بەفەرمانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم مانگێک زیاترە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی باڵا بۆ لێکۆڵینەوە لە کاروبارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی سلێمانی دروستکراوەو، ئەو لیژنەیە چەندین گەندەڵیان ئاشکرا کردووە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ماڵپەڕی " سپی " کەوتووە لیژنەکە کە لە سێ ئەفسەری پلە باڵا پێکهاتووە گەیشتوونەتە چەندان سەرپێچی یاسایی و، لەبەر رۆشنایی ئەو سەرپێچیانە فەرمانی دەستبەسەرکردنی سێ ئەفسەرەیان دەرکردووە.
لیژنەی لێکۆڵینەوە گەیشتوونەتە چەندان سەرپێچی جۆری ( تەزویر و ئیختلاس و شاردنەوەی مامەڵە و ونبوونی سەدان مامەڵەی هاوڵاتیان).
لە درێژەی ئەو سەرپێچیانەدا، وەک ماڵپەڕی " سپی " زانیوویەتی هەندێکجار لە رۆژانی پشوودا مامەڵە بەڕێکراوەو ئۆتۆمبیل تۆمار کراوە.
تا ئێستا لێکۆڵینەوە بەردەوامەو لیژنەکە تەواوی دەسەڵاتی دەستەبەسەرکردن و رووبەڕووی دادگایی کردنی هەیە.
بەپێی زانیاریەکانی " سپی " کە لە ناو بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی سلێمانیەوە پێی گەیشتووە، زۆربەی هەرە زۆری ئەفسەر و کارمەندانی ئەو بەرێوەبەرایەتییە، ئەو رێکارانەیان پێخۆشە و، داوا دەکەن ئەو کەسانەی گەندەڵیان کردووە رووبەڕووی دادگا بکرێنەوەو، بەهۆی ژمارەیەک گەندەڵکارەوە خزمەتی ئەوان بە هەدر نەڕوات.