هەپەگە: ٣٢٣ هێرشی کیمیاوی کراوەتە سەر گەریلا

ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە دەڵێت، سوپای توکیا لە ماوەی ٦ مانگی رابردوودا بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی ٣٢٣ جار هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانیان لە هەرێمی کوردستان. 
 
 باڵی سەربازی پەکەکەیە ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٤ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١  ئاماری ٦ مانگی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیای لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە. ئامارەکە رۆژانی ٢٣ی نیسان-٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ ی لەخۆدەگرێت.  
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە،: "ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا لە رۆژی ١٠ ی شوباتی ئەمساڵەوە لە ناوچەی چیای گارە و لە ٢٤ی نیسانەوە لە ناوچەکانی ئاڤاشین، زاپ و مەتین دەستی پێکردووە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامن". 
 
هێزەکانی پاراستنی پەگە باس لەوەش دەکەن "سوپای تورکیا لەو شوێنانەی نەیتوانیوە پێشڕەوی بکات چەکی کیمیایی بەکارهێناوە. لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا سوپای تورکیا بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی ٣٢٣ جار هێرشی کردووەتە سەر گەریلاکانیان لە نێو خاکی هەرێمی کوردستان". 
 
لە راگەیێندراوێکدا هەپەگە، لە ماوەی ئەو ٦ مانگەدا لە ئەنجامی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن سوپای تورکیاوە ١٠١ گەریلای هەپەگە گیانیانلەدەستداوە. 
 
هەپەگە ئەوەشی خستەرووو کە سەربازێكی سوپای تورکیا بە ناوی "سەزایی گونگۆر" کاتێک ویستوویەتی خۆی رادەستی گەریلا بکات، لەلایەن سەربازەکانی تورکیاوە کوژراوە. هەپەگە دەڵێت: "لەماوەی ٦ مانگی شەڕ و پێکدادانەکاندا ٦٧٠ سەرباز، گوندپارێز و چەکداری سەر بە بە تورکیا کوژراون".  


PM:07:23:24/10/2021