ئەم هەموو چوون و نەچوونە خەریكە بێتام دەبێت و گۆڕان وەك هێزیكی نامستەقڕ دەردەكەوێت، ئەم ڕاڕایی و باوەڕبەخۆنەبونە زیانمان پیدەگەیەنێت؟". 

ڕاشیگەیاندووە" وا ئەمڕۆیش كشاینەوە ئەی ساڵی داهاتوو چی بكەین؟ مەعقوڵە هێزێكی سیاسی ئۆپۆزسیۆنی ئەزەڵی و ئەبەدی بێت؟ لەوانەیە هەندێك كەس بڵێن كە من لە حكومەتدام بۆیە وادەڵێم، ئەو بۆچونە ڕاست نییە". 

بریکاری وەزارەتی پەروەردە لە پەیامەکەیدا ئەوەشی خستەڕوو: من ئەڵیم گۆڕان پێویستە هەنگاوی عەقڵانی و واقعی بنێت، دەرچوون لە حكومەت بەبێ لێكدانەوە و ناوتوێكردنی هەمەلایەنە، هەنگاوێكی پەپولستی شكستخواردووە، با وەك هێزێكی سیاسی كاریگەر ئاگامان لە هەڵسوكەوتەكانتان بێت، لەدەستدانی مسداقییەت گەورەترین كارەساتە.


PM:10:04:20/10/2021