"کاتی ئەوە ھاتووە هەڵوێستی جەماوەر لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە وەك ئەركی لەپێشینە سەیربکرێن"

‌عوسمان حاجی مەحمود سەرکردەی دیاری باشووری کوردستان
عوسمان حاجی مەحمود، سەرکردەی دیاری باشووری کوردستان و یەکێک لە دامەزرێنەرانی بزوتنەوەی گۆڕان ڕاگەیەندراوێکی لەسەر دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و دەڵێت" کاتی ئەوە ھاتووە ھەڵوێستی جەماوەر لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە وەك ئەركی لە پێشینە سەیربکرێن". 

عوسمان حاجی مەحمود لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە" لە ماوەیەکی کورتدا سێ دەرکەوتەی جیاواز دەركەوتن و بەڵگەن بۆ ھەلوێستی زۆرینەی جەماوەر دەرهەق ئەقڵیەتی دەسەڵات و فۆرمی حوكمرانی ئەمرۆی هەرێمی كوردستان، بەشدارینەکردنی فراوانی خەڵک و سوتاندنی دەنگ و بایكۆتكردن لە دوا ھەلبژاردنەکاندا، ئەو رێژە فراوانە نارازییەی جەماوەری خستەروو كە هیچ ئومێدێكیان بە هەڵبژاردن نییە".

ئەوەشی خستەڕوو، پاش ئەوەش کۆچی بە کۆمەڵ و رووكردنە هەندەران و ژیانی نادیار، دەرخەری ئەوەیە چ ویستێكی بەهێز هەیە بۆ جێهێشتنی نیشتمان كە ئەویش بەرێژەیەكی زۆرهەر بەرئەنجامی ناعەدالەتی و ستەم وگەندەڵییە، هەروەها نائومێدییە بە حوكمرانی و بەڵینەكانی كەلەوانی دەبیستن. دواكردەش خۆ پیشاندانەکانی ئەم چەند رۆژەی خوێندکارانە بەو فراوانییەی بەشێكی زۆر لەشارو شارۆچكەكانی هەرێمی گرتۆتەوە.

لە بڵاوکراوەکەدا عوسمان حاجی مەحمود باسی لەوەشکردووە، ھەموو ئەوانە ئاماژەن بۆ ئەوەی کۆمەڵگە لە ئاستێكی فراوان لە شێوازی حوکمرانی و دەستەبژێری سیاسی باڵادەست نارازین و خوازیاری گۆرانكارین، بۆیە کاتی ئەوەھاتوە ئەوھەلوێستانەی جەماوەر لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە وەك ئەركی لە پێشینە و بە بایەخەوە سەیربکرێن و مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت و ببنە هۆی راچڵەكینیان و هەنگاوی كرداری بەدوادا بێت. 

دەشڵێت" ئەركی هەموو ئەوانەش كە بەخەمی وڵات و ئایندەی نەوەكانیانەوە پشتیوانی لە نارازایەتی مەدەنیانەی خوێندكاران بكەن بەمەبەستی بەپیرەوە هاتنی داخوازیەكانیان و جێبەجێكردنیان". 


AM:09:19:24/11/2021