پەروین بوڵدان: ئاشتییەکەی ئۆردوغان لەگەڵ کورد ساختەیە



هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان- هەدەپە رایگەیاند" ئەو بەناو پرۆسەی ئاشتییەی سەرۆك كۆماری توركیا باسی دەكات رەتدەكەینەوە و گرتنی سەركردەكانی هەدەپە و گۆرانی وتن بە زمانی كوردی لەلایەن ئەردۆغانەوە دووڕوویی سیاسیە".

پەروین بوڵدان، هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان- هەدەپە بە میدیاکانی راگەیاند "سیاسەتی دوژمنكارانەی پارتی داد و گەشەپێدان- ئەكەپە بەرانبەر ژنان و پارتەكانی ئۆپۆزیسیۆنی دیموكراتی و كورد، وایكردووە نەوێرن بچنە سەر شەقامەكان و راستەوخۆ قسە لە خەڵك بكەن".

بوڵدان باس لەوەش دەکات " ئەردۆغان ناتوانێ‌ رووبەڕوو لەگەڵ كوردان دابنیشێت و راستەوخۆ وتاریان بۆ بدات".

هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان- هەدەپە لە بەهای ئەو گۆرانی وتنەی رەجەب تەیب ئەردۆغانی بە زمانی كوردی كەمكردەوە و وتی "لە هەمان ئەو كاتەی گۆرانی بە زمانی كوردی دەڵێت، ئەردۆغان هێرش دەكاتە سەر ئیرادەی كورد و سیاسەتمەدارەكانی زیندانی دەكات بۆ ماوەی چەندین ساڵ".

پەروین بوڵدان لەسەر سیاسەتەكانی ئەردۆغان زیاتر قسەی كرد و وتی "حكومەتەكەی ئەردۆغان تەنانەت ئەو باخچەی منداڵانەش كە بە زمانی كورد فێردەكرێن، لەگەڵ دامەزراوەكانی رۆشنبیری كوردی دادەخات و ناوی كوردیی دوكان و بازاڕ و شەقامەكانیش دەگۆڕێت".



AM:11:45:12/11/2021