بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێكی چێنراو حەوت پێشمەرگە شەهید بوون

بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراوی چەکدارانی داعش لە نزیک گوندی خدرجیجە لە سنووری قەزای مەخموور، حەوت پێشمەرگە شەهید بوون.

عەقید نەجات خولە، فەرماندە لە فەرماندەی هەولێری هێزی پێشمەرگە بە (رووداو)ی راگەیاند" لەسەر چیای قەرەچووخ و لە گوندی نازی کەند رائیدێک و نەقیبێکی پێشمەرگە لەگەڵ پێنج پێشمەرگەی دیکە لە کاتی هەوڵدان بۆ رێگری لە دەربازبوونی چەکدارانی داعش کە هێرشیان کردبووە سەر گوندی خدرجیجە، کەوتوونەتە بۆسەی داعشەوە و هەموویان شەهید بوون و تەرمەکان رەوانەی پزیشکی دادی هەولێر کراون". 
  
بە وتەی، نەجات خولە هەریەک لە" رائید نفی خولە، نەقیب فەخرەدین سەعید، کامەران پوشۆ، سەنگەر شەریف، شوکر ئەبوزێد،  یاسین محەمەد، نازم رەزا"، ناوی ئەو پێشمەرگانە کە لەهێرشەکەدا شەهید بوون". 
 
شەوی ڕابردوو ژمارەیەک لە چەکدارانی رێکخراوی تیرۆستی داعش لە سنووری قەزای مەخمور هێرشیان کردە سەر هەردوو گوندی (خدرجە و لاوەر)، بەهۆی رووبەڕووبوونەوەی دانیشتوانی گوندەکان لەگەڵ چەکدارانی داعش سێ برا کە ئەندامی یەک خێزان بوون شەهید بوون. هاوکات بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێکی پێشمەرگەش کە بریندارانی دەگواستەوە، پێشمەرگەیەک گیانی لەدەستدا. 


AM:08:23:03/12/2021