پزیشکەکەی مەلا بەختیار: سێ مادەی جیاواز لە جەستەیدا بووە، ٣ مانگ ژەهری پێدراوە



پزیشکە تایبەتەکەی مەلا بەختیار رایگەیاندووە" سێ ماددەی جیاواز لە جەستەیدا بووە، رەنگە ٣ مانگیش بە بەردەوامی ژەهرخوارووکرابێت".

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی رووداو کە لە ئەڵمانیا سازکراوە، دکتۆر زوها داژدلن، پسپۆری هەناو و گورچیلە لەبارەی تەندروستیی مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی راگەیاندووە" ناتوانن دیاری بکەن کەی مەلا بەختیار ژەهرخواردکراوە، بەڵام رەنگە ماوەی ٣ مانگ بە بەردەوامی ژەهری پێدرابێت".
 
دوای پشکنینەکان چەند جۆرە ژەهرێک لە جەستەی مەلا بەختیار بەدی کراوە، دکتۆر داژدلن لەوبارەوە دەڵێت" ٣ جۆرە ماددەی ژەهراوی لە خوێنی مەلا بەختیاردا هەن کە جیوە، ئەنتیمۆن و مسن."
 
ئەو پزیشکە ئەڵمانییە دەڵێت، چارەسەری پاککردنەوەی خوێنیان بۆ مەلا بەختیار کردووە و، پرۆسەی پاککردنەوەی خوێن گرنگە بۆ دەرهێنانی ماددەی جیوە لە جەستەیدا و لە چەند رۆژی داهاتوودا کۆتاییدێت. 

هەروەها دەشڵێت، "رێژەیەکی زۆری جیوە بە مەلا بەختیار دراوە.. بەڵام باوەڕناکەم کاریگەریی درێژخایەنی لەسەر جەستەی هەبێت".
 
بە وتەی داژدلن، لە سەرەتای چوونی مەلا بەختیار بۆ نەخۆشخانەکە تەندروستیی باش نەبووە و نیشانەکانی کێشەی گەدە، ریخۆڵە و قژڕووتانەوەی هەبووە و، دۆخی تەندروستیی مەلا بەختیار پێش چارەسەر و دوای چارەسەر دەکەنە راپۆرت.



PM:08:24:04/11/2021