سەندیكای رۆژنامەنووسان: هێمنی شار و گیانی میدیاكاران پارێزراو بن

لە بڵاوکراوەیەکدا لقی سلێمانی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان پەیامێكی ئاڕاستەی هێزە ئەمنییەكان و خوێندكارانی خۆپیشاندەر کرد و دەڵێت" هێمنی شار و گیانی میدیاكاران پارێزراو بن". 

لقی سلێمانی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە" لە دوو رۆژی رابردوودا و لەگەڵ خۆپیشاندانی خوێندكارانی زانكۆو پەیمانگەكان بۆ گێڕانەوەی دەرماڵەی بڕاویان لە ساڵی (٢٠١٤) وە، كۆمەڵێك رووداوی نەخوازراو بەریەك كەوتن روویدا كە میدیا كاران و كەلو پەلو پێداویستیەكانیان لەلایەن خۆپیشادەرانەوە شكێنران و هەندێكیشیان لەلایەن هێزەكانی ناوخۆوە دەستیان بەسەردا گیرا، ژمارەیەك لە كچان و كوڕانی پەیامنێرانمان بەركەوتەبوون بە گازی فرمێسك رێژ هیوای سەلامەتی و تەندروستی باشیان بۆ دەخوازین".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، لە سۆنگەی خەمخۆریمان بۆ هێمنی شارەكەمان و پاراستنی گیانی میدیاكاران و خۆپیشاندەرانی خوێندكاران، داواكارین جوانی و هێمنی شارو ئازادی وتن و بڵاوكردنەوە لەسەرو هەموو بەرژەوەندیەكەوە بێت و كەناڵەكانیش لەهەوڵی رووماڵكردنی راستەقینەدا بن نەك بە گەورەكردن و بچوك كردنەوەی روداوەكان.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا سەندیکای ڕۆژنامەنووسان داوا دەکات، کە هەر تیمێك دووچاری بەریەك كەوتن یان لێوەرگرتنی كەلوپەل دەبێت سكرتێری لق و ئەندامانی ستافی لقی سلێمانی ئاگادار بكات تا بەهانایەنەوە بچین، هێمنی شارو سەلامەتی ئەندامان و سەرجەم میدیاكاران كارو ئەركی سەرشانمانە. 


PM:05:05:23/11/2021