مەلا بەختیار: لەناو دەزگای زانیارییەوە ژەهرخوارد کراوم

‌مەلا بەختیار ئەندامى ئەنجومەنى باڵاى بەرژەوەندییەکانى یەکێتى
مەلا بەختیار ئەندامى ئەنجومەنى باڵاى بەرژەوەندییەکانى یەکێتى نیشتیمانی کوردستان کەمێک پێش ئێستا لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" لەناو دەزگای زانیارییەوە ژەهرخوارد کراوم"، بەبێ ئەوەی ناوی ئەو بەرپرسە بێنێ کە ژەهرخواردووی کردووە. 

بەیانی ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنەمەوانیدا لە شاری سلێمانی کە تا ئێستاش بەردەوامە مەلا بەختیار ڕایگەیاند" ژەهرخوارکردنی من لە دەزگای زانیارییەوە بووە".

هەروەها وتیشی" من پێش حوکمی دادگا ناکەوم و کەس تۆمەتبار ناکەم، تا ئەنجامی لێکۆڵینەوە دەردەچێت"، هاوکات جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، کە دەستبەرداری مافی یاسایی خۆی نابێت". 

مەلا بەختیار لە میانەی قسەکانیدا ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد" کە سەرکردایەتی نوێی یەکێتی بەرە و دۆخێکی خراپ بردووە و نزیکەی (٣٠٠) هەزار دەنگمان کەم کردووە". 

ناوبراو وتی" هەر لە دوای کۆنگرەوە ئێمە تەواوی دەسەڵاتەکانی خۆمان ڕادەستی ئەو سەرکردایەتییە گەنجانە کرد، بەڵام دەرکەوت ئەوان یەکێتییان بەرە و دۆخێکی خراپتر برد".

مەلا بەختیار ئەوەشی خستەڕوو: ئەم سەرکردایەتییە نوێییە (١١) هەزار پۆستی بەخشیوەتەوە، لە کاتێکدا من بەرپرسی بەشی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی یەکێتی بووم نزیکەی (٣٠)ی کادری یەکێتیم پێش خست. 

مەلا بەختیار وەک دوێنێ ئاماژەی بەوەکرد، دوای وەرگرتنی چارەسەر بەهۆی ژەهراویکردنیەوە لە وڵاتی ئەڵمانیا گەڕایەوە هەرێمی کوردستان. 

مەلا بەختیار سەبارەت بە ژەهرخواردكردنی ئەم پەیامەی ئاڕاستەی ڕۆژنامەنووسان کرد:

تاوانی ژەهراویكردنم لە بەرزترین ئاستی پزیشكیدا سلمێنراوە، بەندە لە مەرگی سەد لەسەد گەڕاومەتەوە، سەرەڕای ئەم تاوانە، پێشوەختە نەك كەس تاوانبار ناكەم، بەڵكو هەر تاوانبارێكیش لەم ڕێڕەوی لێكۆڵینەوەیەدا بشگیرێت، هەتا تاوانەكەی نەسەلمینرێت، بێتاوانە!

مافی حزبیی خۆمە یەكەمین لایەن چاوەڕوانیی لێكۆڵینەوەی لێبكەم، یەكێتییەكەی خۆمە، لەم دوو ڕۆژەدا نامە ئاراستەی مەكتەبی سسیاسی و سەركردایەتیی یەكێتی دەكەم، تا لیژنەی لێكۆڵینەوە بەسەرپەرشتیی باڵاترین پۆستی حزبی و پسپۆڕی شارەزا، بۆ ئەم كەیسە پێكبێنن.

دوای ئەم مافە حزبییە، هانا بۆ سكاڵای دادگای كوردستان، ئەگەریش پێویست بكات، بۆ هەر دادگایەكی دیكەش هانا دەبەم، بێگومان بە دەرەوەی وڵاتیشەوە.

ژەهراویكردنی بەندە، یان هەر هەڤاڵێكی دیكە، بە پرسێكی شەخسی نازانم، ئەگەر شەخسی بوایە، دەرگای لێبوردنم دانەخستووە! بەڵكو ئەم پرسە تاوانێكی سیاسی-حزبی پێشوەختە نەخشە بۆ كێشراوە، لێكەوتەكانیشی مەترسی گەورەیە لەسەر ژیانی حزبی و كۆمەڵایەتی و متمانەی سەركردایەتی یەكێتی لە ناوخۆ و دەرەوەی كوردستاندا. چۆن دەبێت لەناو پارتێكی سۆسیال-دیموكراتدا، كە نمونەی پارێزەی مافی مرۆڤ و مرۆڤایەتین، تاوانی وا ئەنجامبدرێ؟!

بۆیە هەر چەشنە بێدەنگبوون، یان كەمتەرخەمییەك لە ورد و درشتی كەیسی ژاراویكردن، كەمتەرخەمییە بەرامبەر پرنسیپێكی نێونەتەوەیی پارتە سۆسیال-دیموكراتەكان و چاوپۆشینیشە بەرامبەر تاوانێكی قێزەون.

چاوەڕوانم یەكێتی، بیسەلمێنێت، وەكو نەریت و مێژووی خەبات، بێبەرییە لەم تاوانە، ئەوپەڕی تێبكۆشرێ تاوانباران بەسزای حزبی و یاسایی بگەیەندرێن. كە لە دەرگای دادگای كوردستانیشمدا، دڵنیام دادوەرە بەڕێزەكان دەزانن، وەكو تاوانێكی سیاسی بێ پێشینە لەناو نەتەوەی كورد، مامەڵە لەگەڵ كەیسێكی یاسایی هەستیاردا دەكەن.


AM:11:17:14/11/2021