لە پاش ئازادبوونی (بەختیار سەعید) وردەکاری دەستگیرکردنی ئاشکرا دەکات

بەختیار سەعید هونەرمەندى شێوەکار لە بڵاوکراوەیەکدا هۆکاری زیندانیکردنى بۆ ماوەى (٢٥) رۆژ لە شاری سلێمانى ئاشکرا دەکات و دەڵێت" دۆسیەکەم کراوەتە دوو دۆسیە و بە کەفالەت ئازادکراوم".  

دوای ئازادبوونی بە بڕی پێنج ملیۆن دینار، بەختیار سەعید هونەرمەندی شێوەکار لە ڕاگەیەندراوێکدا لە ئەکاونتی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نوسیویەتی" كاتێك كەسێكی ناحەز بەكارو چالاكی دەكرێتە بەرێوەبەرو ناتوانێت هیچ نوێگەرییەك بكات، ئەوە دەكەوێتە دژایەتی قۆناغی پێش خۆی كە پڕ چالاكی بووە، ئەوەی بەرێوەبەری پێشووی شێوەكاری سلێمانی بەرامبەر بە من كردی و كۆمەڵێك تۆمەتی بۆ درووست كردم كە لەهیچیاندا سەركەوتوو نەبوو تا هاتە سەر چاپكردنەوەی هەردوو كوراسەی شێوەكاران (بەدیع باباجان، ئازاد شەوقی) كە بەرێوەبەرایەتی شێوەكاری سلێمانی كە ئەركی چاپی یەكەمی لە ئەستۆگرتبوو".

ئەوەشی خستەڕوو، لە ساڵی (٢٠١٣) لەسەر داوای خۆم پێشنیارم بۆ كۆمەڵگەی پەروەردەیی مارگرێت كرد كە ئایا ئەوان دەتوانن چاپی دووەمی ئەو دوو كوڕاسەیە لە ئەستۆ بگرنەوە، بە سوپاسەوە پێشنیارەكەیان وەرگرتوو، منیش وەكو داواكاری پێشكەشی بەرێوەبەرایەتی شێوەكاری سلێمانیم كرد و ئەوان لاری نەبوونی خۆیان لە رێگەی نامەیەكی رەسمی-ەوە نیشاندا بەبێ ئاماژە دان بە هیچ مەرجێك.

بەختیار سەعید ئاشکراشیکردووە، دواى زیندانیکردن، داواى بڕى (١٠) ملیۆن دینارى کەفالەت کراوە بۆ ئازادکردنم، سەرەڕاى دانانى پارەکە ئازاد نەکرام و دواتر داواى پێنج ملیۆن دینارى تر کرا بۆ ئازادکردنم بەکەفالەت تا رۆژى دادگاییکردن.  

دەقى بڵاوکراوەکە:  

بۆچی 25 رۆژ زیندانی كرام؟  

به‌ختیار سه‌عید  

له‌یه‌كێك له‌ نامه‌كانی تۆلستۆی كه‌ بۆ (ت. م. ینداروف)ی ناردووه‌ له‌ رۆژی 1//3/ 1886دا دەڵێت (هەموو كارتەكان لەدەستی كەسانێكن كە حەزیان بە كاركردن نییە) ئەم رستەیە رێك بەسەر مندا جێ بەجێ دەكرێت، كاتێك كەسێكی ناحەز بەكارو چالاكی دەكرێتە بەرێوەبەرو ناتوانێت هیچ نوێگەرییەك بكات، ئەوە دەكەوێتە دژایەتی قۆناغی پێش خۆی كە پڕ چالاكی بووە، ئەوەی بەرێوەبەری پێشووی شێوەكاری سلێمانی بەرامبەر بە من كردی و كۆمەڵێك تۆمەتی بۆ درووست كردم كە لەهیچیاندا سەركەوتوو نەبوو تا هاتە سەر چاپكردنەوەی هەردوو كوراسەی شێوەكاران (بەدیع باباجان، ئازاد شەوقی) كە بەرێوەبەرایەتی شێوەكاری سلێمانی كە ئەركی چاپی یەكەمی لەئەستۆگرتبوو بە سوپاسەوە، لەدوای ئەوەی بێ بەرامبەر هەردوو كوراسەكە لەسەر ئاستی باشوری كوردستان بۆ هەموو كتیبخانەكانی شارو شارۆچكەكان، پەیمانگەی هونەرەجوانەكان، كۆلیژەكانی هونەر، هۆڵەكانی كردنەوەی پیشانگە بێ بەرامبەر دابەشكراوە، كە مەبەست تیایدا ئاشناكردنی شێوەكارانی كورد بووە لە ناوەندەكانی خوێندن و ناوەندە ئەكتیچەكانی هونەری لەسەر ئاستی باشوری كوردستان كە دواتر بوونە سەرچاوەی دەیان نامەی ماستەرو دكتۆرا.  

لەساڵی 2013لەسەر داوای خۆم پێشنیارم بۆ كۆمەڵگەی پەروەردەیی مارگرێت كرد كە ئایا ئەوان دەتوانن چاپی دووەمی ئەو دوو كوڕاسەیە لە ئەستۆ بگرنەوە، بە سوپاسەوە پێشنیارەكەیان وەرگرتوو، منیش وەكو داواكاری پێشكەشی بەرێوەبەرایەتی شێوەكاری سلێمانی م كردو ئەوان لاری نەبوونی خۆیان لەرێگەی نامەیەكی رەسمی-ەوە نیشاندا بەبێ ئاماژە دان بەهیچ مەرجێك، منیش لەسەر هەموو نامەكە لە تاران بە كوالیتییەكی زۆر باش كوراسەكان چاپ كرانەوەو بڕی 20 هەزار دۆلار تێچووی چاپكردنەكە بوو كە هەریەكیان 1000 دانەی لێ چاپكرا بە كوالیتییەكی زۆر باشتر لە چاپی یەكەم و جارێكی تر ئەویش وەكو چاپی یەكەم نە نرخی لەسەر بوو نە بۆ فرۆشتن بوو بەڵكو زۆربەی بێ بەرامبەر دابەشگرا.  

ئەم بەرێوەبەرە چونكە چاوی ئەو سەركەوتنە باشەی كە كوراسەكان بەدەستیان هێنا هەڵ نەدهات هەربۆیە كەوتە نووسی شكاتنامەیەك لە من و زۆر دلسۆزانە بۆ خۆی بۆ هەولێروە بۆ خوی وەزیری رۆشنبیریی برد، دواتر دووجار لیژنە لە وەزارەتەوە هاتن و گفتووگۆمانكردو منیش رەزامەندییەكەم نیشان دەدان، بەڵام چونكە قەرەكە باش شێلرابوو منیش نەمدەزانی لەناكاو بە واژووی بەرێز وەزیری رۆشنبیریی لە ساڵی 2021دا لەبەشێكیدا هاتووە دەڵێت (بەختیار سەعید بە چاپكردنەوەی ئەو دوو كوراسەیە زیانی 17500 حەڤدە ملیۆن و پێنج سە هەزار دیناری لە وەزارەتی رۆشنبیریی داوە) بەبێ ئەوەی كە بزانن كە هەردوو كوراسەكە بۆ فرۆشتن نەبووەو ئەسڵەن نرخیان لەسەر نییەو ئاماژەكە بۆ ئەوەیە كە دەبێت من ئەو بڕە پارەیە بژمێرم.  

رۆژی 24/10/2021 لە بەرێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیریی و هونەری سلێمانی بووم سەراڵی پشتگیرییەك بووم بۆ یەكێك لە بانقەكان كە پارەیەكیان لا رابكیشم تا دووەمین فیستیڤاڵی فۆتۆگرافی كوردستان-ی پێ بكەم كە بریار بوو رۆژی 7/11/2021 ئەنجام بدرێت، لەناكاو دوو پۆلیس هاتن و هەوالی منیان پرسی وتم فەرموون وتیان تۆ ئەمر قەبزت هەیە، وتم بۆچی وتیان بۆ دەست پاكی لەناو هاورێكانمدا كە ئەو ناوە لەناو ئیمەدا زیاتر لە رووی دزی ئەوانەوە بەكاردێت لەگەڵ خۆیان بردمیان و كەلەپچەیان كردم و خستمیانە ناو سنوقی سەیارەكەیان بەرەو دادگا، كاتێك گەیشتینە ئەو ئەو حاكمە بەرێزەی كە ئەمر قەبزەكەی دەكردبوو بۆ خۆی رۆشتبوو تەنها ئەمری زیندانی كردنەكەمی دەركردبوو.  

لەو ماوەیەدا دووجار لە زیندانەوە بۆ دادگا بۆ وتە وەرگرتن بانگكرام و هاورێ و خوشكی خۆشەویستم (پەیمان عیزەدین) پارێزەرم بوو كە زۆر دڵسۆزانە هەوڵی دەداو زۆر ماندوو بوو، بەڵام ئەوەی جێی سەرسوڕماندن بوو نەمدەزانی بۆچی رۆژ لەدوای رۆژ كێشەكە گەورەتر دەكرێت.  

ئەنجام لەچەندین لاوە هاوڕێیان و هونەرمەندان و ژمارەیەكی زۆر لە دڵسۆزان لە هەوڵدا بوون تا دواجار داوای 10 ملیۆن دینار كرا وەكو كەفالەت كە پێشتر كەفالەتیان قبوڵ نەدەكرد، بەسوپاسەوە برای خۆشەویست رێبوار سەعید پارەكەی بردە دادگاو هەر لەهەمان رۆژدا قەزیەكە كرایە دوو قەزیەو من هەر لە زیندان هێڵرامەوە لەگەڵ ئەوەی 10 ملیۆن دینارەكەش دانرابوو.  

بەداخەوە وەزارەتی رۆشنبیریی هەموو ئەو كارانەی كە بەدرێژایی 25 ساڵی رابردوو ئەنجامم داوە نەیبینی كە چالاكییەكان سنوری هەرێمی كوردستان و كوردستانی گەورەو جیهانیشی تێپەڕاندووە، لەهەمانكاتدا ئەو پێداگرییە زۆرەی بەشی یاسای بەرێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیریی و هونەری سلێمانی لەسەر زۆر وردكردنەوەی كێشەكەو درووستكردنی كێشەی زیاتر كە نازانم بۆ حەزیان دەكرد من زیاتر لە زینداندا بمێنمەوە، بەهەر حاڵ هەموومان لەو ژیانەدا حەقی خۆمان وەردەگرین.  

بەشێك لەو چالاكیانەی كە وەزارەتی رۆشنبیریی نەیبینی !  

1-چاپكردنی 15 كتێب و كوراسەی شێوەكاری كە بۆتە سەرچاوە بۆ زیاتر لە 30 نامەی ماستەرو دكتۆرا.  

2-كردنەوەی زیاتر لە 300 پیشانگەی تایبەت و هاوبەش لەناو هەرێم و دەرەوەدا.  

3-درووستكردنی پردی پەیوەندی هونەری لەنێوان هەرێمی كوردستان و جیهان و كوردستانی گەورەدا.  

4-دامەزراندنی یەكەمین دیداری نێودەوڵەتی كارتۆنی كوردی.  

5- دامەزراندنی فیستیڤاڵی فۆتۆگرافی كوردستان.  

6- كاركردنم لەبواری رۆژنامەنووسی بۆ ماوەی 25 ساڵ.  

7- ئەوە من بووم لە ساڵی 2002دا بە مەبەستی سەردانی رۆژهەڵاتی كوردستان وەزارەتی رۆشنبیریی بڕی 7 ملیۆن دیناری بۆ دابینكردم لەدوای 27 رۆژ مانەوەم لە رۆژهەڵاتی كوردستان و كۆكردنەوەی زۆرترین زانیاری شێوەكاری، كە گەڕامەوە بری 3450000 سێ ملیۆن و چوار سەدو پەنجا هەزارم گێڕایەوە بۆ وەزارەت كە بۆم هەبوو هەمووی خەرج بكەم كە تا ئێستا هیچ كەسێك نییە بەو جۆرە كاری كردبێت.  

رۆژی 18/11/2021 بەهەوڵی كۆمەڵێك خۆشەویست ئازادكرام و دوای بڕی 5 ملیۆن دیناری تر كراوە بۆ قەزیەی دووەم تا رۆژی دادگایی كردنەكەم.  


PM:02:10:19/11/2021